بەهزاد ئەحمەد
میدیای پیشەگەر چییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سەرەتا پێویستمان بەوەیە بزانین پیشە چییە؟
پیشە، بە واتای هەستان بەکارێک دێت لە لایەن کەسێک یان گروپێکەوە کە شارەزاییان لەو کارەدا هەیە، بەو مانایەی دەزانن چۆن چی پێویستە و چۆن دەبێت بە کارەکەیان هەستن، لەگەڵ بوونی بڕێک خۆشەویستی یان ئەڤین بۆ هەستان بەو کارە.
کاتێک کەسێک بتوانێت کارەکەی راپەڕێنێت و پیشەکەی وەک بژێوی ژیانی بەرێبکات، تەنها ئەمە بەس نییە، بەڵکو دەبێت عەشقی خۆی تێکەڵ بە کارەکەی بکات، هەر ئەم عەشقە سەرنجی وەرگرەکانی رادەکێشێت، چونکە هەمیشە ماماڵەی عاشق کە پیشەگەرە بۆ کارەکەی، کە مەعشوقەکەیەتی مامەڵەیەکی گونجاو و کەم هەڵەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەمن ئەوانەی دەتوانن لە کارەکەیاندا ئەم دۆخە وەرگرن، لەبەر ئەمە لە هەر وڵاتێکدا، تەنها چەند کەسانێک هەن کە بتوانن بەتەواوی بۆ چەند کارێکی دیاریکراو بگونجێن.
کاتێک وڵاتێک هەمووی دەبێت بە میدیاکار و رۆژنامەنووس، ئیتر ئەوە گومان هەڵناگرێت کە کەسیان ناتوانن پیشەییانە کار بکەن.
وردەکاری هەر پیشەیەک، پڕە لە چەندین پرەنسیپ، نهێنی و شیوازی بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ کەرەستەکانی کارەکە، کە ئەمانە مەحاڵە بە بێ وەرگرتنی ئەزموون و فێربوون، دەستەبەر بکرێن.
ئەمڕۆ لە دونیادا، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە خەمی پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروستیان هەیە، مرۆڤ فێری پیشە دەکرێت، پیشەیەک کە بە هەڵبژاردنی خۆی و بەگوێرەی توانا و حەزی ئەو بۆی، هەڵیدەبژێرێت.
بە گوێرەی ئەزموونەکان، هەمیشە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی باش، کار و پیشەیەکی باشی لێ دێتە بەرهەم.
ئەگەر ئەم مەرجانە بۆ هەر جۆرە پیشەیەک گرنگ بن، ئەوا لە کاری میدیایدا دەبێت بەزاندنیان هێڵی سوور بێت.
میدیا لە هەموو کۆمەڵگایەکدا کۆڵەکەیەکی سەرەکی پەروەردەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، بە هەموو جۆرەکانی پەروەردە و پێگەیاندنەوە.
تەنها بوونی میدیایەکی باش، کە زمانێکی پیشەییانەی تێدا بەکاردێت، بەسە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک زمانی دایکی خۆی بە جوانی و بێ هەڵە بەکار بهێنێت.
لە بری سەدەها میدیای بێ سەروبەرە و قەرەباڵخی وشە و جێبەجێکاری ئەجێندای سیاسی تاکە کەسی و تاکەحیزبی و قۆرخکاری سەرچاوەکانی ئابووری، بوونی تەنها یەک میدیا بە پرەنسیپێکی کوردی و نیشتیمانی، بێ ئاراستە و ئەجێندای ئەم و ئەو، میدیایەکی پیشەگەر بەسە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەک تێبگەێنیت کە چی بووێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکرێت.
مایەی داخە ئەوەی لە گۆڕەپانی رۆژنامەوانی و میدیایی کوردیدا ئەمڕۆ روودەدات هیچ نییە جگە لە پاشاگەردانییەک، کە خوا دەزانێت کۆمەڵگای کوردی بەرەو چی شیواندێک دەبات و چی ئایندەیەکی لێڵ چاوەڕێی نەوەکانی داهاتوومان دەکات! ئەمەش سەرەتاکانی دەرکەوتوون، دەبینین کە خەمی وڵاتێک لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ و پاش ماستەر و پاش دکتۆراکانیانەوە، چۆن بووە بە خەمی وەرگرتنی بڕوانامە و پۆست و پێگەی کۆمەڵایەتی…
میدیا کوردی بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەمڕۆ نەک هەر بەلای پیشەگەریدا ناڕوات و رەچاوی پرەنسیپەکانی رۆژنامەگەری ناکات، بەڵکو لە نوکتەیەکی بێتام دەچێت کە وامانلێدەکات بە بێعەقڵی نوکتەچییەکەی پێبکەنین، بەمەش میدیاکارەکانمان خۆیان خۆشحاڵ دەبینن کە توانیویانە بمانخەنە پێکەنین.
بوونی لەشکرێک لە میدیاچی و سۆشیاڵمیدیاچی و ئاژانسی “وەرە کۆمێنت” مەگەر هەر خودا بزانێت ئایندەی میلەتێک بەرەو کوێ دەبات، میلەتێک کە خۆی لەناو پەلەقاژێی زوڵم و غەدری ئەم جیهانەدا بە بێ وڵات، دەستەوەستان بەدیار هەواڵە بە زۆر بەکۆمیدیکراوەکانی “میدیای ئەمڕۆیی کوردی”ەوە جۆشداماوە.
بوونی ئەم فرەییە لە هەموو شتەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا، بە پارتی سیاسی و ئاژانس و میدیا و قسەکەرەوە، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ فرەڕەنگی و دیموکراسی، بە قەد ئەوەی پاشاگەردانییەکی بێمانا و بێهودەیە.
جگە لەو هەمووە ملیۆنان دۆلارەی لەم بوارەدا بەفیڕۆ دەدرێن، نەوەیەکیش پێدەگەێنن کە تەنانەت زمانی دایکی خۆشیان فێرنابن!
ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو جوێن و رشانەوە بێمانانەی بە ناوی رەخنەوە بە کۆمەڵگای ئێمە دەفرۆشرێتەوە.
هەموو ئەمانە دەمانخەنە بەردەم لەپێشینەترین کار، کە پێویستە بەزووترین کات ئەنجام بدرێت، ئەویش پێگەیاندنی میدیاکاری پیشەگەر و وەرگرتنەوەی ئەو پیشەیە لەوانەی کە هێشتا سەرەتاکانی کاری رۆژنامەگەری نازانن، رێکخستنی کاری میدیایی و رێگەنەدان بە دەرچوون لە پرەنسیپەکانی کارەکە و پرەنسیپە نیشتیمانییەکان.
ئەمەش پێویستی بە توانایەکی بەهێزە لە لایەن حکومەتەکانمانەوە و لە رێگەی تۆکمەکردنی سەندیکاوە و بەپیشەیی کردنی کاری رۆژنامەگەری.
ئەگەر ئەمە نەکرێت، خوا دەزانێت چی ئایندەیەک چاوەڕێی نەوەکانمان دەکەن!