رەقە…دانیشتوانەکەی بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان دەناڵێنن
رەقە – نۆرس پرێس
ئەحمەد لە دەرمانخانەیەکەوە دەچێتە دەرمانخانەیەکی دیکە، رەچەتەی پزیشکی بە دەستەوەیە، گرانیی نرخی دەرمانەکان وایلێکردوە کەمترین نرخ لەنێوانیاندا هەڵبژێرێت، بەتایبەتی کە نرخەکان جیاوازن.
ئەحمەد عیسا (55 ساڵ) دانیشتووی شارۆچکەی کەرامەیە کە 35 کم لە رۆژهەڵاتی رەقە دوورە، گلەیی لە گران و نایەکسانی نرخی دەرمان دەکات، هەروەها پارەیەکی زۆر دەدات بۆ کڕینی ئەو دەرمانی کە پێویستی پێیەتی.
دانیشتوانی شارۆچکەی کەرەمە لە رۆژهەڵاتی شاری رەقە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا گلەیی لە گرانی و جیاوازی نرخی دەرمان لە نێوان دەرمانخانەکان دەکەن، کە بە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم نەخۆشەکان دەرەوەی شار دادەنرێت، بە تایبەتی بەهۆی دۆخی ئابوری خراپی دانیشتوانی ناوچەکە.
عیسا کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەیە، بەردەوام پێویستی بە دەرمان هەیە، ئەمە جگە لە هەندێک جۆری دەرمانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی نیشانە لاوەکییەکان.
بەڵام دوای بەرزبوونەوەی زۆری نرخی دەرمانەکان و خراپی باردۆخی ئابوری عیسا، تەنها ئەو شتانەی کە پێویستن دەیکڕێت، بەڵام ئەوەی زۆر نیگەرانی دەکات، جیاوازی نرخی دەرمانە لە نێوان دەرمانخانەکان و نەبوونی چاودێری.
نرخی دەرمان لە نێوان دەرمانخانەکاندا جیاوازە، ئەمەش لەبەر نەبوونی کۆنترۆڵی راستەقینە بەسەر کارەکانیاندا، هەروەها نەبوونی کلتوری گلەییکردن، هاوکات نەبوونی بەدواداچوون لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان، جیاوازی نرخ بۆ هەندێک جۆری دەرمان دەگاتە 10 هەزار.
بۆیە عیسا لە سەر خواردنی دەرمانەکانی بە شێوازێکی رێکخراو بەردەوام نابێت.
هەروەها عیسا عەلی (30 ساڵ) دانیشتووی ناوچەی حەمرەتە، کە نزیکەی 15 کم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رەقە، دەلێت کاتێک ویستویەتی جۆرە حەبێکی دژە هەوکردن بکرێت، سەرنجی ناتەبایی نرخی دەرمانەکانی داوە، دەرمانخانەیەک داوایی 4500 لیرەی سوری کردووە دەرمانخانێکی دیکە داوای 6000 لیرەی کردووە.
عیسا عەلی ” دەستکاریکردنی نرخی دەرمانەکان بەکارێکی “زۆر مەترسیدار”لەقەڵەم دەدات و هیوادارە چاودێریکردنی کارەکانی دەرمانخانەکان چالاک و چڕتر بکرێتەوە.
وەک چۆن نەخۆشەکان بە دەستی نەخۆشیەوە دەنالێنن لە هەمان کاتدا بە دەستی گرانی و جیاوازی نرخی دەرمانەکان و بارودۆخی ئابووری سەختەوە دەناڵێنن.
لەسەرەتای ئەمساڵدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی سوریا بەرزبوونەوەی نرخی 12 هەزار و 826 جۆری دەرمانی راگەیاند، کە بەشێکیان لەسەدا 80 بەرزبووە.
لە ناوەراستی مانگی کانوونی دووەمداش، وەزارەتی تەندروستی سوریا نرخی نزیکەی 20 جۆر دەرمانی بەرزکردەوە، پێش ئەوەش، لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، نرخی هەندێک جۆری دەرمان بە رێژەی لە سەدا 30 بۆ 40 بەرزکردەوە.
بەهۆی ئەو هۆکارانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، خەلیل موسا (45 ساڵ) دانیشتووی شارۆچکەی جەدیدات کە نزیکەی 50 کم لە رۆژهەڵاتی رەقەوە دوورە، دەچێتە نەخۆشخانە حکومییەکان و بە دوای ئەو رێکخراوانەدا دەگەرێت کە دەرمانی گورچیلە دابین دەکەن.
کورەکەی خەلیل موسا کە تەمەنی 17 ساڵە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە، بە بەردەوامی پێویستی بە دەرمان و چارەسەر هەیە، بەو پێیەی هەفتەی دووجار گورچیلەکانی دەشۆردرێت و ئەمەش وا دەکات کە برە پارەیەکی زۆر بۆ چارەسەری تەرخان بکات. بۆیە ناچارە پشت بە رێکخراوە مرۆییەکان ببەستێت.
وەکو ئەوانی دیکە، خەلیل موسا داوای چرکردنەوەی کۆنترۆڵی دەرمانخانەکان دەکات، کە دەرمانیان کردووە بە کاڵایەک و بەپێی بەرزی و نزمی نرخی دۆلار دەیفرۆشن.
بەڵام لە نەبوونی کۆنترۆڵی کارا بەسەر دەرمانخانەکاندا، کەسانی کەم دەرامەت بەردەوام دەبن لە گەران بەدوای دەرمانخانەیەک کە دەرمان بە هەرزانترین نرخ بفرۆشێت .
لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان، نەخۆشەکان هەوڵ دەدەن لە خەرجییەکان پاشەکەوت بکەن لەسەر حیسابی تەندروستی خۆیان، کەی سانسۆرێک بۆ ئەم کارانە دەکرێت؟