لە بۆردومانێکی تورکیادا هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ گیانی لەدەستدا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی جەزیرەی رۆژئاوایی کوردستان رایگەیاند، لە بۆردومانێکی فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی تورکیا، چەند بەرپرسێکی بەرێوبەرایەتی خۆسەر گیانیان لەدەستداوە.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ، سێشەممە، 20ی حوزەیران، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە بەرێوبەرایەتی خۆسەر، لە گوندی بەیاندور لە رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، “یوسرا دەروێش” و هاوسەرۆکی “لیمان شوێش” و شۆفێرەکەیان، “فورات تۆما” گیانیان لەدەستدا، و هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆن قامیشلۆ “گابی شیمۆن”، برینداربوو.

ئەنجومەنی جێبەجێکار لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە” کە ” بەئامانجکردنی بەرپرسەکان هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە دەستپێکردنی دادگاییکردنی چەکدارنی داعش، ئەم هەنگاوەش بەدڵی تورکیا نییە، بۆ ئەوەی ئەو راستی و دروستییە شاراوانەی کە لە پشت رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە وەستاون دەرنەکەون و بە شاراوەیی بمێننەوە.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر  داوای لە “لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە گەرەنتی  ئاگربەستیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردووە، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و تیرۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا رابگرن”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تورکیا دەیەوێت “سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە داعش تێکبدات، ناوچەکە لە دانیشتوانی رەسەنی خۆی چۆل بکاتەوە و پرۆژەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر لەناوببات”.

لە ناوەراستەی ئەم مانگەوە تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر باکووری سوریا چڕتر کردووەتەوە، 35 جار ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریای بۆردومانکردووە، کە لە ئەنجامدا بە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە.