دوابەدوای کوژرانی سەرکردەکانیان..
هۆشداری لە سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی داعش و ئەلقاعیدە

هەولێر – نۆرس پرێس

توێژەران پێیان وایە ئەو لێدانە یەک لە دوای یەکانەی سەرکردەی ڕێکخراوەکانی “داعش و ئەلقاعیدە”یان پێ کوژرا، بە مانای کۆتاییهێنانیان نییە، بەڵکو ئاستی هۆشداریی تۆڵەسەندنەوەکان بەرزتر دەکاتەوە، سەرەڕای جیاوازی هێز و جیاوازی لە میکانیزمی هەڵبژاردنی خەلیفەدا.

ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنانەی سەرانی دەوڵەتی ئیسلامیی “داعش” یان لەناوبرد و لەم دواییانەشدا ئەو گورزەی لە ئەلقاعیدە وەشێنرا، بە کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەکەی، ڕەنگە لەڕووی شکاندنی مۆڕاڵیانەوە کاریگەری لەسەر هێزی ئەو دوو ڕێکخراوەدا هەبێت.

بەڵام هۆشدارییەکان بەردەوام باس لە مەترسییەکانیان دەکەن، هەروەها گەشەی نەوەیەکی نوێ کە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە بە چالاکیەکانیان دەدەن.

سەرکردە لەدوای سەرکردەی داعش بە هۆی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا و فڕۆکە ئاسمانییەکانەوە کوژران کە زۆربەیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بوون.

بەڵام  ئه‌لقاعیده‌، یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ كابولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی ئاسمانی ئه‌مریكا، سەرکردەکەی لەدەسدا، ئه‌مه‌ش دوای زیاتر له‌ 10 ساڵ له‌ كوژرانی ئوسامه‌ بن لادن، کە له‌ پاكستان كوژرا.

ئۆپەراسیۆنەکانی لەناوبردنی سەرکردەکانی داعش بە كوژرانی سەرۆكی رێكخراوەكە، “ئەبوبەكر بەغدادی” دەستی پێکرد، كە لە ساڵی 2014 خەلافەتی بەسەر ناوچە بەرفراوانەكانی عێراق و سووریادا راگەیاند، ئەویش بە بۆردومانێکی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا ساڵی 2019 لە ئیدلب، هاوكات بوو لەگەڵ داڕمانی ئەو ڕێکخراوە لە سوریا بە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

خەلیفەی جێنشینی بەغدادی بۆ سەرکردایەتی ئەو رێکخراوەدا، “ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی”، رۆژی 3ی شوبات، لە شارۆچکەی عەتمە، لە پارێزگای ئیدلبی سووریا کوژرا.

دواتر لە 12ی تەمموزدا ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لە عەفرین بەڕێوەچوو، لە هێرشێکی ئەمریکادا کە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا، بووە هۆی کوژرانی ماهر ئەلعەقال پێنجەمین سەرکردەی دیاری ڕێکخراوەکە.

ئەو دوو رێکخراوە (داعش و ئەلقاعیدە) بەردەوامن لە گۆڕانی پێکهاتەیان و دانانی سەرکردەی نوێ و گۆڕینی بەردەوام دوای کوشتنی هەندێک لە سەرکردەکانیان یان دەستگیرکردنی هەندێکی تریان.

مستەفا ئەمین ، توێژەرێکی میسرییە لە کاروباری گروپە توندڕەوەکاندا، ، پێیوایە “بەگشتی ئامادەکاری ڕێکخراوەیی بۆ خەلافەت هەیە و ئەمەش زۆربەی ڕێکخراوە جیهادییەکانی وەک، داعش، ئەلقاعیدە، تەنانەت ئیخوان موسلمینیش، دەگرێتەوە و نەوەی نوێتریش بەڕێوەیە”

جیاوازی لە میکانیزمی هەڵبژاردنی خەلیفەکان

هەمان توێژەر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ هیچ ئاستەنگیەک لەبەردەمیان نییە بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو یان قه‌یرانیان له‌ ئاماده‌كردنی سه‌ركرده‌ی نوێدا نییه‌.

ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، ” سەبارەت بە ئەلقاعیدە، رەنگە دۆخە خراپەکەی پاڵی پێوەبنێت بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ، یان لە ئێران یان لە ئەفغانستان و ئەمەش کاتێکی دەوێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رێکخراوەکە بەدەست خراپبوونی پێگەی جیهادییەکەی لە جیهاندا و دابەزینی بۆ دووەم، دوای داعش، دەناڵێنێت.

ئەو توێژەرە لە کاروباری ئەم گروپە توندڕەوانەدا پێیوابوو، “بە ئەگەری زۆرەوە و بە کۆدەنگی سەرانی ئەلقاعیدە (سەیف ئەلعەدل) هەڵدەبژێرن وەک سەرکردە، واتە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت”.

دوایین هۆشداری لە تۆڵەسەندنەوەکانی قاعیدە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە کە ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە لە ئەگەری زیاتری توندوتیژی دژ بە ئەمریکا، ئەویش وەک وەڵامدانەوەی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری لە 31ی تەمموزی 2022 دا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو زانیارییانەی ئێستا لەبەردەستدایە ئاماژە بەوە دەکەن “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوامن لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە چەندین ناوچەی جیهاندا.

بەو پێیەی زۆرجار هێرشەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە ڕوودەدەن، بەپێی وەزارەتەکە “بە توندی” داوا لە هاوڵاتیانی دەکات “ئاستێکی بەرزی وریایی” بپارێزن.

ئەم هۆشدارییە تاڕادەیەکی زۆر “داعش” دەگرێتەوە، کە بە یەکەمینی رێکخراوە توندڕەوەکان لە جیهاندا دادەنرێت، بە تایبەت و بە گوتەی “ئەمین” نەوەیەکی گەورەی هەیە کە بە قەبارەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەتەوە.

وتیشی، داعش هیچ گرفتێكی نەبووە لە هەڵبژاردنی سەركردەیەكی نوێ، “بەڵكو نەوەی یەك لە دوای یەكی سەركردەی هەیە، تەنانەت دوای كوژرانی دوو سەرکردەکەی لە ئیدلب، ئەنجومەنی شورای رێكخراوەكە كۆبوونەوەیەكی خێرای ئەنجامدا بۆ ئەوەی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی وەك سەرکردەیەکی نوێ هەڵبژێرێت.

توێژەرە میسرییەکە  ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش توانای دۆزینەوەی سەرکردەی نوێی هەیە، چونکە “ڕێکخراوترە” لە “ئەلقاعیدە”، هەروەها تۆڕێکی ئاڵۆزی ئەختەبوتی هەیە لە شوێنکەوتووان و “بەیعەت” دەر و بزووتنەوەی بچووک و گەورە وەک لقەکانی لە ئەفریقا، خوراسان، عێراق و سووریا.

داعش “مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرکردە بەربەستی بۆ دروست ناکات، تەنانەت ئەگەر ئەبو حەسەن ئەلهاشمی بکوژرێت، و ئەمەش قورس دەبێت، بە گوتەی “مستەفا”، چونکە کەسایەتییەکەی نادیارە و ناڕوونە و زانیاری لەسەری کەمن،  دوای ئەویش ” کارەکتەرێکی نوێ ئامادە دەکرێت”.

ئەمین ڕوونیشی كردەوە كە قاعیدە بە پێچەوانەی داعشەوە بەدەست كێشەیەكەوە دەناڵێنێت لە هەڵبژاردنی سەركردەیەكدا، “هەمیشە كەسایەتییەكی ناسراو هەڵدەبژێردرێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە (سەیف العادل) ئەو کەسە دەبێت ، باسی ئەوە ناكەین كە كێشەی هەیە لە كۆنتڕۆڵكردنی لقەکانی بە تایبەت دوای کوشتنی زۆربەی سەرکردە کاریزماتیکەکانی ڕێکخراوەکە، دواهەمینیان ئەلزەواهیرییە، پاش ئوسامە بن لادن، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات سەرکردەی نوێ ڕادەگەیەنێنن”

ئاگادارکردنەوەکان

ڕەنگە ئەو شوێنەی کە سەرکردەکانی داعش تێیدا کوژراون، هاوبەشی جوگرافیای لەگەڵ لقی پێشووی قاعیدە، جەبهەت ئەلنوسرە، بهێنێتە یادمان، ئەمەش وادەکات جیاکردنەوەی چالاکییەکانیان قورس بێت، بەبێ گوێدانە میکانیزمەکان.

