قامیشلۆ – نۆرس پرێس
توێژەرانی پرسی سوریا بە کۆی دەنگ هاوران لەسەر ئەوەی تورکیا کارتی ئاو بەکاردەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ لاوازکردنی و ناچارکردنی ملکەچکردنی، ئەمەش لەبەر چاو و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
لەو کاتەی تورکیا و گروپە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لە نەنقەرەوە نزیکن لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 دەستییان بە سەر ناوچەی سەرێ کانییدا گرتووە، بە مەبەست رێگری دەکات لەوێوە ئاوی پێویست بگاتە ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان.
زنجیرە پچرانی ئاوی وێستگەی “عەلووک” لە گوندەواری سەرێ کانی لەلایەن تورکیاوە، نزیکەی ملیۆنێک کەسی شاری حەسەکە و و ناوچەکانی دەوروبەری لە ئاوی خواردنەوە بێبەشکرد.
عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی ئاو لە حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ژمارەی جارەکانی برینی ئاوی وێستگەی عەلووک لە ساڵی 2023، 40 جاری تێپەراندووە، دوایین جار کە ئاوەکە بڕدرا بۆ ماوەی هەشت مانگ شاری حەسەکە بێ ئاو بوو.
شارێکی “کارەساتبار”
نیکۆلاس هاریس، نێردەی تایبەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، “تورکیا دەیەوێت زۆرترین فشار بخاتە سەر بەرێوبەرایەتی خۆسەر، ئاویش وەک کارتی فشار بەکاریدەهێنێت، چونکە دەیەوێت پاڵپشتی دانیشتوانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بۆ بەرێوبەرایەتی خۆسەر لاواز بکات، گوتی “تورکیا دەیەوێت بەرێوبەرایەتی خۆسەر ناچار بکات ملکەچی داواکارییەکانی بێت.”
دووشەممەی رابردوو، بەرێوەبەرایەتی ئاوی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە راگەیەندراوێکدا، شاری حەسەکە و گوندەکانی و کەمپی ئاوارەکانی وەک ناوچەیەکی “کارەسات” ناساند، چونکە بە چاوپۆشی رەوسیا و سوریا، تورکیا ئاوی شارەکەی بڕیووە.
هاریس ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا پێی وایە سنووردارکردنی بەردانی ئاو لە وڵاتەکەیانەوە بۆ سوریا “دەبێتە هۆی لاوازکردنی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، بەڵام رەنگە ئەمە ببێتە هۆکارێک کە ئەمریکییەکان ناچاربکات رێوشوێن دژی تورکیا بگرنەبەر”.
وێستگەی ئاوی عەلووک تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە بۆ دانیشتوانی شاری حەسەکە و شارۆچکەی تەل تەمر و گوندەوارەکانی دەوروبەری، ئەمە جگە لەوەی سەرچاوەی سەرەکی ئاوی تانکەرە بۆ کەمپەکانی هۆل، عەریشە، ئەلسەد و وەشۆ کانی، کە بە دەیان هەزار ئاوارە لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا لەو کامپانە دەمێننەوە.
عیزەدین ساڵح، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی “تازر” بۆ قوربانیان رایگەیاند، تورکیا ئەو شێوازانە بەکاردەهێنێت کە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان قەدەغەکراون، ئەم کارەی تورکیا پێچەوانەی بڕگەکانی یاساکانی مافی مرۆڤن، چونکە تورکیا 800 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە دەستراگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە بێبەشدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی هەر سنوورێک بۆ ئاو دەبێتە “تاوانی دژی مرۆڤایەتی”.
دانیشتووانی ناوچەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پەنایان بردە بەر هەڵکەندنی بیری ئاو، “ئاوەکەیان سوێرە و بۆ خواردنەوە گونجاو نییە”، لە شارەکە و دەوروبەری، ئەمەش بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی زەوی و بووە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.
جگە لەوەش، دانیشتووان پەنایان بردوە بەر ئاوی تانکەرەکان، بەڵام “ناسەلامەتە”، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی هەرس و حاڵەتی ژەهراویبوون و کۆلێرا و ئاوارەکانی ناو کەمپەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
فارس حەمۆ، پزیشکی دەمار لە نەخۆشخانەی شەعب لە حەسەکە رایگەیاند، نەبوونی سەرچاوەی ئاوی پاک و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس، حەمۆ ئاماژەی بەوەدا کە “بەهۆی نەبوونی شوێنگری باش و سەرچاوەی جێگیر قەیرانی ئاو دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی تەندروستی بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سکچوون و هەوکردنی ریخۆڵە و نەخۆشییەکانی دیکەی پەیوەست بە سەرچاوەی ئاوەکە”.
