نۆرس پرێس پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر سورییەکان بە بەڵگەدەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

بەشی بەبەڵگەکردن  لە نۆرس پرێس، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، کوژران و برینداربوون و دەستگیرکردنی سەدان کەسی تۆمارکردووە، وەک قوربانی پێشێلکارییەکانی تورکیا لە سوریا و ئەو پێشێلکاریانەش لە کوشتن و هێرشی بە ئەنقەستی دەرەوەی دادگا و دەستدرێژی و هێرشکردن بۆ سەر پەناخوازان، گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان لە سوریاوە بۆ نێو خاکی تورکیا، جگە لە بۆردومانەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری سوریاییەکان، وەک دروستکردنی نیشتەجێبوون لە سەر خاکی هاوڵاتیان و بڕینی ئاوی خواردنەوە لە سەر دانیشتوانی چەند ناوچەیەک.

لەو ماوەدا هێزەکانی تورکیا 574 کەسیان کوشتوە و بریندارکردوە، هەروها سەدان کەسیشیان دەستگیر کردووە.

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاماری کوژراوانی پەناخوازانی سوریا لە سەر دەستی هێزەکانی تورکیا گەیشتە 452 کەس کە 20یان منداڵ و 26 ئافرەتن، لەو ژمارەیەش 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 121 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها جەندرمەی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیا لەلایەن هاوڵاتیانی سوریاوە، توندوتیژی بەکارهێناوە لە ئەنجامدا 306 کەس بریندار بوون.

هاوکات جەندرمە 242 کەسی دەستگیرکردووە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە راگیراوەن، داواتر گەڕاندنەوە بۆ سوریا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی دەستگیرکردن و دەستدرێژی و زەوتکردنی دارایی بکرێنەوە لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لە ئەنقەرەوە نزیکن، دواتر لە بەرامبەر بڕە

پارەیەک ئازادکران.

گەشتێکی کوشندە

لە ماوەی شەش مانگی رابردوو، تورکیا 257 بنکە وشوێنی بە 1160 موشەک و تۆپ کردە ئامانج کە 37 لەو شوێنانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە کە 141 شوێنیان شوێنی نیشتەجێبوون بوون.

بەهۆی تۆپبارانەکەوە 122 کەسی مەدەنی و سەربازی بوونە قوربانی، کە 74 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسیش برینداربوون، لە نێو کوژراوەکاندا  15 کەسی مەدەنی بوون کە 5 ژن و منداڵێکیان تێدایە، هەروەها 25 بریندار هەبووە، لە نێویاندا کە 1 ژن و 4 منداڵن.

سەبارەت بە کوژراو و بریندارەکانی نێو هێزە ئەمنیەکاندا بەم شێوە بووە:

27 ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) گیانیان لەدەستداوە.

 8 ئەندام برینداربوون

لە هێزەکانی حکومەت 31 سەرباز کوژراون

 12 سەربازیش برینداربوون

لە هێزەکانی رووسیا سەربازێک کوژرا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات هێزەکانی تورکیا 305 سوورییان لە نێو ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵکراون یان لەسەر سنووری سوریا و تورکیا دەستگیرکران.

یەک ملیۆن کەس بێ ئاو بوون

سەبارەت بە پرسی بڕینی ئاوی خورادنەوە، عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی خواردنەوە لە حەسەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تورکیا زیاتر لە 40 جار ئاوی عەلوک لە سەرێ کانی کە ئاوی شاری حەسەکە دابیندەکات بڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتوانی حەسەکە و ئاوارەکانی سەرێ کانی بێ ئاو بمێننەوە.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، 54 وێستگەی ئاو لە کۆی 73 وێستگە بەدرێژایی کەناری ڕۆژئاوای رووباری فورات بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر بووە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بۆ ئاستێکی مەترسیدار و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوە هەبووە لە پارێزگاکانی حەسەکە، ڕەقە، دێرەزوور و حەلەب.

لە عەفرینیش، لە ساڵی 2020وە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاوی بەنداوی مەیدانێکی لە عەفرین راکێشاوە بۆ ریحانیە لە پارێزگەی هاتایی تورکیا، ئەمەش وایکردووە ئاستی بەنداوی مەیدانێکی بۆ نیو دابەزێت.

(ئۆردوگای نیشتەجێبوون) نیشتەجێبوونی نایاسایی

بەشی بەڵگەکردن و دوکۆمنێتکردن لە نۆرس پرێس، دروستکردنی 112 شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەی عەفرین بۆ کەسانی هاوردەکراو لە پارێزگەکانی حومس و حەما و گوندەوارەکانی دیمەشق، لەلایەن تورکیاوە تۆمارکردووە، تەنها لە نیوەی یەکەمی ساڵەکەدا و بە قۆستنەوەی هەلومەرجی دوای بوومەلەرزەکەی 6 شوبات، تورکیا پاڵپشتی دروستکردنی 10 شوێنی نیشتەجێبوون لە عەفرین کردووە کە زیاتر لە 2500 شوقە پێکهاتووە.

دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون (ئۆردوگای نیشتەجێبون) بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، کە دروستکردنیان لە ناوچە داگیرکراوەکان قەدەغە دەکات، وەک لە ڕێککەوتننامەی چوارەمی ژنێڤ قەدەغەکراوە، کە گواستنەوەی دانیشتوان قەدەغە دەکات و پاراستنیان لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و گۆڕانی دیمۆگرافی دەسەپێنێت، کە ئەمەش لە قەدەغە دەکرێت تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی بەو پێیەی پرۆسەیەکی سیستماتیکی و بەربڵاوە.