عەفرینی داگیرکراو.. ئەندامی گروپێکی سەر بە تورکیا دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر منداڵێک

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی پێشوو، ئەندامێکی گروپی چەکداری “نورەدین ئەلزەنگی” لایەنگری تورکیا لە گوندەواری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەستدرێژی سێکسی کردە سەر کچێکی منداڵ.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەو ئەندامەی گروپەچەکدارییەکە ناوی “محەمەد جومعە”یە، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کچێکی تەمەن 14 ساڵ لە گوندی جووەیق لە لگوندەواری عەفرین لە رۆژئاڤا، دوای ئەوە هەڵاتووە بۆ شارۆچکەی جندرێس بۆ ئەوەی لەوێ خۆی ونکات”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “منداڵەکە خاوەن پێداویستی تایبەتە، کە چەکدارەکەی سەر بە تورکیا بە زەبری  دەمانچە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر.”

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوچەکە ئاگادارکردنەوەیەکی ئەمنی بەخۆوەبینی بۆ دەستگیرکردنی ئەو ئەندامە، لەکاتێکدا گروپەکەی ئامادەنەبووە رادەستی بکات.

ماڵپەڕە ناوخۆییەکان کە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی عەفرین دەکەن، رایانگەیاندووە، ” تاوانبار محەمەد بارودۆخی باوکە نابینا و بەساڵاچووەکەی(93 ساڵ)  کچەکەی قۆستۆتەوە، هەروەها بارودۆخی دایکی کە تێکچوونی دەروونی هەیە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، “تاوانبارەکە پێشینەی تاوانکاری پڕ لە تاوانی هاوشێوەی هەیە لە گوندەواری رۆژئاوای حەڵەب”.

شاری عەفرین و دەوروبەری لە مانگی ئازاری 2018ەوە لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیادایە و لەوکاتەوە تا ئێستا بە دۆخێکی ئەمنی ناجێگیر و پێشێلکاری و تاڵانی و کوشتن و گرتندا تێدەپەڕێت.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی