لە رۆژی کرێکاران… پەنابەرانی سووری: رۆژانە 12 کاتژمێر کار دەکەین

هەولێر – نۆرس پرێس

یەکی ئایاری هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچێت، کە بۆنەیەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە بۆ پێزانینی کرێکاران و ئەو ڕۆڵەی کە لە کۆمەڵگاکانیاندا دەیگێڕن، بەڕێوەدەچێت.

لەو ساڵانەی شەڕ و ئاڵۆزی لە سوریادا هەبوو زۆرێک لە گەنجە سورییەکان ناچاربوون پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دراوسێ و بەدوای کاردا بگەڕێن، بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن، هەندێکیان دەستیان بە کارکردن کرد لە خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی دیکەیان لە چێشتخانە و نانەواخانەکاندا کاریان دەکرد.

گەنجێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان، لە کەمپی “قوشتەپە” لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکانی سوریا کاردەکەن، لە نانەواخانەکەی کەمپەکەدا، نان بۆ هەموو خێزانەکان ئامادە دەکەن، کارەکانیان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کاتژمێر حەوتی ئێوارە.

عەدنان عەبدولڕەحمان، پەنابەرێکی سوریی رۆژئاوای کوردستانە و دەڵێت: “رۆژانە نزیکەی 12 کاتژمێر لەو نانەواخانەیە کاردەکات، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی، هەرچەندە مووچەکەی بەپێی پێویست نییە، بەڵام ئەوە تاکە کارە لە ئێستادا بتوانێت ئەنجامیبدات”.

عەدنان بەرگەی ئەو ناڕەحەتییە دەگرێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەردەم ئاگرێکدا وەستاوە بۆ ئامادەکردنی نان، لە وەرزی هاویندا بەدەست بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دەناڵێنێت، دەڵێت: “کارەکانمان ماندووکەرە، بەڵام پیرۆزبایی لە هەموو کرێکارێک دەکەم کە ملکەچی توندی پەنابەری نەبووە و لە پێناو خێزانەکەیدا بەردەوام بووە لە کارکردن.”

بارودۆخی ئەو پەنابەرە سورییەش کە ناوی “حسێن ئەحمەد”ە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هاوڕێکەی “عەدنان”، کە لە ناو نانەواخانەکەدا کاردەکات و ئەرکی ئامادەکردنی هەویری نانە،  دەڵێت: “کاتی کارکردنمان زۆرە و پارەکەشمان کەمە، هیوادارم لەم ڕۆژەدا کە هەموو کرێکارێک مافەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت و ئەم بۆنەیە دەرفەتێک بێت بۆ بیرهێنانەوەی داواکاری کرێکاران تاوەکو ژیانێکی باشتر فەراهەم بکەن”.

سەبارەت بە  “دیار ئیبراهیم”، مەرجی پەنابەری ناچاری کردووە لەبری خوێندن، کار بکات، نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لە نانەواخانەی کەمپەکە دەستی بە کارکردن کرد، دەڵێت: “هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا هیوادارین مافەکانمان بەدەست بهێنین، بەڵام هیچ نادۆزینەوە، مووچەکانمان هێشتا کەمن، کاتی دەواممان زۆرە، هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا بارودۆخمان باشتر بێت.”

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە زۆرێک لە گەنجانی رۆژئاوای کوردستان بە دوای ژیانێکی باشتر و دەربازبوون لە ئاگری شەڕ، وڵاتیان جێهێشت، بەڵام نەبوونی هەلی کار و کەمی مووچە زۆربەیان ناچار بوون لە کاری خزمەتگوزاری و سەختدا کار بکەن، وەک کرێکاری، کاری پاککردنەوە و گواستنەوەی کەلوپەلی ماڵان.

ڕۆژی کرێکاران دەربڕینێکە لە بزووتنەوەی مانگرتن کە لەلایەن کۆمەڵێک کرێکارەوە لە کەنەدا ئەنجامدرا و دواتر ڕێککەوتن کرا کە یەکەمی مانگی ئایار ڕۆژێکی جیهانی کرێکاران بێت.