تووشبووانی گورچیلە لە مەنبەج بەهۆی نەبوونی دەرمان دەناڵێنن

فادی ئەلحسێن – نۆرس پرێس

عەدنان کە ماوەی دوو ساڵە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری لە ژیانێکی سەختدایە، ئەمەش ناچاریکردووە پەنا بۆ نەخۆشخانەیەکی حکومی ببات بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

عەدنان حوسێن (47 ساڵ)، خەڵکی مەنبجە، تووشی نەخۆشی سستبوونی گورچیلە  بووە، ماوەی دوو ساڵە بە بەردەوامی شۆردنی گورچیلەکانی دەکات، بەڵام ماوەیەکە بەهۆی کەمی دەرمان و خراپی دۆخی نەخۆشخانەکانی حکومی، ناچاربووە لەپارەی گیرفانی خۆی شۆردنی گوورچیلەکانی بکات.

توشبووانی گورچیلە لە مەنبەج لە باکوری سوریا گلەیی لە کەمی دەرمان و پێداویستیەکانی شۆردنی گورچیلە دەکەن، لە کاتێکدا ئاستی پاڵپشتی رێکخراوە مرۆییەکان بۆ نەخۆشەکان دابەزیووە.

عەدنان ناچاربووە تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن لیرە (کە دەکاتە موچەی چوار مانگی فەرمانبەرێک) بۆ پرۆسەی شۆردنی گورچیلەکانی قەرز بکات، دواتر ناچار بوو بچێتە شاری رەقە یان تەبقە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

تووشبوانی نەخۆشی گورچیلە لە شاری مەنبەج داوا دەکەن کە دەرمان وئامێرەکانی شۆردنی گورچیلە لە نەخۆشخانەکانی مەنبجەوە دابین بکرێت و دەلێن تاکە داوکاریمان تەنها ئەوەیە.

عوش ئەحمەد (53 ساڵ) کە دانیشتووی مەنبەجە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، هەمان نەخۆشی عەنانی هەیە، بەهەمان ئازارەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی کە ناچارە دوو جار هەندێک کاتیش سێ جار لە هەفتەیەکدا بچێتە ناوەندی شۆردنی گورچیلە.

عوش بە نۆرس پرێسی رایگەیاند: “نزیکەی سێ مانگە هیچ کەرەستە و دەرمانێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی گورچیلە نەماوە” و بارودۆخیان لە پێشترەوە خراپتر بووە، تاکە هیوایی ئەوەیە وەک پێشتر دەرمان بەردەست بێت.

تووشبوانی نەخۆشی گورچیلە پێویستیان بە چەندین کەرەستە پزیشکی و دەرمان هەیە بۆ شۆردنی گورچیلەکانیان، بەڵام کەمترین خزمەتگوزاری پزیشکی لە نەخۆشخانەی فورات لە مەنبەج پێشکێشیان دەکرێت.

رێگایەکی دوور و درێژ

لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا “ئەحمەد” بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەر، پێشتر لە نەخۆشخانەکانی دیمەشق و مەنبەج چارەسەری وەردەگرت، بەڵام نەبوونی دەرمان ناچاری کردووە بچێتە نەخۆشخانەکانی حەلەب و رەقە.

عوش ئەحمەد بۆ هەر دانیشتنێکی چارەسەرکردن زیاتر لە 200 هەزار لیرەی سوری تەرخان دەکات، جگە لە کرێی هاتوچۆ، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی مەنبەج بەدەست کێشە ئابورییەکانەوە دەناڵێنن.

ئەو گلەیی لە دووری رێگای نێوان مەنبەج و رەقە و بەو پێیەی زۆربەی جار ناچاردەبات چەندین کاتژمێر لە نۆرەی شۆردنی گورچیلەدا چاوەڕێ بکات، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر ئامێرەکان هەیە.

هەروەها ئیبراهیم مامۆ (43 ساڵ) دانیشتووی شاری مەنبەج و نزیکەی ساڵ و نیوێکە بەدەست نەخۆشی گورچیلەیەوە دەناڵێنێت، گلەیی لە نەبوونی دەرمان لە بەشی نەخۆشی گورچیلەکان لە نەخۆشخانەی فورات هەیە، ئەمەش وایکردووە باری تەندروستیان بکەوێتە دۆخێکی مەترسیدار دا”.

ئیبراهیم بۆ نۆرس پرێس باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای نەخۆشییەکەیدا و دەستپێکردنی دانیشتنەکانی شۆردنی گورچیلە، کەرەستەکان بەردەست بوون، بەڵام ئەمڕۆ کەرەستەی نەماوە، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر کرد.

توشبوانی گورچیلە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەن بە کەرەستە و دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان پاڵپشتی نەخۆشخانەی فورات بکەن.

“ژمارەکە لە زیادبووندایە”

لای خۆیەوە ئەحلام ئەحمەد، بەرپرسی بەشی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فورات سەر بە لیژنەی تەندروستی لە مەنبەج دەڵێت، “نزیکەی 58 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فورات هەیە، زۆربەیان بەساڵاچوون، و ژمارەکە بەردەوام لە زیادبووندایە و “چارەسەر زۆربەی کات بەردەست نییە.”

بە نۆرس پرێس رایگەیاند تەنها 9 ئامێری شۆردنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فورات هەن، “کە چواریان بۆ هەوکردنی جگەرن”.

توشبووانی گورچیلە هەفتانە پێویستیان بە سێ دانیشتن هەیە، هاوکات چەندین تووشبووی نوێ سەردانی بەشی گورچیلە دەکەن، جگە لەو نەخۆشانەی کە لە ناوچەکانی دیکە سەردانیان دەکەن. ئەحلام ئەحمەد داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرێوبەرایەتی خۆسەر کرد، پەلە بکەن لە خەرجکردنی ئەو بودجەیەی کە بۆ نەخۆشخانەی فورات تەرخانکراوە، هەروها داوای لە و رێکخراوە مرۆییەکان پاڵپشتی زیاتر بدەنە بەشی شۆردنی گورچیلە.