ئەو پزیشکە سەرهەڵدانی پەتاکانی وەک کۆلێرا بەدوور نەخستەوە کە ساڵی رابردوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بڵاوبوەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە “دۆخەکە خراپتر دەبێت ئەگەر ئاوی پاک لە سەرچاوەی پاک بۆ دانیشتووان دەست نەکەوێت”.
بەم دواییە نەخۆشی سورێژە و هەوکردنی ریخۆڵە لە شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری شاری حەسەکە بڵاوبووەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەکارهێنانی ئاوی تانکەرەکان.
لوئەی بەکر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی “لیکرین” لە تەل تەمر لە لێدوانەکەیدا بۆ نۆرس پرێس، رایگەیاند، “هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیانە گۆرانی کەشوهەوایە، خواردنی سەوزە کە بە دەرمانی قرکەر رشێنراون، جگە لە بەکارهێنانی ئاوی تانکی بەکارنەهێنراو بۆ خواردنەوە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە”.
تەنانەت کەرتی کشتوکاڵیش!
بەهۆی کەمی ئاوەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، هەروەها رێژەی رووبەری سەوزایی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کەمیکردووە..
دوێنێ چوارشەممە، شێخمووس دەروێش، پسپۆری جیۆلۆجی تایبەت بە ئاوی ژێر زەوی لە بەرێوەبەرایەتی ئاو رایگەیاند، “حەسەکە بە قەیرانێکی خنکێنەری ئاودا تێدەپەڕێت”.
لە کاتێکدا شارەکە پێویستی بە 80 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە لە رۆژێکدا، بەڵام بە گوتەی دەروێش ئێستا تەنها نیوەی ئەم برە لە رێگەی تانکەرەوە دەگاتە ئەو شارە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە نزیکەی ملیۆنێک کەس لە قەیرانێکی ئاوی خنکێنەر لە حەسەکەدا دەژین، ئەمەش بەهۆی کۆنترۆڵکردنەوەی وێستگەی ئاوی عەلوک لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
دەروێش پێی وابوو کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە رێگەی “دەستێوەردانی رێکخراوە مرۆییەکان و یونیسێف و خاچی سوور و نێوەندگیری رووسیادایە، بە بێلایەنکردنی وێستگەی عەلوک لە ململانێکان”.
دوریش گوتی، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەوڵێکی رووسی و رێکخراوەکانی مرۆیی هەبوو بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی عەلوک چارەسەربکرێت، “بەڵام بێ سوود بوو”.
دەروێش هۆشداریدا لە وشکبوونەوەی ئەو بیرە سەرزەویانەی کە ئاوی خواردنەوە بۆ حەسەکە و گوندەوارەکانی دابیندەکەن، پێشبینیش دەکات بیرەکان “لە ماوەی مانگێکدا” وشک ببنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی “کارەساتێکی مرۆیی “.
بەرێوەبەرایەتی ئاو پشت بە بیرە سەرزەویانە دەبەستێت لە گوندی “شموکە”، رۆژئاوای حەسەکە، هەروەها بەشێک لە بیرەکانی ناوچەی “نەفاش”، رۆژهەڵاتی شارەکە، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ناوچەکە لە رێگەی تانکەوە.
چارەسەر
عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوە دەڵێت: ” تاکە چارەسەر کە ئێستا لە بەر دەستمانە دابینکردنی ئاوە لە رێگەی تانکەرەکانەوەیە کە پێداویستییەکانی شارەکە ناگرێتەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی تانکییەکی ئاو لە 10 بۆ 15 هەزار لیرە بەرزبووە، ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە بارگرانی لەسەر دانیشتووان دروست دەکات.”
ئەو بەرپرسی بەرێوبەرایەتی خۆسەر بێدەنگی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە “پێشێلکارییە بەردەوامەکان” شەرمەزار کرد و رایگەیاند کە “تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی لە ماوەی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا”.
عیسا یونس دەلێت، یونیسێف چەند جارێک نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا کردبوو، بەو مەرجەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر هێڵێکی کارەبا بۆ وێستگەکە و ئەو ناوچانە دابین بکات کە تورکیا کۆنترۆڵی دەکات، لە بەرامبەردا ئەم دووەمیان رێگەی بە کارپێکردنی وێستگەی عەلوک بدات، بەڵام چەند جارێک لێکتێگەیشتنەکەی پێشێل کردووە. رۆژی چوارشەممە رۆستەم بەکر، هاوسەرۆکی لیژنەی شارەوانی و ژینگە لە حەسەکە رایگەیاند، پرۆژەی راکێشانی ئاو لە شاری عامودە بۆ حەسەکە لە ماوەی نۆ مانگدا تەواو دەبێت، ئەگەر کەرەستەی پێویست دابین بکرێت