بەڵگەنامە: ئێران پلانی هەیە بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان لە سوریا
رەقە – نۆرس پرێس
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، سەبارەت بە پلانێکی سەربازی ئێران بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە گوندی خەزرا، نۆرس پرێس زانیاری دەستکەوتووە لەبارەی مەشق و راهێنانی سەربازی لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی ئێران لە دێرەزوور، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ژمارەیەک بەڵگەنامەی هەواڵگری ئەمریکای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە گروپە ئێرانییەکان کار لەسەر ستراتیژێکی نوێ دەکەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.
پێنجشەممەی رابردوو، رۆژنامەکە لە زاری ئەفسەرانی هەواڵگریی ئەمریکا و بەڵگەنامە نهێنییەکانی دەستکەوتووە، رایگەیاندووە، “ئێران گروپە چەکدارەکان لە سوریا پڕچەک دەکات بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، لەو وڵاتە دەستپێبکات”.
بەڵگەنامە نهێنییەکە باس لەو “هەوڵە نوێ”یەی مۆسکۆ، دیمەشق و تاران دەکات بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە سوریا.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، زانیارییە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن، “بەرپرسانی رووسیا، ئێران و سوریا لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 کۆبوونەتەوە و رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی بۆ دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێک دژی ئەمریکییەکان”.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دیکە کە رۆژنامەکە بەدەستیهێناوە ئاشکرای کردووە، کە ئێران و هاوپەیمانەکانی هێز دروست دەکەن و راهێنان دەکەن بۆ بەکارهێنانی بۆمبی پێشکەتوو بۆ لەناوبردنی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا.
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە – کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت- رایگەیاند لە خولێکی سەربازی کە 25 رۆژی خایەند، 72 ئەندامی گروپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لەخۆ گرتبوو، مەشق و واهێنانیان لە کەمپێکی شارۆچکەی عەیاش لە رۆژئاوای دێرەزوور کە بە یەکێک لە ناوچەکانی هەژمونی ئێران هەژماردەکرێت ئەنجامداوە و ئامادەکاری بۆ خولێکی نوێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دەرچوان بۆ ناوەندی نەسری ئێرانی لە شەقامی بۆرسەعید لە گەڕەکی عەرفی شاری دێرەزوور گواسترانەوە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و دواتر پەیوەندیکردن بە هەمان ناوەندی سەربازی.
سەرچاوەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ نۆرس پرێس دەڵێت:”بڕیارە هێزە ئێرانییەکان لە سەرەتای مانگی تەمموزدا خولێکی نوێ لە شارۆچکەی مەیادین بکاتەوە.”
مستەفا نوعەیمی، لێکۆڵینەر لە کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیکردنەوەی سیاسەتەکانی ئێران، پێی وایە ئەو کشانەوەیانەی فیرقەی چوار سوپای سوریا ئەنجامیان داوە، لە چوارچێوەی “خۆشکردنی زەمینسازی بۆ میلیشیا ئێرانییەکان دێت، بە مەبەستی بهێزکردنی پێگەیان لە پارێزگای دێرەزوور بە گشتی و بوکەمال بە تایبەتی”.
بڵاوبوونەوەی ئەم گروپانە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی دژی چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست و کەناراوەکانی سوریا ئەنجامدا.
نوعەیمی بۆ نۆرس پرێس رووونیکردوە، “ئێمە دەبینین ئێران چالاکیەکانی لە یەمەن کەمدەکاتەوە و لە سوریا زیادەکاتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاڵای سوپای سوریا لەو خاڵە سەربازییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.”
توێژەرەکە دەڵێت، جگە لە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان، هێزی ئاسمانی ئەمریکا، بە تایبەتی فڕۆکەکانی نۆاکس، چاودێری ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و کەنار دەریاکان دەکەن، “بەو شێوەیەش تەواوی جوگرافیای سوریا لە ژێر چاودێریدایە”.
پرۆسەی چاودێری ئاسمانی لەم دواییانەدا زیادیان کردووە، بۆ “چاودێریکردنی پێگەی ئێران” بەڵگەنامەکانی ئەمریکا کە باس لە ئەگەری بوونی پلانێکی رووسیا-ئێران-سوریا دەکەن لە هەمان چوارچێوەدا دێن، بەڵام بەشداری رووسیا رەنگە ” سنووردار بێت، تەنها لە بواری لۆجستیکییەکانەوە پشتگیری بدات، لە کاتێکدا ئێرانی بەشێک دەبێت لە پڕۆژەی پشتگیریکردنی میلیشیاکان بە مووشەکی عەباسیە “کە دروستکراوی نێوخۆنە” بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەکاردەهێنرێت”.
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی رابردوو هێرشێکی موشەکی 107 ملم بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاری رمیلان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێبگەیەنێت.
بەگوتەی ئەو توێژەرە، پنتاگۆن سوپای ئەمریکای ڕاسپاردووە کە فڕۆکەی هێرشبەری جوری “A10” کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای پیادە بەکاردەهێنرێت، بۆ هێزەکانیان دابین بکات، هەروەها هەژمارێک فرۆکە دابین دەکات بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمریکا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا.
دەڵێت ئەمریکا “هەروەها مووشەکی (های مارس) رادەستی هێزەکانی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە لەلایەن میلیشیاکانی ئێرانەوە ئەنجام بدرێت”.
دانیشتوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی و گوندەکانی دێرەزوور و حەسەکە بەتایبەتی ترسیان لە گۆڕینی ناوچەکە هەیە بۆ ناوچەیەکی ململانێ و شەڕی نێودەوڵەتی نێوان تاران و واشنتۆن و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی بە وەکالەت لە سوریا دەکەن.