کەمپێکی پەنابەرانی سوری لە هەولێر، بێوەژنەکان لە ململانێدان بۆ دۆزینەوەی خۆراک و دەرمان

هەولێر – نۆرس پرێس

مالیک یوسف، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا و شەش منداڵی هەتیو و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، بەبێ نان لە کەمپی قوشتەبە ماونەتەوە.

دایکی منداڵەکان بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی منداڵەکانی دابین بکات، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختەی کە بەرگەی بەخێوکردنیان گرتبوو، ناچار بوو کاری کشتوکاڵی بکات.

داپیرەی یوسف، بە نۆرس پرێس-ی راگەیاند: ” هاوسەری کوڕەکەم رۆژانە نزیکەی دە هەزار دینار دابین دەکات، کە بەو پارەیە خواردن و دەرمان دەکڕین و لە هەندێک رۆژدا دەوامەکەی دەوەستێت، بۆیە هیچ هاوکارییەک نادۆزینەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە مانگانە بڕە پارەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرین کە نزیکەی سەد و بیست هەزار دینارە”.

کەمپی “قوشتەبە” بۆ پەنابەرانی سووری، لە شاری هەولێر، پڕە لە ئاوارە سورییە بێوەژنەکان کە هەموو کارێک دەکەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، لە نەبوونی هاوسەر و برا و بژێوی ژیاندا.

ئەم ژنانە بەدەست سەختی دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان و دابینکردنی خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنن، هەندێکیان لە بواری کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریدا کاردەکەن، هەندێکی دیکەشیان پشت بەو هاوکاری و بژێوییە دەبەستن کە وەریدەگرن.

غەزالە ئەلحەمدۆ توانای کارکردنی نییە، بەهۆی هەبوونی کێشەی تەندروستی لە دڵیدا و ناشتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر پێیەکانی بوەستێت و کاربکات، ئەمەش وایکردووە لە ژێر رەحمەتی هاوکاریدا بێت.

ئەلحەمدۆ بە نۆرس پرێسی گوت:” من دوو منداڵم هەیە، بێ هیچ بژێوی و سەرچاوەیەک، جگە لەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دابینی دەکات، مانگانە 72 هەزار دینارە، کاتێک پارەکەمان تەواو دەبێت، بەبێ نانخواردن دەخەوین.”

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە، دەیان خێزانی سوری پەنایان بۆ ناوچەی کوردستان بردووە، هەرچەندە زۆرێک لە ژنانی پەنابەری سوریا سەرکەوتوو بوون لە دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ، بەڵام بەشێکیان بەتایبەتی بێوەژنەکان، هێشتا پێویستیان بە چاودێری و پشتیوانی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان.

دۆسیەی پەنابەری سووری “غەزالە” جیاواز نییە لە دۆسیەی یازی نەبۆ، کە تووشی ئازاری پێی چەپی دەبێت و توانای کارکردنی نییە، ئەمەش وایکرد کوڕە گەورەکەی بەناوی محەممەد کە تەمەنی 12 ساڵە کار بکات بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی دایکی و براکانی.

نەبۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، هاوسەرەکەی لەکاتی جەنگدا لە سوریا گیانی لەدەستداوە، هەروەها خاوەنی دوو منداڵە بە ناوەکانی ئەحمەد و عەلی، هەریەکەیان بە یەک گورچیلە دەژین، ئەمەش وادەکات پێداویستییەکانی خۆراک و دەرمانیان زۆرتر بێت، هەروەها پێویستیان بە چاودێری و پشکنینی پزیشکی هەیە، کە بڕە پارەیەکی زۆری تێدەچێت، لە توانای خێزانەکە زیاترە.

نەبۆ دەشڵێت: “ژیان سەختە، بەتایبەتی کاتێک هیچ بژێوی ژیانت نەبێت، تەنها منداڵێک نەبێت کە خوێندنی لەدەستدا بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانەکەی، و ئەویش بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە تەمەنی خۆی لە ئەستۆ گرتووە، بۆیە نەمانتوانی دەرمان دابین بکەین و سەردانی پزیشک بکەین بەمەش نەخۆشییەکە سەختربووە لەسەرم”.

نەبۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە بەرپرسیار دەزانێت لە یارمەتیدانی، رەچاوکردنی دۆخی منداڵەکانی، یان نیشتەجێکردنی، بۆ ئەوەی مامەڵەی گونجاویان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها پاراستنی منداڵانی بێ باوک لە برسێتی و هەژاری.