داخستنی بەردەوامی دەروازەی پیشخابوور – سێماڵکا، زیاتر ئازاری دانیشتوانی باکووری سوریا دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

لەو کاتەوەی بەرێوبەرایەتی دەروازەی پیشخابوور لە هەرێمی کوردستان دەرگەی خۆی داخست بەڕووی رۆژئاوایی کوردستاندا، نرخی کەلوپەلەکان لە نێو بازاڕەکانی رۆژئاوایی کوردستان بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیووە، دانیشتوانەکانیش ناڕەزایی خۆیان لە بڕیارەکە دەربڕی، چونکە لە ڕێگەی ئەوە دەروازەیەوە رۆژانە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین دەکرێت.

 ئیدارەی پێشخابوور ئاگادارییەکی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە دەروازەی پیشخابوور – سێماڵکا بۆ ماوەیەک دادەخرێت، لەو ئاگادارییەدا، ماوە و هۆکاری داخستنی دەروازەکەی ئاشکرا نەکردووە.

دوای داخستنی دەروازەکە، بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، بڕیاری داخستنی دەروازەی پیشخابوور- سێماڵکا، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دراوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ هۆکارێکی مەنتیقی ئاگادارمان بکاتەوە، یان تەنانەت لە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی داخستنی ئاگادارمان بکاتەوە”.

دەروازەکە بە ئاستی یەکەم بۆ هاتن و چوونی پەنابەران و هاوڵاتیانی رۆژئاوا دادەنرێت، هەروها بۆ ئالۆگۆری بازرگانی بەکاردێت، بۆیە داخستنی دەروازەکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیان و جوڵەی بازرگانییان هەیە.

ئەحمەد ئیسماعیل، کە هاوڵاتی شاری قامیشلۆیە، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە بازاڕ بۆ ماڵەوە، گلەیی لە گرانی نرخی خۆراک دەکات، ترسی خۆی دەردەبڕێت کە بەهۆی داخستنی دەروازەی سنور لەگەل هەرێمی کوردستان، دۆخەکە خراپتر ببێت.

بەرێوبەرایەتی دەروازەی پیشخابوور، شەممەی داهاتوو 20/5/2023  کۆتا وادەی دەستنیشانکردووە بۆ هاوڵاتیانی رۆژئاوایی کوردستان کە خاوەنی ناسنامە و ئیقامەی وڵاتانی ئەوروپان بۆ جێهێشتنەوەی رۆژئاوایی کوردستان و گەرانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.

دوێنێ، چوارشەممە و ئەمرۆ پێنجشەممە 18/5/2023 قەرباڵغییەکی زۆر لە سەر دەروازەی سێماڵکا دروستبوو، بە سەدان ئۆتۆمبێل نۆرەیان گرتبوو بۆ جێهێشتنی خاکی رۆژئاوایی سوریا.

ئەحمەد ئیسماعیل دەشڵێت “داخستنی ئەو دەروازە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر خەڵک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێمە لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین، داخستنی دەرگاکەکەش دۆخەکە خراپتر دەکات، چونکە نرخی زۆربەی کەلوپەل و کەرەستەکان گرانبووە لەوانە سەوزە و گۆشت و خۆراک”.

دەشڵێت: “هیوادارین داخستنەکە زۆر نەخایەنێت، چونکە گرانییەکی زۆر رووی لە ناوچەکەمانکردوە خەڵکەکەش ماندووبوون”.

هاوڵاتی ئەحمەد ئیسماعیل، هیوای خواست لایەنە کوردییەکانی هەردوو دیوی سنوورەکە، رەچاوی بارودۆخی خەڵک بکەن و دەروازەکە بکەنەوە.

دوای داخستنی دەروازەی تەل کۆچەر (یەعروبیە) لە ساڵی 2020، دەروزاەی پیشخابوور – سێمالکا وەکو تاکە دەروازەی سنوری دادەنرێت بۆ ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەردوو لایەنی کوردی لە هەردوو دیوی سنوورەکە بەرپرسیارێتی داخستنی دەروازەکەیان خستە ئەستۆی یەکدی.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، پێنجشەممەی رابردوو، هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمریکا بۆ کردنەوەی دەروازەی پیشخابوور – سێماڵکا شکستی هێنا بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ ئەنجامێک.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا و عێراق کاردەکات، هۆشداری دەدات لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق.

