هاوڵاتیان: “ئەم دەروازەیە دەروازەیەکی مرۆییە دەبێت دووربخرێتەوە لە ناکۆکی سیاسی نێوان هەولێر و قامیشلۆ”

دێرک – نۆرس پرێس

لە بەردەم پەنجەرەیەک بۆ مامەڵەی گەشتیاران، شێخموس مستەفا بە روویەکی کاڵەوە قسە لەگەڵ کارمەندێکی دەروازەی سێماڵکا لە دیوی رۆژئاوایی کوردستان بەرامبەر دەروازەی پێشخابوور لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستدەکات بە تەواوکردنی مامەڵەکانی رۆشتنی کوڕەکەی، چەند کاتژمێرێک پێش داخستنی دەروازەکە.

هەرچەندە هێشتا ماوەی سەردانەکەی کورەکەی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام بڕیاری داخستنی دەروازەکە ناچاری کرد رۆژی، شەممە، 20ی ئایاری 2023، لە ترسی ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانێت سنوورەکە ببڕێتەوە، رۆژئاوایی کوردستان بەجێبهێلێت.

لە رۆژێکی باراناوی دا بەسەدان گەنج وەکو کوڕەکەی شێخموس روویانکردە دەروازەکە، کە خەریکە دادەخرێت، هەر ئەمەش واکرد کە ساتەکانی ماڵئاوایی خزمەکان تێکەڵ بە بارانی بەخۆڕ ببێتەوە.

10  ڕۆژ

 پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ، بە نۆرس پرێس دەلێت “هەشت ساڵە کوڕەکەمم نەبینیوە، مانگێکە مۆڵەتی هەبووە بۆ مانەوە لە رۆژئاوایی کوردستان، سەڕەرایی ئەوەی کە هێشتا 10 رۆژی مۆڵەتی ماوە، بەڵام لە بەر بڕیاری داخستنی دەروازەکە ناچاربوو بەجێمان بهێلێت”.

 ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم دەروازەیە دەروازەیەکی مرۆییە کە دەبێت دووربخرێتەوە لە ناکۆکی سیاسی”.

زۆرێک لە گەشتیاران ناچاربوون شەوەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم دەروازەکە بەسەر بەرن، بەو هیوایەی مامەڵەکانیان بە خێرایی تەواو بکەن، هەندێکی دیکەش بەپەلە گەیشتنە هۆڵی چاوەڕوانی، جانتاکانیان لەژێر باراندا رادەکێشن.

خانمێک بە توڕەییەوە لەبەردەم پاسی گواستنەوەی هاوڵاتیان بە دەستی دوو منداڵەکەی گرتووە و دەڵێت: “باوکم کە لە سەرە مەرگدا جێهێشت و گەڕامەوە لەکاتێکدا مۆڵەتەکەم بۆ 20 رۆژی دیکە ماوە”.

بەزەحمەت فرمێسکەکانی خۆی راگرت و دەلێت: “ئایا ئەمە کارێکی مرۆڤانەیە دوای ئەوەی پارەیەکی زۆرم داوە بۆ ئەوەی بگەمە ئێرە؟”، کەسێکی دیکە وەڵامی دایەوە: “هەموومان وەک یەک ئازار دەچێژین.”

خەم و دڵتەنگی زاڵ بوو بەسەر رووخساری خەڵکەکەدا، دوای ئەوەی بڕیاری دەروازەی پێشخابوور وای لێکردن کۆتایی بە پشووەکانیان بهێنن و بە پەلە بگەڕێنەوە ئەو دیوی سنور.

 لەبەردەم ژوورەکانی مامەڵەکردن لەنێو دەروازەکەدا، پاڵدان بە یەکدی روویدا، هاوکات  هەندێک ژن لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر زەوی دانیشتبوون، کە نیشانەکانی ماندوێتی و لاوازی بە رووخسارییانەوە دیاربوو، بەتایبەتی ئەوانەی لە شوێنی دوورەوە هاتبوون.

“مستەفا”، روو لە دوو دەستەڵاتداران کورد لە هەردوو دیوی دەروازەکە دەکات و دەپرسێت: “بۆ وا بەم خەڵکە دەکەن؟!

ناوبراو بە تووڕەییەوە درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: “ئەم کارە لۆژیکی و دروست نییە”.

 دەروازەی پێشخابوور – سێماڵکا بە یەکێک لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکان دادەنرێت بۆ ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، بەتایبەتی دوای داخستنی دەروازەی تەل کۆچەر (یەعروبییە) لە ساڵی 2020.

برنج و چیمەنتۆ

عەبدولڕەزاق عیسا، هاوشێوەی کەسانی پێش خۆی، کە بۆ ماڵئاوایی لە ئەندامانی خێزانەکەی هاتبوو نێو دەروازەکە، داوایکرد دەروازەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و لە کێشە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە دوور بخرێتەوە.

 گوتیشی: “هیوادارین ئەم دەروازەیە بە کراوەیی بمێنێتەوە، بەو پێیەی ڕێڕەوێکی مرۆییە.”

 ئاماژەی بەوەشکرد، دوو رۆژ لەمەوبەر خەڵکانێکی زۆر هاتوون و ئێستا گەڕاونەتەوە، گوتی، “ئەمە نادادپەروەرییە بەرامبەر بە خەڵک”.

 پیاوە تەمەن 60 ساڵەکە، ئاماژەی بەوەدا کە داخستنی ئەو دەروازە کاریگەری لەسەر کەلوپەلی خۆراک و هاتوچۆی بازرگانی دەبێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، “نرخی یەک کیلۆ تەماتە بۆ نزیکەی شەش هەزار لیرەی سوری بەرزبووەتەوە، هەموو شتێک گرانی بەخۆیەوە بینیوە، خەڵک بەرگەی ئەو هەموو فشارانە ناگرێت”.

 لە کاتێکدا کە هیچ نیشانەیەکی چارەسەرێک لە ئێستادا نییە بۆ کردنەوەی دەروازەکە، هەندێکی تر لە گەشتیاران لە حەوشەی دەروازەکەدا چاویان لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بوو، بە ئۆمێدی ئەوەی بڕیارێکی نوێ، سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەکە دەربچێت.

لە 11ی ئایار، سەرچاوەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمریکا بۆ کردنەوەی ئەو دەروازە شکستی هێناوە بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ ئەنجامێک.

لە هەمان کاتدا بەرپرسێکی ئەمریکی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا و عێراق کاردەکات، هۆشداریی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق دا.

لە ماوەی رۆژانی رابردوو هەردوو لایەنی کوردی لە هەردوو دیوی سنوورەکە یەکتریان بە هۆکاری داخستنی دەروازەکە تومەتبار کرد.

یوسف حسێنیش کە بۆ ماڵئاوایی لە کەسوکارەکەی هاتبوو، وەک ئەوانی دیکە لە نێو ئەو قەرەباڵغییەدا وەستابوو کە لە نێو دەروازەکەدا کۆبوونەتەوە.

یوسفی تەمەن 70 ساڵ، بە دەنگێکی پڕ لە ئازار، هۆشداری دا کە “خەڵک لە داخستنی دەروازەکە رووبەڕووی زیانێکی گەورە دەبێتەوە.”

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو دەروازەیە لە ئاستی یەکەم بازرگانییە کە لە ڕێگەیەوە کاڵا جۆراوجۆرەکانی وەک “برنج، شەکر، چیمەنتۆ و ئاسن” دەچنە ژوورەوە.

گوتیشی: “ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم داخستنە نین.”