18 ڕۆژ بەسەر داخستنی دەروازەی سێماڵکا تێپەڕی.. کاریگەریەکانی بۆ سەر رۆژئاوایی کوردستان چییە؟
قامێشلۆ – نۆرس پرێس
داخستنی دەروازەی پێشخابوور – سێماڵکا کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی ژیان، تەندروستی، ئابووری و ئەمنی لە رۆژئاوای کوردستان بووەتە هۆکاری تێکچوونی پرسە مرۆییەکان لە رۆژئاوایی کوردستان.
سەرەتای کێشەکە
سەرلەبەیانی رۆژی پێجشەممەی 11ی ئایار، دەروازەی دیوی سوریا (سێماڵکا) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی دەروازەی پێشخابوور لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بڕیاری داخستنی دەروازەکەیان بە هەموو بەشەکانی (بازرگانی و مرۆیی) داوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری داخستنەکە ئاشکرابکات.
بەرێوبەرایەتی دەروازەکە ئاگادارییەکی بۆ رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان ناردووە و ئاگاداری کردووەتەوە تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دەروازەکە بە داخواراوی دەمێنێت، بەڵام لەم ئاگادارییەش هۆکاری داخستنی دەروازەکەی ئاشکرا نەکرا.
دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی، شاندێکی ئەمریکی هەوڵیدا نێوەندگیری بکات بە مەبەستی کردنەوەی دەروازەی سێماڵکا، بەڵام بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، هەوڵەکە شکستی هێنا.
ئەم دەستێوەردانانەی ئەمریکا لە کاتێکدا بوو کە دەروازەی سنووریی پێشخابوور – سێماڵکا لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و رۆژئاوایی کوردستان تاکە دەوازەی سنوری ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەرە لە گەڵ جیهانی دەرەوە.
کاریگەرییەکانی داخستنی دەروازەکە، خێرا لە دیوەی ڕۆژئاوایی کوردستان دەرکەوتن، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی مرۆیی و بازرگانی، گەیاندنی دەرمان و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، بەتایبەتی نەخۆشی شێرپەنجە و روداوەکانی سوتاوی.
دواتر ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا ئەنەکەسە بەڵاویکردوە، کە نیکۆلاس گراینگەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنەکەسە، لە شاری قامیشلۆ، پرسی داخستنی دەروازەکە تاوتوێ کرد.
نیعمەت داود، ئەندامی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەنجومەنەکە داوای لە نوێنەری ئەمریکا کردووە “فشار بخاتە سەر بەرێوبەرایەتی خۆسەر بۆ ئەوەی دەروازەکە لە ناکۆکی سیاسی دوور بخاتەوە” نیکۆلاسیش “بەڵێنی داوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بکات”.
داود ئاماژەی بەوەشدا، باسیان له رۆڵی ئەمریکا له ناوچەکه و رێگاکانی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و ئابوری وڵاتەکەی کرد.
دوای سێ رۆژ لە داخستنی دەروازەی پێشخابوور – سێماڵکا بەرێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوایی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری داخستنی دەروازەکە “بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی لۆژیکی یان وردەکارییەکمان پێ ڕابگەیەنن، بە تاک لایەنە بەرێوبەرایەتی پێشخابوور بڕیاری داخستنەکەی داوە.
لە بەیاننامەیەکدا، بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوایی کوردستان بڕیاری داخستنی بە “نادروست” زانی و رەتیکردەوە ” بەکارهێنانی ئەم دەروازە مرۆییە بۆ ئامانجی سیاسی دژی گەلەکەمان لە ناوچەکە “.
ئەمە یەکەم جار نییە دەروازەکە دابخرێت، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 دەروازەی “پێشخابوور- سێماڵکا” داخرا، کە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە ناوچەکەدا، و پێشتریش چەندین جار داخستنی دەروازەکە روویداوە.
کەمی خۆراک و کەرەستەی بیناسازی
داخستنی ئەو دەروازە کاریگەری زۆری لەسەر نرخی کاڵا و خۆراک و کەرەستەی بیناسازی هەبوو، هەروەها بووە هۆی وەستانی کەرتی بازرگانی لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی تاکە دەرچەی دەرەکییە.
ئەمەش بووە هۆی کەمیی شیری منداڵان لە ناوچەکەدا، کە بە کاڵایەکی سەرەکی دادەنرێت.
دەرمانسازێکی خەڵکی قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، داخستنی دەروازەکە لەناکاو روویداوە، کاتی پێویست لە بەردەستی دەرمانخانەکان نەبووە بۆ ئەوەی بڕێکی زۆری شیری منداڵان هەلگرین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەردەوامی داخستنی دەروازەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی شیری منداڵان لە ناوچەکەدا.
قەیرانەکە تەنها لە شیری منداڵان نییە، چونکە لەماوەی چەند رۆژ رابردوو قەیرانی کەمی چیمەنتۆ لە ناوچەکەدا روویداوە، هەروەها نرخی کەرەستەی بیناسازیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەندێک کەرەستەدا زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە 91 دۆلارەوە بۆ 165 دۆلار بەرزبووەوە.
بەرپرسێکی ژووری پیشەسازی رەقە رایگەیاند، داخستنی دەروازەکە کاریگەری لەسەر ئابوری ناوچەکە هەبووە، هەروەها قەیرانی ئابووری و کەمی کەرەستەی لێکەوتەوە، چوۆنە پێشخابوور – سێماڵکا دەروازەی سەرەکییە کە خۆراک لەرێگەیەوە هاوردەی رۆژئاوایی کوردستان دەکرێت.
بەرپرسێکی ژووری پیشەسازی ڕەققە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد، دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی دەروازەکە بکرێتەوە.
دۆخێکی ناجێگیر
ئیدارەی دەروازەی سێماڵکا ئاگادارییەکی سەبارەت بە پەڕینەوەی خاوەن نیشینگەی (ئیقامە)ی ئەوروپی کە بە مەبەستی سەردانکردن لە رۆژئاوایی کوردستان بوون بڵاوکردەوە، “بە پێدانی تەنها یەک هەفتە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخەکەیان و بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان ئایا لە رۆژئاوا بمێننەوە یان بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێبکەون”.
هەروەها لە کۆتا رۆژی رێگەدان بە پەرێنەوەی هاوڵاتیان بۆ دیوی هەرێمی کوردستان قەرباڵغیەکی زۆر لە رۆژئاوایی کوردستان روویدا، چونکە بە سەدان کەس لە یەک کاتدا و پێش داخستنی یەک جاری لە سەر سنوری کۆبوونەوە.
زۆرێک لە هاوڵاتیان ناچار بوون شەوێک پێش پەرینەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم دەروازەکە بەسەر بەرن، بەو هیوایەی مامەڵەکانیان بە خێرایی تەواو بکەن، پێش کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاراستنی شارستانی و یارمەتی مرۆیی ئەوروپا، هۆشداری دا لە دەرئەنجامی مرۆیی “مەترسیدار” بەهۆی داخستنی دەروازەی پێشخابوور، کە تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بە داخراویی ماوەتەوە.