کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک لە کەمپەکانی مەنبەج بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
فادی ئەلحسێن – نۆرس پرێس
خەدیجە گلەیی لە کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاکی ناو کەمپەکە دەکات، کە مێرووی زیانبەخشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پاک و خاوێنی و خزمەتگوزاری شارەوانی لەناو کەمپەکەدا، کە وایکردووە خۆی و ژنانی کەمپەکە ئەرکی پاککردنەوەیان لە ئەستۆ بگرن.
خەدیجە ئەلعەلی، تەمەن 50 ساڵ، ئاوارەیەکی خەڵکی دێرحافەرە و لە کەمپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبەج نیشتەجێیە، باس لەوە دەکات کە چەندین جار داوای پاککەرەوەیان بۆ کەمپەکە کردووە، دوای ئەوەی مێروو و پیسییەکی زۆر رووی لە کەمپەکە کردووە.
دانیشتوانی کەمپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبەج گلەیی لە بڵاوبوونەوەی مێرووەکان دەکەن، کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی لەنێو دانیشتوانی کەمپەکەدا، بەهۆی کۆبوونەوەی پیسی و نەبوونی پاکوخاوێنی لە ناوەوە بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
ئەلعەلی باس لەوە دەکات کە کاری پاککردنەوە کەوتۆتە سەر شانی ژنانی ناو کەمپەکە، وەک پاککردنەوەی نێوان خێمەکان و حەمامەکان و ئاوەڕۆەکان، ئەمەش لەبەر نەبوونی کارگوزاری پاککەرەوەی و شارەوانی، پێی وایە ئەم ئەرکە قورسە کەوتۆتە سەر شانیان و رووبەڕووی “قەیرانێکی گەورە و ئازارێکی توند” بوونەتەوە کە بارودۆخی ژیانیان قورستر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، مێرووە ژەهراوییەکان زۆر بوون، پێوەدانیان بە کەسانی بەتەمەن دەبێتە هۆی هەستیاری، هەروەها دەبێتە هۆی تا و خوران لە منداڵاندا.
ئەم کەمپە، 625 بنەماڵەی تێدا نیشتەجێیە کە ژمارەیان 3395 کەسە، خەڵکی ناوچەکانی مەسکانە و دێر حەفەرە لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب لە خۆدەگریت، جگە لە کەمپی کۆنی رۆژهەڵات کە 387 خێزان لەخۆدەگرێت ، ژمارەیان 1795 کەسە.
ئازاری ئاوارەکان کە لە کەمپەکاندا دەژین لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر دەبێت، بەو پێیەی ئاوارەکان بەدەست کەمی ئاو و کەڵەکەبوونی پیسییەوە دەناڵێنن، جگە لە بڵاوبوونەوەی مێرووی زیانبەخش بەهۆی نەبوونی رێکخراوە مرۆییەکان.
وەک پێشتر، عیماد ئەلحەسەنی تەمەن (38 ساڵ) کە ئاوارەیەکی ناوچەی دێرحەفەرە و لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبەج دەژین، گلەیی لە بڵاوبوونەوەی زۆری خۆڵ و خاشاک لە کەمپەکە و زۆری نەخۆشیەکان لەنێوان دانیشتووانەکەدا دەکەن
ناوبراو بە نۆرس پرێسی وتووە، “نەخۆشیەکانی وەک کۆلێرا و لیشمانیا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کەمپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها پێویستە رێکخراوە مرۆییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لەناو کەمپەکەدا، بەتایبەتی ئەو حەمامانەی کە چوونە ژوورەوەیان ئەستەمە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “شارەوانی تەنها هەفتەی یەکجار زبڵ و خاشاکەکان لادەبات، کە بڕیاربوو رۆژانە لایانببات، بەتایبەتی دوای ئەوەی رێکخراوەکان نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر کارەکانیان وەستاند”.
ئاوارەکان لە کەمپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبەج داوا لە رێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە پاڵپشتی و هاوکارییان بۆ بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختەی ژیان کە پێیدا تێدەپەڕن.
پێش ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەرکاری رێکخراوەکان بوەستێت، رێکخراوەکان پاڵپشتی پاکوخاوێنییان دەکرد لە کەمپەکەدا، بە دامەزراندنی ئاوارەکان بۆ ئەنجامدانی کاری پاککردنەوە، بە شێوەیەکی رێکوپێک، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان سوودمەند بن، لە بەرامبەردا، مووچەی رۆژانەیان پێدەدرێت.
بۆیە حەموود ئەلدەندەل (59 ساڵ)، ئاوارەیەکی ناوچەی مەسکەنە کە لە کەمپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبەج نیشتەجێیە، هیوادارە رێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری پاککردنەوە و لابردنی زبڵ و پاشماوەی ناو کەمپەکە بن، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی هاوین.
ئەو پێی وایە گەشتەکانی شارەوانی لە کەمپەکەدا “بەس نییە”، بەو پێیەی کۆکردنەوەکان لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە ئەنجام دەدەن و بڕیارە گەشتەکانیان بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، لە رۆژانی شەممە و دووشەممە و پێنجشەممە ئەنجامبدەن.
ناوبراو بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، “بڕی مێروو و پیسی لە کەمپەکەدا مێشک پێشبینی ناکات چەندە زۆرن، هەروەها چەندین حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی لیشمانیا لە ناو کەمپەکەدا هەیە”.