لیرەی تورکی بەرەو داڕمان دەڕوات.. کرێکارانی ئیدلبیش دەناڵێنن

ئیدلب – نۆرس پرێس

باسل ئیبراهیم تەمەن (31 ساڵ) لە کەرتی کشتوکاڵی لە شاری بنیش لە رۆژهەڵاتی ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا کاردەکات، هەموو هەوڵەکانی باسل بۆ دابینکردنی پێداویستی پێنج منداڵەکەی بەفیڕۆچووە، ناتوانێت داهاتێکی جێگیر بۆ خۆی بەدەستبهێنت، چونکە لیرەی تورکی کە دراوێکی فەرمییە لە نێو پارێزگای ئیدلبی سوریا بە بەردەوامی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە داڕماندایە و کێشەی نەبوونی کۆنترۆڵی بازاریش چارەسەرنەکراوە.

 دوایین شت کە کرێکارەکە (باسل ئیبراهیم) پەنای بۆ برد، کارکردن بوو لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، بە مەبەستی پاشەکەوتکردنی بڕێک پارە بۆ دەستەبەرکردنی خەرجییەکان و پێداویستییەکانی خێزانەکەی، بە تایبەت ئێستا هەموو کەلوپەلەکان نرخیان رۆژ لە دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، جگە لە کرێی کرێکاران کە وەک خۆی ماوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی “دۆڤیس” کە تایبەتە بە لیرەی تورکی رۆژی شەممە 29ی نیسانی 2023 لیرەی تورکی بۆ ئاستێکی مێژوویی نوێ دابەزی، دوای ئەوەی نرخی لیرەی تورکی گەیشتە زیاتر لە 21.5 لیرە بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی.

 لە مانگی حوزەیرانی 2020دا، گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە  باکوری رۆژئاوای سوریا، بریاریاندا بە گۆڕینی لیرەی سوری بە لیرەی تورکی، لەو کاتەوە لیرەی تورکی بووتەوە دراوەکی فەرمی لە نێو ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی تورکیا و گرۆپەکانی ئۆپۆزسیۆندایە، بریاری گۆرینەوەوش دوای ئەو هات کە لیرەی تورکیا لە بەرمبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزی بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە میژوودا، بەڵام دواتر لیرەی تورکی بە هەمان چارەنوسی لیرەی سوریادا رووشت، و تووشی داڕمان بوو.

داڕمانی لیرەی تورکی کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتوانی ئیدلب دروستکردووە، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بێکاری و کەمی مووچە، بەو پێیەی مووچەی کرێکارێک لە ڕۆژێکدا لە دۆلار و نیوێک تێناپەڕێت، ئەمە جگە لەو گرژییە ئەمنییەی کە ناوچەی ئۆپۆزسیۆن بۆ چەندین ساڵە رووبەڕووی بووەتەوە.

 “حوسەین” و هاوسەرەکەی رۆژانە، 5  کاتژمێر کاردەکەن بەرامبەر 35 لیرەی تورکی کە دەکاتە 14 هەزار لیرەی سوری و یەک دۆلار و 70 سەنتی ئەمریکی، بەڵام ئەو 35 لیرەیە بەشی کرینی یەکێک لە جۆرەکانی سەوزەوات ناکات کە هەرزانترینیان زیاتر لە 12 لیرەی تورکییە.

حوسەین دەلێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەی رۆژانە پێویستی بە 100 لیرەی تورکی هەیە واتە (سێ ئەوەندەی داهاتەکەی)، ئەمەش ئەگەر دەستبەرداری کڕینی گۆشتی سور و مریشک و میوە بێت، واتە تەنها کڕینی نان و سەوزەواتی رۆژانە، چونکە نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور 200 لیرەی تورکییە.

بەشێک لە دانیشتوانی شاری ئیدلب بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، “بازرگانان بەپێی ئارەزووی خۆیان شت دەفرۆشن، بەبێ ئەوەی هیچ چاودێرییەکیان بەسەرەوە هەبێت”.

ئەیاد عومەر (42 ساڵ)، دانیشتووی شاری مەعرەت میسرین لە باکوری ئیدلب، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نرخی هەموو جۆرە سەوزە و میوە و گۆشتێک زۆر بەرزبوونەوەی “شێتانە” بووە، بۆ نموونە، نرخی یەک کیلۆ تەماتە لە 10 لیرە بۆ 15 لیرەی تورکی بەرزبووەوە.

نرخی یەک کیلۆ سێو لە 10 لیرەی تورکییەوە بۆ 13 لیرەی تورکی بەرزبووەوە، کیلۆیەک مۆز لەبری 18 لیرە بۆ 22 لیرەی تورکی بەرزبووەوە، گۆشتی مریشکیش گەیشتە 40 لیرە، گۆشتی سووریش گەیشتە 200 لیرەی تورکی.

عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو بازرگان و خاوەن دوکانێک بەو نرخە دەفرۆشێت کە خۆی دەیەوێت، هەروەها نرخی ئەو شتەی لە دوکانەکەیدا هەیە لە کاتژمێرێکدا چەند جارێک دەگۆڕێت، بە بیانووی کەمی نرخی ئاڵوگۆڕی لیرەی تورکی”.

سووتەمەنی دەفڕێت

ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای “وتد پترۆلیۆم” کە بازاڕی سوتەمەنی لە باکووری رۆژئاوای سوریا قۆرخ دەکات و سەر بەرەی نوسرە یە، نرخی سووتەمەنی و گاز بە دۆلاری ئەمریکی لە جیاتی لیرەی تورکی دیاریکرد.

موبارەک شمالی (تەمەن 29 ساڵ)، ئاوارەیەکی گوندەکانی حەمایە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بڕیاری گۆڕینی نرخی سووتەمەنی و گاز بە دۆلاری ئەمریکی لەبری لیرەی تورکی بووەتە “لێدانێکی کوشندە” بۆ دانیشتوانی ئیدلب.

چونکە بەهۆی کارەکەی لە یەکێک لە کارگەکانی شاری ئیدلب، رۆژانە ناچار دەبێت بە ماتۆڕەکەی مەودای 20 کیلۆمەتر ببڕێت، لەگەڵ زیادبوونی خەرجییەکانی ماتۆرەکەی، بەو پێیەی ئێستا لیترێک بەنزین بە 23 لیرەی تورکی دەکڕێت ، لە کاتێکدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کەمتر بوو لە 21 لیرە بووە، لە هەمان کاتدا مووچەکەی لە کارگەکەدا وەک خۆی ماوەتەوە، لە باشترین بارودۆخدا لە 60 لیرەی تورکی تێناپەڕێت.

نەبوونی هاوردەکردنی دۆلار وەکو سەنت لە ئیدلب دانیشتووانی ناچار دەکات نرخی سووتەمەنی بە لیرەی تورکی و نرخی ڕۆژانەی ئاڵوگۆڕی دۆلار بدەن، “واتە ئەمڕۆ نرخی بتڵێک غاز دەگاتە نزیکەی 280 لیرەی تورکی (112 هەزار لیرەی سوری) ، لە کاتێکدا نرخەکەی پێشتر 260 لیرە بووە.”

 جەختیشی لەوە کردەوە کە سودمەندانی ئەو بڕیارەی کە نرخی سووتەمەنی بە دۆلار دیاری کردووە، “بە پلەی یەکەم خاوەنی بەنزینخانەکانن کە نرخەکان کۆنترۆڵ دەکەن، سودمەندی دووەمیش “حکومەتی رزگاری” و کۆمپانیاکانی سەر بە خۆیەتی کە بڕوایان بە دانیشتووانیان کردوە کە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.”