هەڕەشەکانی تورکیا دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە کەرتی خانوبەرە بە رێژەی 40%
کۆبانی – نۆرس پرێس
حەموش هەمزە تەمەن 37 ساڵە و دانیشتووی شاری كۆبانییە، خاوەنداریەتی پارچە زەوییەک دەكات لە نزیك شارەكە و دایناون بۆ فرۆشتن، بەڵام ناتوانێت كڕیاری بۆ بدۆزێتەوە.
ئەو پیاوە ساڵی 2017 پارچە زەوییەکی کڕیبوو بە قەبارەی 328 مەتر چوارگۆشە، بە نرخی 42 دۆلار بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک، دوو هەفتە دوای کڕینی، 50 دۆلاریان پێدا بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک لەوکاتەدا ، بەڵام نەیفرۆشت.
ئێستا، دوای هەڕەشەكانی توركیا، هەمزە زەویەكەی بۆ فرۆشتن بە 15 دۆلار بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەك داناوە، “بەڵام كەس نایكڕێت”.
وهك ههموو كهرتهكان، ههڕهشهكانی توركیا بۆ دهستپێكردنی ئۆپهراسیۆنی سهربازی له رۆژئاوای کوردستان كاریگهری لهسهر جموجۆڵی كڕین و فرۆشتنی خانوبهر له كۆبانی داناوە، چونكه بازاڕەکانی كڕین و فرۆشتن به تهواوی وهستاون، ئهمهش بووەتە هۆی دابهزینی نرخی خانووبهره بهڕێژهی زیاتر له 40%، بەپێی وتەکانی بازرگان و خاوەن نوسینگەکانی خانوبەرە لە کۆبانی.
هەروەها کرێچیەکان داوای گرتنی خانوو دەکەن بە مانگانە لەبری ساڵانە.
محەممەد شێخو تەمەن 40 ساڵ كە خاوەنی نوسینگەی كڕینی خانووبەرەیە لەشاری كۆبانی دەڵێت، ماوەی سێ مانگە جوڵەی كڕینی خانووبەرە لەو شارە بەتەواوەتی راگیراوە ” ئەوانەی دێنەنوسینگەکان دەیانەوێت موڵكەكانیان بفرۆشن”
ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر یەک مەتر چوارگۆشە خانووبەرە لە کۆبانی پێشتر 450 دۆلار بووە، بەڵام لە ئێستادا کەس بە 200 دۆلار نایکڕێت.
ئەو شوقەیەی پێشتر بە 20 بۆ 25 هەزار دۆلار فرۆشراوە، لە ئێستادا بە 15 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت و کەسیش نایکڕێت، واتە هەر شوقەیەک لە 5 بۆ 6 هەزار دۆلار لە بەهاکەی لەدەستداوە، بەو پێیەی دانیشتووان ترسیان هەیە لە کڕینی لە ژێر فشاری هەڕەشەکانی تورکیادا.
دوای دەرکردنی داعش لە کۆبانی ساڵی 2015، بازرگانی خانووبەرە لەو شارە چالاک بووە و ئەمەش تا ساڵی 2019 بەردەوام بوو، دوای ئەوەی تورکیا سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکرد، جوڵەکە بۆ ماوەیەک وەستا، بە گوتەی خاوەن نوسینگەکانی خانووبەرە.
دوای ئەوە جارێکی دیکە چالاک بووەوە، بەڵام هەر کە هەڕەشەکانی تورکیا دەستی پێکرد، دانیشتووانەکە کڕینیان ڕاگرت و پێیان باش بوو پارەکانیان لە بواری خانووبەرەدا سەرف نەکەن بەهۆی ترسی ئاوارەبوونەوە.
پێش هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تورکیا، خەلیل تەمۆ (38 ساڵ)، بریکاری خانووبەرە و بەڵێندەری بیناسازی لە شاری کۆبانی، دوای دورستکردنی بینایەکی چوار نهۆمی راستەوخۆ دەیفرۆشت، هەندێک جاریش فرۆشتنەکە پێش ئەوەی بیناکە تەواو بێت، ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ئێستادا هیچ کڕیارێک نییە بۆ کڕینی.
تەمۆ ئاماژە بەوە دەکات کە موڵکێکی بە نرخی 145 دۆلار بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک کڕیوە، لە ئێستادا دایناوە بۆ فرۆشتن بە 80 دۆلار، بەڵام هیچ کڕیارێکی نییە.
لە ئێستادا بەڵێندەر شوقەی هەیە کە ڕووبەرەکەی 135 مەتر چوارگۆشەیە، دایناوە بۆ فرۆشتن بە 10 هەزار دۆلار، هەرچەندە نرخەکەی پێش هەڕەشەکان 20هەزار دۆلار بووە، بەڵام سەرەڕای ئەم نرخە نزمە ناتوانێت بیفرۆشێت.
تەمۆ باس لەوە دەکات ئەوەشی بیەوێت بیکڕێت داوا دەکات بیگۆڕێتەوە بە ئۆتۆمبێلێک یان پارچە زەوییەک، کەس پارە بە کاش نادات.
بریکارەکانی خانووبەرە تا لەسەدا پەنجای نرخی خانووبەرە لەدەست دەدەن، بەپێی قسەی بەڵێندەرەکە، “ئەو پارچە زەوییەی کە بە 50 هەزار دۆلار کڕیومە بە 25هەزار دۆلار نافرۆشرێت”