بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی ئاوی خواردنەوە ئازاری دانیشتوانی شاری حەسەکە زیاددەکات

حەسەکە-نۆرس پرێس

عەبدولرەزاق محەمەد، تەمەن 46 ساڵ، خەڵکی گەرەکی کەلاسە لە شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کورستان، سەرەڕای هەبوونی بیر لە حەوشەی ماڵەکەیدا، بەڵام بەهۆی سوێری ئاوی بیرەکەی، ناچارە مانگانە چوار جار ئاوی خواردنەوە بکڕێت بۆ چێشتلێنان و خواردنەوە، بە تێکرا نزیکەی 50 هەزار لیرە لە مانگێکدا بۆ کڕینی ئاو تەرخاندەکات.

هەندێک لە “خێرخوازانی” تاراوگە بڕە پارەیەکیان نارد بۆ ئەوەی بیرێکی ئاو لە شەقامی محەمەد هەڵکەندرێت، تاوەکو ئاوەکەی بۆ بەکارهێنانی شۆردن و پاککردنەوە و ئامێرە فێنککرەوەکان بەکاربهێنرێت.

محەممەد بە نۆرس پرێسی گوت: “ئێمە بە تەواوی بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنین و پرسی ئاو لەلایەن هەندێکەوە دەقۆزرێتەوە و نرخەکەی لە فرۆشیارێکەوە بۆ فرۆشیارێکی دیکە دەگۆڕێت.

 سەبارەت بە نرخ و تێچووی پڕکردنەوەی تانکی 5 بەرمیل  “1000 لیتری”، محمد گوتی: “هەندێک لە خاوەن تانکەرەکانی گواستنەوەی ئاو بە 10 هەزار لیرە پڕی دەکەنەوە، هەروەها هەندێکی دیکە داوای 12 هەزار لیرە دەکەن و نرخەکەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە لەکاتێکدا ئێمە لە هاوینداین و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی شەپۆلی گەرما، قۆستنەوەی پرسی ئاویش زیاتر دەبێت”.

محەمەد دەڵێت، بیرێک لەلایەن “خێرخوازێک”ەوە لە گەڕەکەکەمان هەڵکەندرا، بەڵام “سەرەڕای هەڵکەندنی بیرەکە و بەکارهێنانی ئاوەکەی بۆ مەبەستی پاککردنەوە، ناچارین لە مانگێکدا 4 جار ئاوی خواردنەوە بە 40 بۆ 50 هەزار لیرەی سوریی بکڕین، محەمەد داوای لە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و ئەو رێکخراوانە کرد کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، ئاوی خواردنەوە بۆ بۆ هاوڵاتییانی شاری حەسەکە دابینبکەن، چ لە رێگەی راكێشانی بۆری ئاوەوە بێت یان لە رێگەی دانانی تانکی ئاو لە گەڕەکەکان.

 ئیستغلالکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان

لای خۆیەوە سەعدون محەمەد، دانیشتووی گوندی مەجرجعی رۆژئاوای ناوەندی شار حەسەکە، دەلێت: “خاوەنی تانکەرەکان پێویستی دانیشتوان بۆ ئاو دەقۆزنەوە و ئیستغلالی رەوشی شاری حەسەکە دەکەن.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوت: داوامان لە خاوەن تانکەرەکانی ئاو کرد کە تانکیەکەمان لە گوندی مەجرجعی پڕ بکەنەوە کە نزیکەی 3 کم لێیەوە دوورە، کەچی داوای 14 هەزار لیرەی سورییان کرد بۆ هەر پڕکردنەوەیەکی تانکییەک کە 5 بەرمیل ئاو هەڵدەگرێت، بۆیە ناچار بووین بە هێنانەوەی تانکەکانیان بە ئۆتۆمبێلەکەمانەوە بۆ ناوەندی وەرگرتن و پرکردنەوەی تانکەرەکانی ئاو لە شارەکی حەسەکە، یەکەم رۆژ بۆ پڕکردنەوەی هەر تانکیەکی پێنج بەرمیلی 5  هەزار لیرەمان لێوەرگیرا، بەڵام رۆژی دواتر خاوەنی بیرەکان داوای 8 هەزار لیرەیان لێکرد”.

حسێن محەمەد (38ساڵ)، ئاوارەی عەفرینە، خاوەنی تانکەری فرۆشتنی و گەیاندنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ حەسەکە، بە نۆرس پرێسی گوت: تانکەرەکەم توانای هەڵگرتنی 40 بەرمیلی هەیە، لە ماوەی رابردوودا تەنها بە 5 هەزار لیرە ئاومان لە خاوەنی بیرەکان دەکڕی، بەڵام ئێستا بۆ پرکردنەوەی هەر تانکەرێک داوای 12 هەزار لیرە دەکەن.

جاران “محەمەد” و خاوەن تانکییەکانی دیکەم بۆ پڕکردنەوەی هەر تانکییەکی ماڵان 5 بۆ 7  هەزار لیرەیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا نرخەکە بەرزبووە بۆ 12 هەزار لیرە.

خاوەنی بیرەکان

هاوکات محەمەد سلێمان (33 ساڵ)، خاوەنی یەکێک لە بیرە ئاوەکانی خواردنەوە، گلەیی لە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی، هەروەها وەرگرتنی باجی مانگانە لە خاوەنی بیرەکانی ئاو کرد.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوت: “نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم بیرەم هەڵکەند، سەرەتا بە باشی کارەکانمان بەرێوەدەچوو، بەڵام چەند هەفتەیەک لەمەوبەر نرخی سووتەمەنی خزمەتگوزاری کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی خۆسەرەرە بۆمان بە 100 لیرە دابیندەکرا، بەرزکرایەوە بۆ 425 لیرە، پاشان داوامان لێکرا باجی مانگانە بدەین بە بری 550,000 لیرە، و شیکاری ئاو بە 300 هەزار لیرە، و ئێستاش داوای تۆمارێکی پیشەسازیمان لێدەکەن، کە نرخی لە نێوان 700 بۆ 800 هەزار لیرەیە “.

خاوەنی بیرەئاوەکان لە 29ی ئایاری رابردوو وەک ناڕازیبوونێک لە بەرامبەر بەرزکردنەوەی سوتەمەنی مانیان گرتبوو، بەڵام دوای 24 کاتژمێر،گەڕانە سەر کارەکانیان، و بریاریاندا نرخی تانکەرەی ئاو بەرزبکەن.