دیمهشق – نۆرس پرێس
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە سودان، لایەنە پزیشکییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی سودان هۆشدارییاندا لە کارەساتێکی پزیشکی و سروشتی و داڕمانی کەرتی پزیشکی لەو وڵاتە.
سەندیکای پزیشکی و شارەزایانی پزیشکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی سودان، هۆشداریاندا لە کارەساتێکی پزیشکی و سروشتی لەو وڵاتە، نەک تەنها بە هۆی کوژراوان و برینداربوانی جەنگەوە، بەڵکوو بە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا و ئاو و خواردنەوە.
سەدان لاشەی مردوو لە نێو رێگاوبانەکانی سوداندا فڕێدراون، هەروەها بە هۆی ئاگرکەوتن و دوکەڵی بۆمبارانکردن و سوتانی شوێنەکانی جەنگ کەشوهەوای ئەو وڵاتە تێکچووە و ئاوی خواردنەوە زۆربەی ژەهراوی بوە و شییاو نییە بۆ خواردنەوە، بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوە هەندێک لە دانیشتوانی خەرتوم ئاو لە روباری نیل دەخۆنەوە و پێی نەخۆش دەکەون.
بەرنامەی خۆراکی جیهانیش، پێشبینی دەکات ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراک و نەبوونی ژینگەیەکی تەندروست، دەناڵێنن لە سودان لە نێوان دوو بۆ دوو ملیۆن و 500 کەس بەرزببێتەوە.
لە 15ی نیسانی 2023 لە خەرتومی پایتەختی سودان شەڕ و پێکدادان هەڵگیرسا لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لەمیانی ئەم روداوانەدا سەتان کەسی سڤیل و چەکدار کوژراون و هەزارانی دیکە بریندار و کەم ئەندام بون.