پەنابەرانی رۆژئاوایی کوردستان بوونە قوربانی ساختەکاری دەستی کۆمپانیایەکی گەشتیاری هەولێر
هەولێر – نۆرس پرێس
سەلام خەلیلی تەمەن (35 ساڵ) پەنابەرێکی سورییە لە هەولێر، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کارتی نیشینگە (ئیقامە) بۆ خۆی و گەنجانی دیکەی سوریا بگەڕێنێتەوە کە بوونەتە قوربانی ساختەکاری لەلایەن کۆمپانیایەکی گەشتیارییەوە.
خەونی گەشتکردن بۆ ئەوروپا تاوەکو ئێستاش خەونی زۆرێک لە گەنجانی پەنابەرانی سوریایە، ئەمەش وایلێکردن ببنە قوربانی ساختەکاری کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە هەولێر، کە داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێکردوون، لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزە بۆ چوونە ناو ئەوروپا، دوای چەند مانگێک، نووسینگەکە دادەخرێت و خاوەنەکەی هەڵهات.
“خەلیل” بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە: “کۆمپانیای ماک ئادەم بەڵێنی ڤیزەی پێداین بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا، لەبەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی کە بە دۆلار پێیداین، متمانەمان بەم کۆمپانیایە هەبوو، چونکە مۆڵەتی هەیە و بە شێوەیەکی یاسایی لە هەولێر کار دەکات و زۆرێک لە هاوڕێکانمان بەو رێگایەدا گەشتیان کردووە”.
خەلیل بە نۆرس پرێسی دەڵێت، بەڵام دوای چەند مانگێک لە پێدانی ئەو بڕە پارەیە، “خاوەنی کۆمپانیاکە دەستی کرد بە خۆدزینەوە لە پەیوەندییەکانمان، کاتێکیش فشارمان لەسەر کرد، ڤیزەی ساختە و تکتی گەشتیاری ساختەی پێداین، دواتر مۆبایلەکەی کوژاندەوە، هەروەها ژمارەی مۆبایلی ئۆفیسی کۆمپانیاکە لە هەولێر داخران و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕا”.
دوای وەرگرتنی ڤیزا و تکتی گەشتکردن، قوربانیەکان کارتی مانەوەی پەنابەری خۆیان (ئیقامەی هەرێم) رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر کردوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەشتکردن، “کاتێک سەردانی ئۆفیسی هێڵی ئاسمانی قەتەرمان کرد، پێیان راگەیاندین کە ڤیزاکە ساختەیە و تکتی گەشتکردنیش ساختە بوو، ئێستاش ئیقامەی پەنابەریشمان لەدەستدا”.
ژمارەی ئەو گەنجانەی پەیوەندیان بەو کۆمپانیایە کردووە نزیکەی 70 کەسە، هەریەکەیان لە نێوان 2 بۆ 6 هەزار دۆلاریان داوە بۆ وەرگرتنی ڤیزەی چوونە ئەوروپا، هەندێکیان ئەو بڕە پارەیەیان قەرز کردووە، هەندێکی دیکەش هەموو شتێکیان (کار و ئۆتۆمبێل)یان لەدەستداوە.
خەلیل سلێمان حسێنی تەمەن 19 ساڵ، بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن، خەونی بە گەشتکردن بۆ ئەوروپا دەبینی، بۆیە پەیوەندی بە هەمان کۆمپانیا کردووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزە بڕی شەش هەزار دۆلاری داوە.
حسێن بە نۆرس پرێسی گوت: “پارەم لە هاوڕێکانم قەرز کردووە، بەڵام خاوەنی کۆمپانیاکە پارە و پاسپۆرتەکەم بردووە و دیارنەماوە”.
کێشەکە تادێت قورستر دەبێت، چۆنکە کێشەکە تەنها بردنی پارە و پێدانی ڤیزەی ساختە نییە، بەلکو خاوەنی کۆمپانیاکە پاسپۆرتەکانیانی لەگەڵ خۆیدا بردوە، بۆیە ئێستا ئەو کۆمەڵە گەنجە بێ پاسپۆرتن.
“حوسێن” داوا لە خاوەنی کۆمپانیاکە دەکات بەلایەنی کەمەوە پاسپۆرتەکان بگەرێنێتەوە، “چونکە بەدەستهێنانی پاسپۆرتی نوێ پرۆسەیەکی قورسە و تێچووی زۆری دەوێت، ئەگەر پارەی دەوێت با بیبات، بەڵام با پاسپۆرتەکان بگەرێنێتەوە”.