پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوای كوردستان هێرشه‌كانی توركیا له‌ دژی هاوڵاتیانی سڤیل شەرمەزار دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای كوردستان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل شەرمەزار ده‌كه‌ن

له‌ ڕاگه‌یندراوێكدا ٣٣ لایەنی سیاسی ڕۆژئاوای كوردستان لە شاری قامشلۆ ڕایانگه‌یاند، تاوانەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک ئیرادەی سیاسی ئێمە تێک نادات.

هەروەها داوایان له‌ ویلایه‌ته‌ یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا کە ڕێککەوتننامەکانی ئاگربەست چالاک بكه‌نه‌وه‌ و بەردەوام نەبن لە چاوپۆشی له‌ تاوانه‌كانی تورکیا.

دەوڵەتی تورکیا لە تاوانەکانیدا پشت بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و منداڵان و ئیدارە خۆجێیەکان دەبەستێت، لە چوارچێوەی ئەو تاوانانەدا، شەوی ٢٠ی حوزەیرانی 2023، فڕۆکە بێ فرۆكه‌وانه‌كانی توركیا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری قامیشلۆ ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان کردە ئامانج، و به‌هۆیه‌وه‌ هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ یوسرا دەروێش و ٢ له‌ سه‌رنشینانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ شەهید بوون.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، سەرەخۆشی له‌ کەسوکاری شەهیدان کرا و بانگەوازی ئەمریکا کرا کە بێده‌نگ نه‌بێت له‌و هێرشانه‌.

نوێنەری پارتی نۆژه‌نی دیموکرات  له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، هەیفا مەحمود، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “لە ساڵی 2019 کە دەوڵەتی تورکیا شاری سه‌رێ كانیێی داگیرکرد، بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی دیكه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای هەڵبژاردنەکان تورکیا، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل زیادی كردووه‌، ئامانجی دەوڵەتی تورکیاش لەو هێرشانەش لەناوبردنی سیستمی پێكه‌وه‌ ژیانه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان”. “.

سێما به‌كداش، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات ڕایگەیاند، “بەهۆی بێدەنگیی هێزەکانی كاری گه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌ تورکیا هێرشه‌كانی زیاتر كردووه‌، بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئێمە وەک پارتی سیاسی هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین و ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین”.

سێما ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕۆژئاوای كوردستان، گەلەکەی بە خوێنی ڕۆڵه‌كانی پارێزران، دەوڵەتی تورکیا به‌و هێرشانه‌ ده‌یه‌وێت خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانیان ده‌ربكات”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمه‌ وەک لایەنە سیاسییەکان ئەم هێرشانە به‌توندی ئیدانە دەکەین”.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی – نه‌سرین قادر