حکومەتی سوریا نرخی کاڵاکان بەرز دەکاتەوە و پاسا و و بیانوو بۆ زیادنەکردنی مووچە دەهێنێتەوە

لەیلا ئەلغەریب – نۆرس پرێس

رۆژ لە دوای رۆژ نرخی زۆرێک لە کەرەستە و پێداویستی ژیانی رۆژانە کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێن یان خاوەندارێتی دەکرێن، نرخی کارتی مۆبایل، ئەنتەرنێت، غاز و بەنزین بەرزدەبێتەوە، هاوکات بریاردراوە بەمزووانە نرخی کارەبا بەرزبکرێتەوە، لە بەرامبەردا حکومەتی سوریا پرسی باشترکردنی داهات و مووچەی هاوڵاتیان و فەرمانبەران پاشگوێ خستووە، وەک ئەوەی ئەم پرسانە ئەرکی خوودی حکومەت نەبێت.

زۆرێک لە دانیشتوان پرسیاریان کردووە، “چۆن حکومەت دەتوانێت پاساو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی ئەو خزمەتگوزارییانە بهێنێت، کەچی بیر لەو ناکاتەوە کە دەبێت هاووڵاتیان چۆن کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، لە جیاتی چارەسەر، ئاستەنگی بخاتە بەردەم پرۆسەی باشتربوونی ئاستی ژیانیان؟”.

 یەکێک لە کارمەندانی پێشووی دەزگای چاودێری دارایی لە حکومەتەکەی سوریا، دەزگەکانی حکومەت تۆمەتبار دەکات بە “بەشداریکردن لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و شەرعیەتدان بەگەندەڵی”، دەلێت ئەمەش لەو کاتە روودەدات کە حکومەت ئەرکەکانی سەر شانی خۆی بەرامبەر فەرمانبەرەکانی جێبەجێ ناکات بەڵکو بە کارمەندەکانی دەلێت برۆن بەدەستی خۆتان کێشەکانی خۆتان چارەسەر بکەن، چونکە هەموو فەرمانبەرێک مافی ئەوەی هەیە کار بکات بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی منداڵ و خێزانەکەی، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەوڵدەدات بەدوای ڕێگایەکی نایاسایی بگەڕێت بۆ ئەوەی سوود لە شوێن و پۆستەکەی خۆی وەربگرێت بۆ دابینکردنی بەشێک لە کەموکورتیەکانی ژیانی، بەو پێیەی هیچ سەرچاوەیەکی تری داهاتی نییە.

بەش ناکات

 فەرمانبەر لەیال ئەحمەد، بە نۆرس پرێسی گوتووە، لە دەزگایەکی حکومی کاردەکات و مووچەی مانگانەی ناگاتە 100 هەزار لیرەی سوری، چونکە لە پۆستێکی بەتاڵدا دامەزرابوو کە کەمتر بوو لە بڕوانامەکەی، بەو پێیەی تەنها ئەو کارە لەبەردەستیدا بوو، کەچی ئەو 100 هەزارە بەشی کرێی هاتووچۆی ناکات، بۆیە پەنای بۆ کاری دووەم بردووە، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکاندا، تەنانەت لەگەڵ کاری دووەمیشدا، کە هەموو کاتەکەی بۆ ئەو دوو دەوامە تەرخانکردووە، پێویستی ژیانی خۆی و دایکی پڕناکاتەوە.

رۆژنامەنووسێکی پسپۆڕ لە کاروباری ئابووری بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، زۆر بڕیار هەیە کە “دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵاوسان لە وڵاتدا بەردەوام بێت، بەو پێیەی ناجێگری نرخی ئاڵوگۆڕ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان زیاتر لە جارێک لە رۆژێکدا، هەروەها بەشێک لە بازرگانەکان و خاوەنی دوکانەکان بەشێک لە کاڵاکان لە کۆکاکاندا دەشارنەوە یان هەڵیدەگرن بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدەن بە خۆیان کە بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشن هاوڵاتیان.

ئەو رۆژنامەنوسە ئابورییە ئاماژەی بەوەدا کە ” دەبێت یەکەمجار کار لەسەر سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێت، چونکە سەقامگیرکردنی نرخی دراو دەبێتە هۆی هێوربوونی نرخی کەرەستە و پێداویستیەکانی رۆژانە “.

بەڵێنی تیۆری

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو بەدواداچوون بۆ زۆرێک لە کۆبوونەوە حکومییەکان دەکات کە تیایدا بەڵێن دەدرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێت، “بەڵام کاتێک جێبەجێ دەکرێت، هیچ کام لەمانە روونادات، دۆخەکەش وەک خۆی بەردەوامە، هەرچەندە هاوڵاتیان گەیشتونە ئاستی برسێتی”.

نموونەی زۆر هەیە، بۆنموونە حکومەتی سوریا بریداریدا پشتیوانی لە هەندێک سێکتەری ژیان بکات، بەڵام ئەمە رووینەدا، هەروەها ئەو لێدوانانەی دوای هەر کۆبوونەوەیەکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەردەچن، هیچیان جێبەجێ ناکرێت.

لەلایەکی دیکە ئابووریناس موعین خالید بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، کارەکانی حکومەت “لە یەک ئامانج کورتکراوەتەوە کە کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەیە، بۆ گەیشتن بەمەش رێگەی کۆکردنەوەی باج گرتەبەر، کێشەکەش لەوەدایە کە شێوازی چارەسەرکردن لە ڕیگەی باج کێشەی کورتهێنانی چارەسەر نەکردووە”.

خالید ئاماژەی بەوەدا کە ئامارە فەرمییەکانی حکومەت دەریدەخەن کە کەمترین پێویستی تاک بۆ خواردن و خواردنەوە لە 100 هەزار لیرە کەمتر نییە، واتە پێویستی هەر خێزانێک زیاترە لە  500 هەزار لیرە، لە کاتێکدا کە بەرزترین مووچەی فەرمانبەران 150 هەزارتێناپەرێت.

ئەو ئابووریناسە دەلێت، هەموو پێوەرە ئابوورییەکانی ئێستا، چ لە ناجێگری نرخی ئاڵوگۆڕەوە، یان دابەزینی ئاستی ژیان، بەرزبوونەوەی نرخەکان و سەرلێشێواوی لە بریاردان، “هەموویان کاریگەرییان لەسەر کەشوهەوای وەبەرهێنان هەیە، هەرچەندە دەرچوون لەم بازنە خراپە لە ڕرگەی دووبارە خستنەکاری کارگەکان دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک نییە پاڵنەری ئەم چارەسەرە بێت.