کاسبکارێکی شاری قامیشلۆ بە ناوی سەیف کە کاری فرۆشتنی سەوزەیە لە سەر عەرەبانەیەک کار دەکات بۆ نورس پرێسی، پشتڕاستکردەوە کە داخستنی دەروازەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوت: “داخستنی دەروازەکە ئەنجامی نەرێنی زۆری هەیە، چونکە بازرگانان قۆرخکاری کەرەستەکان دەکەن و نرخەکان بەرز دەبنەوە، داهاتم لە ڕۆژدا 20 هەزار لیرەی سورییە، لە کاتێکدا کیلۆیەک برنج 8 هەزار لیرە و شەکریش 8 هەزار و 500 لیرەیە.

سەیفەدین لە درێژەی قسەکانیدا، بە دەنگێکی نائومێدیەوە، گوتی: “رەنگە سەوزە هەرزان بێت، چونکە خۆماڵییە، بەڵام خۆراک گرنگترە لە سەوزە و نرخی زۆر بەرزە،  کەرەستە هاوردەکراوەکان نرخیان “فریوە” بۆ نموونە دۆشاوی تەماتە نرخەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 40 هەزار لیرە و هوکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاریی بازرگانەکان”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر داخستن دەروازەکە بەردەوام بێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، “موچە، بە تێکڕا 500 هەزار لیرەیە، ئەمەش بەش ناکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانێک بۆ یەک مانگ”.

هاوشێوەی ناوچە جیاوازەکانی سوریا، ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەدەست دەرئەنجامەکانی داڕمانی بەهای لیرەی سورییەوە دەناڵێنن، کە بەربەستی 9 هەزار لیرەی تێپەڕاند.

پرسی داخستنی دەروازەکەی پیشخابوور لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا قسەی نێو شەقام و سۆشیال میدیایی رۆژئاوایی کوردستان بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە داواکارییەک لە نێو شاقام هەیە بۆ دوورخستنەوەی دەروازەکە لە ناکۆکییە سیاسیەکانی نێوان هەردوو دەستەڵاتی کوردی.

محەمەد عەبدوڵڵا بازرگانێکی خۆراکە لە قامیشلۆ ئاماژە بەوە دەکات کە دەروازەکە بزوێنەری بازاڕە لە باکوری سوریا، چونکە زۆربەی کەلوپەلەکان لە رێگەی ئەو دەروازە هاوەردە دەکرێت رۆژئاوایی کوردستان.

ناوبراو بە نۆرس پرێس-ی راگەیاندووە، “ئەو کاڵایانەی لە پشت سنوورەوە ماونەتەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتوان دەبێت، داخستنی دەروازەکەش لێکەوتەی نەرێنی دەبێت، بەو پێیەی ئێمە زۆر پشت بەم دەروازە دەبەستین، هەروەها ئەو ڕاستییەی کە ئەو دەروازە بازاڕی کار دەجوڵێنێت، چ بارهەڵگری گواستنەوە بێت یان هێزی مرۆیی، و هیوادارین بە تەواوی دانەخرێت، ” هیوادارین هەردوولا، جیاوازییە سیاسییەکان وەلا بنێن.”

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخێکی خراپی ژیان هەیە، دۆلاریش گەیشتووەتە نۆ هەزار لیرە، خەڵک لە ئێستاوە ماندوو بووە، بۆیە داوا دەکەین جیاوازییە سیاسییەکان لاببرێن، چونکە توێژێکی باشی خەڵک داهاتیان لە سەر ئەو دەروازەیە”.

ڕوونیشیکردەوە، کاریگەری داخستنی دەروازەکە لەسەر بازاڕی ئاژەڵداری و سەوزەی هاوردەکراویش دەبێت، کە دانیشتووان بۆ بژێوی ژیانیان پشتی پێدەبەستن.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئەگەر داخستنەکە بەردەوام بێت، ئەوا بازرگانەکان کۆنتڕۆڵی بازاڕەکە دەکەن، بە چیمەنتۆشەوە، کە لە ئێستادا دەگوترێت لە 25 هەزارەوە بۆ 60 هەزار لیرە زیادی کردووە، کەواتە هاوڵاتی چۆن دەتوانێت خانوو دروست بکات.

داواشی لە “بەرپرسە کوردەکان کرد کە بارودۆخی خەڵک لەبەرچاو بگرن و بە زووترین کات دەروازەکە بکەنەوە”.