پەنابەرەکانی سوریا لە نێوان لێدوانەکانی ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵو

دیمەشق – نۆرس پرێس

پرسی پەنابەرانی سووری لە تورکیا بۆتە گەرمترین تەوەری بانگەشە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن پەنای برد بۆ ئەم پرسە و وەکو کارتێکی فشار لە دژی دەسەڵاتی بەکاری هێنا، ئێستاش دەسەڵات لێدوانی جۆراوجۆر دەدەن سەبارەت بە میکانیزمی گەرانەوەیان، هەندێکجار دەلێن پرۆسەی گەراندنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق دەبێت و هەندێکجاریش دەلێن بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق دەکرێت.

وتارەکانی بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە سوورییەکان بەپێی شوێنی مەبەست دەگۆڕدرێن، کاتێک دەیانەوێت پەیامەکەی خۆیان ئاراستەی دەنگدەر و ناوخۆی تورکیا بکەن، بەڵێن دەدەن بەگوێرەی پلانێکی دارێژراو بیانگەرێنەوە  لە زووترین کاتدا.

بەڵام لێدوانەکان، لە شەو و ڕۆژێکدا لە لایەن بەرپرسێکی دیکەوە دەگۆڕێت، کاتێک پەیامەکەیان ئاڕاستەی سوریاییەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرە بێت و رایدەگەیەنێت کە تورکیا دەستبەرداریان نابێت، هەرچەندە بەرپرسەکانی ئەنقەرە بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق کۆبوونەوەی ئاست بەرز ئەنجام دەدات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، سولەیمان سویلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لە  پەنابەرانی سوریا کرد کە ژمارەیان زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە و پێدەچێت گەرانەوەی پەنابەران یەکێک لە مەرجەکانی هاوپەیمانی سینان ئۆغان بێت بۆ پشتیوانیکردن لە پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان.

هەر ئەمەش وایکرد کە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لەم دواییانەدا قسە و بەلێنەکانی سەبارەت گەڕانەوەی سوورییەکان چڕتر بکاتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، لەبری ئەوەی بیانگەرێنەوە، رێگە بە پەنابەری دیکە بدات بۆ ئەوەی بچنە نێو خاکی تورکیا.

سولەیمان سویلۆ گوتی: “ناتوانین هیچکام لە برا سورییەکانمان بینێرن بۆ شوێنێک کە هیچ سەقامگرییەک و ئاسایشی تێدا نییە، خودا دەمانسوتێنێت. سەرۆک ئەردۆغان نایەوێت دوای 100 ساڵ سەرکردەیەک ناوی بهینرێت کە خەڵکی سورریا رەەوانەی مردنیان کرد”.

وتەکانی وەزیری ناوخۆ بە پێچەوانەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پارتی داد و گەشەپێدانە، هەروەها پێچەوانەی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقە لە مۆسکۆ.

بەڵام تەنها دوای دوو ڕۆژ لەم لێدوانە، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە لە چاوپێکەوتنێکدا بە پێچەوانەی قسەکانی سویلۆ بوو، گوتی “هەڵەیە” لە پرسی گەرانەوەی پەنابەرەکان هەماهەنگی لەگەڵ ئەسەد نەکرێت.

چاویش ئۆغڵو نیازی وڵاتەکەی بۆ ناردنی زیاتری پەنابەری سووری بۆ ئەو شوێنەی کە ناوی دەنێت “ناوچەی ئارام” راگەیاند، ئاماژەی بەو ناوچانە کرد کە لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرە کۆنتڕۆڵی دەکەین. پاشان گوتی:” لەوێوە پەنابەرەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆلی ئەسەدەن.”

رەنگە قسەکانی چاویش ئۆغڵو زیاتر گونجاوبن بۆ ئەم قۆناغە کە تێدا دیمەشق و ئەنقەرە، دەیانەوێت هاوکاری راستەوخۆی لە نێوان سوریا و تورکیا بدۆزنەوە.

وەزیری تورکیا رایگەیاند، “گەڕانەوەی 100% پەنابەرەکان بۆ وڵاتەکەیان ئەستەمە” ئەم لێداوانی ئۆغڵو ئاماژەیەک بوو بۆ لێدوانەکەی کیلیچدارئۆغڵو کە رایگەیاندبوو، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت، هەموو سوریاییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

پێشتر کەمال کلیچدارئۆغڵو، رکابەری ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاندبوو، ئەگەر هات و لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بێت، ئەوە بەنیازە “لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم پەنابەرانی سوریا لەتوورکیاوە بگەرێنتەوە وڵاتەکەیان”.

لە گفتوگۆی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، ئێران، سوریا و تورکیا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە 10ی ئایاردا لە مۆسکۆ، هەردوولا بە تایبەتی باسیان لە گەڕانەوەی پەنابەرەکانی سوریا کرد، جگە لە چەند پرسێکی دیکە.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی چاویش ئۆغڵو سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان، لێدوانێکی سەرنجڕاکێش لە لایەن فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریاوە هات سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، کە تیایدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەسەد لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆنابێتەوە و دیمەشق پەیوەندییەکانی ئاسایی ناکاتەوە تا تورکیا کۆتایی بە “داگیرکردنی” خاکەکانی سوریا نەهێنێت.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەین، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن خۆبەخشانە سوورییەکان دەنێرن، بەو پێیەی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگە بە دیپۆرتکردنەوە نادەن، دروستکردنی ئەو هەلومەرجە گونجاو بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە کە باسی دەکەین، کاتێکی زۆری دەوێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رەخساندنی هەلومەرجی گەڕانەوەی خۆبەخشانە شتێک نییە کە بتوانرێت لە ساڵێک یان دوو ساڵدا رووبدات.

دوێنێ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا نەخشەڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکان دادەڕێژرێت.

بە گوتەی ناوبراو، 450 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە باکوری سوریا، لەکاتێکدا ئامارەکان دەریدەخەن کە زۆرترین رێژەی گەرانەوە لە ژێر فشاری هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بووە.

ئەردۆغان گوتی: “پلانمان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن پەنابەری دیکە، کە دەکاتە 30%ی لە کۆی پەنابەرەکانی سوریا لە تورکیا.”

دەستەی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، سێ ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی سوری لە تورکیا دەژین و لە ساڵی 2022دا نزیکەی 59 هەزار کەس گەڕاونەتەوە ناوچە ئارامەکان لە سوریا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا، سەڕەرای چەندین قەیرانی سیاسی، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، تۆمەتەکانی گەندەڵی، هەوڵی کودەتای سەربازی و لێشاوی پەنابەران کە لە شەڕی سووریا روویان لە تورکیا کرد، بۆ ماوەی 20 لە سەر کورسی دەسەڵات ماوەتەوە.

لە ئێستادا پرسی پەنابەرانی سووری یەکێکە لە گەرمترین خاڵی بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیاییە.

بە ئامانجی رازیکردنەوەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی نێو تورکیا کە داوا دەکەن سوورییەکان دەربکرێن، ئەم بزووتنەوەیە زۆرترین ڕێژەی دەنگدەرانی تورکیا پێکدەهێنن، دەسەڵاتدارانی تورکیا پلانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێوەی “دوو ئامانج لە یەک خاڵدا” جێبەجێدەکەن، کە لەلایەک بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵگای تورکیا، و لەلایەکی دیکە نیشتەجێکردنی پەنابەرەکان لەو ناوچەی کوردەکانی رۆژئاوایی کوردستان.