سێ ساڵە قەیرانی ئاو لە حەسەکە بێ چارەسەر ماوەتەوە
حەسەکە- نۆرس پرێس
فاتیمە حسێن (50 ساڵ)، دانیشتووی گەڕەکی ناسریە لە شاری حەسەکە، هەر دوو ڕۆژ جارێک نزیکەی 18 هەزار لیرەی سوری دەدات بۆ دەستەبەرکردنی ئاو لە تانکەرە گەڕۆکەکان و ئەمەش بارگرانییەکی دارایی لەسەر خێزانەکە زیاتر دەکات، کە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە پێویستی زیاتریان بە ئاوە.
ئەو ژنە پەنجا ساڵە، لەکاتێکدا لەگەڵ دراوسێکانی لەبەردەم ماڵەکەیدا دانیشتووە، دەڵێت گەڕەکەکەیان بیری تیدا نییە ونزیکترین بیریش مەودایەکی زۆر لێیانەوە دوورە، ئەمەش گواستنەوەی ئاوی لێوە کردووە بە مەحاڵ.
حوسێن كە خێزانەكەی لە دە كەس پێكهاتووە، بەتەواوی پشت بە كڕینی ئاو لە تانكەرەکان دەبەستێت، ئەمە جگە لەو ئاوەی لە وێستگەی عەلووكەوە لە رێگەی تۆڕەكەوە دەگەیەنرێت، كە ” لاوازە و كاتژمێرەكانی بەردانەوەی كەمە”
جگە لەوانیش دانیشتوانی دیکە دەڵێن ئاوی تانکەرەکان ناتەندروستن یان بۆ خواردنەوەی دەست نادەن، بەڵام حسێن لەبەر بێتوانایی لە کڕینی ئاوی کانزایی، ناچارە بەکاری بهێنێت و بیخواتەوە.
زیاتر لە سێ ساڵە کێشەی ئاوی حەسەکە چارەسەر نەکراوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوینی هەموو ساڵێک خراپتر دەبێت، چونکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دانیشتووان ناچار دەکات ئاوی زیاتر بەکاربهێنن و خەرجی زیاتر لە دەستەبەرکردنیدا بکەن.

ئەم کێشەیە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە تورکیا و میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆزی، بنکەی ئاوی عەلووکیان لە ئۆکتۆبەری 2019 ەوە داگیر کرد، بەو پێیەی بە سەرچاوەی سەرەکی شارەکە و چەند ناوچەیەکی تر دادەنرێت.
پێشتر دڵدار ئامەد، هاوسەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان لە پارێزگای حەسەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، کۆنترۆڵی تورکیا بۆ وێستگەی بیرە ئاوییەکانی عەلووک و کارنەکردنی ژمارەیەکی پێویست لە بیرەکان ناچاریان دەکات سیستمی پەمپکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی حەسەکە پەیرەو بکەن.
ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەر ئاماژەی بەوەدا كە پەمپەكان هەندێك جار نزیكەی سێ رۆژ دەخایەنێت تا تانکەری سەرەكی شارەكە پڕدەكەنەوە، بۆ ئەوەی رۆژی دواتر پەمپ بكرێت بۆ دانیشتووان، بەپێی پلانی دابەشکردنەکە.
بەپێی سیستمی دابەشکردنی ئاو، شاری حەسەکە بەسەر پێنج بەشدا دابەشکراوە، کە هەریەکەیان لە باشترین حاڵەتەکاندا دە ڕۆژ، یان دوو هەفتە جارێک پشکی خۆی لە بەشەئاو وەردەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ئاو بەسەر پێنج کەرتی شارەکەدا دابەش دەکات، جگە لە ناوچەکانی تەل تەمر و ئەلهۆل، هەروەها بەشێک لە کامپی ئاوارەکان.
لە گەڕەکی تەل ئەلحەجەر لە حەسەکە، سوبحی ئۆسی تەمەن 69 ساڵ گلەیی لە بارگرانییەکانی کڕینی ئاو دەکات، بە تایبەت کە خاوەن تانکەرەکان پابەند نین بەو نرخەی بەڕێوبەری خۆسەر بۆی داناون، کە 4500 لیرەیە بۆ هەر پێنج بەرمیلێک، لە کاتێکدا داوای لە نێوان حەوت بۆ هەشت هەزار لیرە دەکەن.
ئەو پیاوەی تەمەنی شەستەکانە و خێزانەکەی لە چوار کەس پێکهاتووە، هەفتەی دوو جار تانکیە پێنج بەرمیلەکەی پڕ دەکاتەوە لە ئاوی تانکەرەکان، بە تایبەت کە ماڵەکەی دەکەوێتە ناوچەیەکی بەرزی گەڕەکەکە، بەهۆی لاوازی پەمپکردنەکەوە، ئاوی گشتی ناگاتە ماڵی ئەو.
لە وەڵامی سکاڵاکانی دانیشتووان سەبارەت بە گرانی نرخی کڕینی ئاو، خاوەن تانکەرەکان دەڵێن، ئەوان بەدەست قەیرانەوە دەناڵێنن لەسەرکانیەکانی حما، لە نزیک بەنداوی رۆژهەڵات، لە رۆژئاوای حەسەکە، هەروەها تێچووی زۆری نۆژەنکردنەوە، ناچاریان دەکەن بە بەرزکردنەوەی نرخی ئاو.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، خێزانەکان تا دەتوانن هەوڵ دەدەن بڕی ئاوی بەکارهێنراو کەم بکەنەوە، بەڵام ئەمە لە زۆر حاڵەتدا بێهودە دەردەکەوێت کاتێک پلەکانی گەرما بەربەستی 45 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت.
محەممەد عەلی، دانیشتووی گەڕەکی کلاسە، وەک هەموو دانیشتوانی شارەکەی، سەرەڕای دۆخی سەختی ژیانی، ناچارە ئاو لە خاوەن تانکەرەکان بکڕێت، بەو پێیەی دوو تەنکی هەیە، هەر تەنکیەک توانای هەڵگرتنی پێنج بەرمیل ئاوی هەیە و دوو ڕۆژ جارێک پڕیان دەکاتەوە بە 16 هەزار لیرەی سوری.
پیاوەکەش دەڵێت، ئاوی تانکەرەکان گونجاو نیین، “بەڵام هیچ ئەلتەرناتیڤێکی تر نییە و ناچارین بەکاریان بهینین”