توندکردنەوەی سزاکانی سەر رووسیا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی گرووپی حەوت دەبێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و کەنەدا بۆ بەشداریکردن لە 49یەمین لووتکەی ساڵانەی گرووپی حەوت گەیشتنە هێرۆشیمای ژاپۆن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گرووپی حەوت.
لە لووتکەکەدا، ئەندامەکان کە بەرژەوەندیی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و سەربازیی پێکیان دەبەستێتەوە بیرۆکەی نوێی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییەکە دەخەنەڕوو.
ئەمریکا کە زلهێزترین و دەوڵەمەندترین ئەندامی گرووپەکەیە، خواستی وایە گرژییەکانی لەگەڵ چین و رووسیا و ئەو مەترسییەی وەک خۆی دەڵێت هەردوو وڵات لەسەر ئاسایشی جیهان دایدەنێن، بخاتە سەر مێزی گفتوگۆی هاوپەیمانەکانی.
ئەمەریکا راشیگەیاندووە، کە سزاکانی سەر رووسیا بەهۆی شەڕ لە ئۆکرانیاوە بەهێزتر دەکەن.
لە پەراوێزی دیدارەکەی لەگەڵ “فومیۆ کیشیدا”، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، “جۆ بایدن”، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، “گروپی حەوت بەرگری لە بەها هاوبەشەکان دەکات، بەتایبەتی پشتیوانی لە گەلی ئۆکرانیا کە بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن لە بەرامبەر لەشکرکێشی دڕندانەی رووسیا”.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان، ئاماژەی بەوەدا کە “لە لوتککەدا تیشک دەخرێتە سەر توندکردنەوەی سزاکانی سەر مۆسکۆ، کە بووە هۆی دابەزینی ئاستی ئابووری رووسیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، هاوکات گفتوگۆش لەبارەی بارودۆخی گۆڕەپانەکانی جەنگ لەخۆدەگرێت”.
پێشبینی دەکرێت سزاکان تاک و لایەنەکان لە سەرانسەری ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بکاتە ئامانج.
بەریتانیا رایگەیاند کە هاوردەکردنی ئەڵماسی رووسی قەدەغە دەکات، کە پیشەسازییەکە لە ساڵی 2021دا بە بەهای چوار ملیار دۆلار هەناردە دەکرێت، هەروەها هاوردەکردنی مس و ئەلەمنیۆم و نیکل لە رووسیاوە قەدەغە دەکات.
‘ریشی سوناک”، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و “چارڵز میشێل” سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا رایانگەیاند، سەرکردەکانی گروپی حەوت پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپات دەکەنەوە.
بڕیارە ڤلادمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش لە میانی لوتکەکەدا گوتارێکی ڤیدیۆیی پێشکەش بکات.
فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کە ئەمساڵ وڵاتەکەی میوانداریی لووتکەکە دەکات دەڵێت، “هاوپەیمانیی ژاپۆن و ئەمریکا کۆڵەکەی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەی ئیندۆ پاسفیک. هاوپەیمانیی ژاپۆن و ئەمریکا لە ئاسایشدا سنووردارنەکراوە، بەڵکو هاوپەیمانێتییەکە هەموو لایەنێک دەگرێتەوە. پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی خێرای هاوئاهەنگی نێوان ژاپۆن و ئەمریکا دەکەم.”
لووتکەی گرووپەکە لە هێرۆشیمای ژاپۆن پەیامی هەژموونی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لە ناوچەی ئیندۆ پاسفیک دەدات بە گوێی مۆسکۆ و پەکین و پیۆنگیانگ کە سێ زلهێزی ئەو ناوچەیەن.
هێرشی سەربازی مۆسکۆ بۆ سەر کیێڤ، فراوانبوونی رووبەری بازرگانی چین لەسەر نەخشەی جیهان و توانای ئەتۆمیی کۆریای باکوور سێ مژاری سەرەکیی لووتکەکەن.
هەرچەندە گرووپی حەوت بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، ئاراستەی دیپلۆماسییان رووەو ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەی ئیندۆپاسفیک، لای بەشێک لە لێکۆڵینڤانان وا لێکنادرێتەوە.
هەروەها وڵاتانی جی7 کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە “ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن بە ئازادی و کراوەیی بمێنێتەوە”، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ چین بەرزبوونەتەوە.
حەوت وڵاتەکە، کە لە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهاتووە، بەشێک لە گفتوگۆکانیان تەرخان دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێکارەکانی چارەسەرکردنی “ناهاوسەنگی ئابووری” کە رەنگە چین لە رێگەی هەمەچەشنکردنی تۆڕەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردنەوە پراکتیزەی بکات، لە کاتێکدا حکومەتی پەکین ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ سنووردارکردنی بازرگانی.
پێشبینی دەکرێت سەرکردەکانی حەوت وڵاتەکە هەوڵی تێپەڕاندنی ناکۆکیەکانیان بدەن لەسەر ئەوەی کە چ هەڵوێستێک بەرامبەر بە پەکین بگرنەبەر، بە گوتەی “جەیک سولیڤان”.
بوارەکانی تر کە گرنگی پێدەدرێن بریتی دەبن لە کەشوهەوا و وزە، هەروەها ئاسایشی خۆراک و تەندروستی، ژاپۆنی میواندار پاڵنەرە بۆ پێشکەوتن لەسەر داماڵینی چەکی ئەتۆمی.
رووسیا لە ساڵی 2014دا لە گروپەکە دەرکرا, کە پێشتر بە گروپی هەشت ناسراو بوو.
بە درێژایی ساڵ وەزیر و بەرپرسانی گروپی حەوت وڵاتی پیشەسازی کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و رێککەوتن دەکەن و لێدوانی هاوبەش لەسەر رووداوە جیهانییەکان بڵاودەکەنەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، تا ئێستا یەکێتی ئەوروپا ئەندامی ئەو گروپە نییە، بەڵام بەشداری لە لوتکەی ساڵانەدا دەکات، ئەمساڵیش هەشت وڵاتی دیکە بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکەدا کە بریتین لە هیندستان، بەرازیل، ئوسترالیا، ئەندەنوسیا، کۆریای باشوور و ڤێتنام.