کوردانی باکوور لە هەولێر: چاوەڕوانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنین و بەهیوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانمانین
هەولێر – نۆرس پرێس
دوو سبەی یەکشەممە، تورکیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان، کە بە چارەنووسساز وەسف دەکرێت و بەشێکی بەرچاو لە گەلانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆن کە لەسەر مێزێک کۆبوونەتەوە، هیواکانیان لەسەر ئەم خولەی هەڵبژاردن دەچەسپێنن، لە کێبڕکێیەکی تونددا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی ناسیۆنالیستی هاوپەیمانی.
زۆرێک لە خێزانە کوردەکانی باکووری کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەژین و چاویان لەسەر ئەوەیە کە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا لە وڵاتەکەیان روودەدات.
نۆرس پرێس هەوڵیدا چاوی بە هەندێک گەنجی کوردی باکووریی بکەوێت کە لە هەولێر کاردەکەن، بۆ ئەوەی پرسیاریان لێبکات دەربارەی هیواکانیان لەم هەڵبژاردنانە، لەوانە ئەو گەنجە، “ئەیوب شاهین”، کە داوای لە براوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد ریزەکانی گەلانی تورکیا یەکبخات و دابەشیان نەکات.
ئەیوب، کوردێکی باکووری کوردستانە و لە چێشتخانەیەک لە شاری هەولێر کاردەکات، دەڵێت: “هەموومان چاوەڕێی ئەو هەڵبژاردنانە دەکەین، هیوادارین بارودۆخی خێزانەکانی تورکیا باشتر بێت، هەروەها خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو خەڵکی تورکیا بە هەموو پێکهاتەکانەوە بەردەستبێت”.
سەبارەت بەو گەنجێکی دیکە، “فورات ئۆزن”، کە هونەرمەندێکە و لە شاری هەولێر کاردەکات، داوا دەکات لایەنە کوردییەکانی تورکیا پابەندبن بە “نەتەوەییبوونی کوردییانەوە” و لە رێگەی ئامادەبوونیان لە پەرلەمانی تورکیا پەیامی گەلی کورد بگەیەنن.
“ئۆزن” پێیوابوو، خولی هەڵبژاردنی ئێستا جیاوازە لە خولەکانی پێشوو، چونکە کۆمەڵێک پارتی گرنگی کوردی لەخۆدەگرێت، کە رۆڵی کارایان هەیە لە بەرزکردنەوەی دەنگی گەلی کورد لە تورکیا.
گەنجێکی دیکە بەناوی “عەلی گولەر”، پێی وایە گەلانی تورکیا پێنج ساڵ لەمەوبەر سیستەمی سەرۆکایەتیان تاقیکردۆتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا ئەوە روونبووەتەوە کە نەک هەر کورد لە تورکیا، بەڵکو تەواوی گەلانی تورکیا سیستمی پەرلەمانییان لەبری سیستمی سەرۆکایەتی پێ باشترە.
کێبڕکێکە لەم خولەی هەڵبژاردنەدا لە نێوان “رەجەب تەیب ئەردۆغان”، سەرۆک کۆماری ئێستا و “کەمال کلیچدارئۆغڵو”ی رکابەرەکەیدا یەکلایی دەبێتەوە.
هەڵبژاردنەکانی تورکیا سەرنجی جیهان بۆ لای خۆیان راکێشاوە، چونکە دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەگەری گوڕانکارییەک لەئارادایە.