پێنجەمین كۆنفراسی لالش بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان لە هەولێر بەرێوەچوو

هەولێر – نۆرس پرێس

پێنجەمین كۆنفراسی لالش بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان، لەژێر ناونیشانی”مافی دادپەروەری گشتگیر بۆ رزگاربووانی توندوتیژی سێكسی لەكاتی شەڕ و ململانێكاندا” لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، لە هوڵی کۆنفرانسەکان لە شاری هەولێر بە دەیان بەرپرس و سیاسەتمەدار و چالاکوان و کۆنسوڵ و ژنانی چالاکوان کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکە ئەنجامدرا.

 ئەم كۆنفراسە بە هاوبەشی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان  و رێكخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و میدیكا مۆندیالی ئەڵمانیا و گروپی ئاشتی ژنانی سەركردە لە كوردستان بەرێوەچوو.

خەیری بۆزان، راوێژکاری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئاوقاف و کاروباری ئاینی بە نۆرس پرێس رایگەیاند، ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆنفرانسە، گرنگی خۆی هەیە، چونکە لە کاتێکدایە کە هێشتا بە هەزاران کەس دەستگیرکراون و ئەوان ئازادیش کراون وەک پێویست هاوکاری نەکراون، بۆیە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەبێت ببێتە فشار لە سەر لایەنی دەستەڵاتدار و حکومەتەکانی ناوچەکە هەروها هێزە چەکدارەکان بۆ ڕزگارکردنی بێسەروشوێنەکان و هاوکاریکرنی ئازادکراوەکان لەلایەن دەروونیەوە تاوەکو دووبارە بگەرێنە نێو کۆمەڵگە.

یەکێک لە رزگارکراوەکانی داعش بە ناوی سەلوا سەدیۆ عومەر، بە نۆرس پرێس دەلێت: ” ئامانجی سەرەکی بەشداریم لەم کۆنفرانسە ئەوە بوو، کە بە رێکخەرانی کۆنفرانس بلێم بۆ چی ماوەی 9 ساڵە، ئێمە لە کامپ دەژین، هەروەها باسی کێشە، ئێش وئازارەکانی ئازادکراوەکان بکەم.

یەکێک لە رێکخەرەکانی کۆنفرانسەکە، کە ناوی بەهار عەلی ە و بەرێوبەری رێکخراوی “ئێمە”یە بە نۆرس پرێسی گوت:” لەم کۆنفرانسەدا بە بەشداری کەسانی پسپۆر تیشك دەخرێتە سەر سێ تەوەری سەرەکی:

یەکەم: پرسی دادگایکردنی تاوانبارانی داعشە، حکومەتی فیدڕاڵی وحکومەتی هەرێم چ پرۆژەیەکیان هەیە بۆ دادگاییکردنیان.

دووەم: وتوێژکردنی ئەو کێشە کۆمەڵاتیانەیە کە رزگاربووانی تووشی دەبن.

سێیەم: وتوێژکردنی یاسای “رزگارکراوەکان” کە تازە لەلایەن حکومەتی عێراق دەرچووە، هەروەها ئاستەنگییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە.

دێرین خذر، چالاکوانێکی ئێزیدییە و بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئامانجمان لە بەستنی ئەم کۆنفرانسە گەیاندنی دەنگی ئێزیدییەکانە بە لایەنی مەبەست بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان.

گووتیشی: “جگە لە باری دەروونی رزگارکراوەکان، باری دارایشیان لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبێت دەنگیان بگاتە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بژین.”