داعش مەترسییەکی گەورە لە سووریا و عێراق دروست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی چالاکیی بەردەوامی لە ناوچە جیاجیاکانی نێوان هەردوو وڵات، لە هەمان کاتدا گەورەترین مەترسی “کامپی هۆڵ”ە ، کە رەنگە نەوەیەکی گەنجی ڕێکخراوەکە پێبگەێنێت.

لەژێر رۆشنایی بەڵێنە بەردەوامە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە و پشتیوانی لە هێزەکانی دژبەری لە سووریا و عێراق، سەرکردە عێراقییەکان و سەرکردەکانی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی مەترسییەکانی داعش، بە تایبەت لە ئاستی ئایدیۆلۆژییدا بە لەدایک بوونی نەوەیەکی نوێی داعش لە کامپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان.

دوێنێ پێنجشەممە، جەیمس هێبی، وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی پێشمەرگە لە بەریتانیا رایگەیاند، “داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە و جیهان دروست دەکات”.

مانگی رابردوو، یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا، كامپی هۆڵی لە سووریا بە “بۆمبی ئەتۆمی” ناوبرد، و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەنگاوی راستەقینە بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیە “مەترسییدارە”

ئاماژەی بەوەشدا كە كامپی هۆڵ، ژن و منداڵی تێدایە كە رێکدەخرێن و ئامادە دەکرێن، واتە “سەرچاوەی نەوەیەكی نوێیە كە دەیان جار لە داعش توندترە”.

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە تۆڵەکردنەوە، هەرچەندە سەبارەت بە قاعیدە دوای کوژرانی ئەلزەواهیری سەرکردەکەی دەرکرابوون، بەڵام ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ترسی ئەوەی هەیە هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری سووریا دەرفەتی ئەوە ببەخشێت بە ئەندامانی داعش کە جارێکی دیکە خۆیان ڕێکبخەنەوە.

بڕینی چاوگی تیرۆر

عەلی ئەلبەیدار، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی دەڵێت، وشککردنەوەی سەرچاوەکانی تیرۆر بە کوشتنی سەرکردە دیارەکانی ناو رێکخراوە توندڕەوەکان روونادات، بەڵکو هۆکاری تر لە پشت مانەوەی توندڕەوی هەیە، لەوانە نادادپەروەری، هەژاری، پەراوێزخستن و چەندین هۆکاری هزری.

ئەلبەیدار ئاماژەی بە پاشهاتەکانی کوشتنی هەر سەرکردەیەک کرد، کە بریتییە لە “سەرهەڵدانی سەرکردەیەکی نوێ، یەکەم شت کە بیری لێدەکەنەوە تۆڵەکردنەوە و سەلماندنی بەها و ئامادەبوون و توانای سەرکردایەتیکردنی خۆیەتی.

ئەلبەیدار کاریگەریی کوشتنی ئەیمەن زەواهیری لەسەر ڕێکخراوەکەی بە کەم زانی، کە بە بڕوای ئەو تا ئەو کاتەی زەمینەی بۆ ساز بکرێت، بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی.

ئەلبەیدار دەشڵێت: كوشتنی ئەلزەواهیری مانایەكی ئەوتۆی نییە، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا لە سەرەتای نەوەدەكانی تەمەنیدا بووە، بوونی ئەو بارگرانی بووە لەسەر ڕێكخراوەكە، چونكە عەقڵیەتی كلاسیكی هەبووە.

و ئاماژەی بەوەدا “قاعیدە دەزانێت کە پێویستی بە عەقڵیەتێکی دینامیکی هەیە تا مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات و بتوانێت بجوڵێت، پەیوەندی بکات، بگوازێتەوە و تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەکاربهێنێت، کە هەموو ئەمانە لە دەرەوەی بازنەی کارەکانی ئەلزەواهیری بوون، بۆیە ڕەنگە نەهێشتنی ئەو زیاتر نەبێت لە نمایشێکی مۆڕاڵی دژ بەم گروپانە”