کۆبانێ.. ترسی جوتیاران لە ئاگرکەوتنەوە و سوتانی بەروبوومە کشتوکاڵیەکانیان

کۆبانێ – نۆرس پرێس

“عەلی” وەک هەر جووتیارێکی کۆبانی ترسی ئەوەی هەیە کە بەروبوومی کشتوکاڵییەکانی بسووتێن و ترسەکەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنەدا زیاتر دەکات، بەتایبەتی کە بەهۆی وشکەساڵی و نەبوونی بارانەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیانی زۆریان بەرکەوتبوو.

عەلی محۆ (64ساڵ)، جووتیارێکی خەڵکی گوندی “جارقلی”یە لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ، بیری دێتەوە کە چۆن ئاگر بەشێکی زۆری وەرزی کشتوکاڵی لە گوندەواری کۆبانێ سوتاند، ئەمەش بەھۆی نەبوونی رێکارەکانی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و کەموکوڕی لە دەستەی ئاگرکوژێنەوەدا.

جووتیاران داوا لە بەڕێوبەری خۆسەر و دەسەڵاتی کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی فورات دەکەن رێوشوێنێک بگرنەبەر، بۆ دەستەبەرکردنی ژمارەیەکی زۆرتر لە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، بەمەبەستی پاراستنی بەروبوومەکانیان لە ئاگرکەوتنەوە، کە کاریگەری “کارەساتبار”ی لەسەر جووتیاران دەبێت ، ئەگەر رووبدات.

“محۆ” خاوەنی شەش هێکتار گەنمی چێنراوە، ئەمساڵی بەروبووم بە “ناوازە” ناودەبات، دوای دوو ساڵ لە وشکەساڵی، بەڵام پێیوایە “دەبێت جووتیاران و بەڕێوبەری خۆسەر بە جددی کاربکەن بۆ پاراستنی وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵ.”

رووبەری ئەو زەوییە ئاودێریانەی “بەراو” کە بە گەنم و جۆ لە ناوچەی فورات دەچێنرێن 59 هەزار هێکتارن، لە کاتێکدا رووبەری چاندن بە باران “دەیمی” دەگاتە 115 هەزار هێکتار، بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی فورات.

هوشیارکردنەوەی دانیشتووان

“محۆ” دەڵێت پاراستنی بەروبووم پێویستی بە پەروەردەکردنی جووتیاران و دانیشتوانی گوندەکانە بەگشتی، هەروەها ژمارەی ناوەندەکانی وەرگرتنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەبێ پچڕان لە وەرزی دروێنەکردندا زیاد بکرێت.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە گازوایل بەسەر خاوەن تراکتۆرەکاندا دابەشبکرێت لە گوندەکان، چونکە ئەوان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی وەرزی کشتوکاڵ لە ئاگرکەوتنەوە، بە کێڵانی زەوییەکان پێش ئەوەی ئاگرەکان بگاتە سەریان”.

ئەو هیوادارە وەرزی کشتوکاڵ بەسوودی جووتیاران کۆتایی پێبێت، بەو پێیەی لە دوو وەرزی پێشوودا زیانیان بەرکەوتووە.

لە هەرێمی فورات سێ سایلۆ هەیە کە توانای عەمبارکردنی 33 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، یەکەمیان لە گوندی “رۆفی” باشووری کۆبانێ و دووەمیان لە شارۆچکەی “جەلەبیە” لە باشووری رۆژهەڵاتی “کۆبانێ” و سێیەمیان لە شارۆچکەی “سەڕین”ە لە باشووری کۆبانێ، کە بەرهەمی گەنم لە سەرەتاوە بە گوێرەی نرخی دیاریکراو لە جوتیاران دەکڕنەوە.

نەبوونی ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە

“مەحۆ” داوای زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ دەکات، بۆ لانیکەم شەش ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە، بەمەرجێک رۆژانە 24 کاتژمێر کاربکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بەخێرایی بگەنە سەر ئاگرەکان، بەتایبەتی کە مەودای نێوان ئەو گوندانە فراوانە و رێگاکان خراپن.

مەحمود بەکر، تەمەن 63 ساڵ، جووتیارێکی خەڵکی گوندی “خورخورییە” لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ، داوا دەکات چادوێری بەردەوامی بەروبووم و پاراستنیان لە ئاگرکەوتنەوە هەبێت.

جووتیارانی کۆبانێ ترسیان لەوە هەیە کە دروێنەکارەکان (دەڕاسە) بچنە ناوچەکانی دیکە، هەروەها ژمارەیەکی پێویست لە دروێنەکاران لەو ناوچەیەدا نەمێننەوە، چونکە ژمارەی کەمی دروێنەکاران کاریگەری نەرێنی لەسەر دروێنەکردن دەبێت و بەمەش ئەو ناوچانە زیاد دەکات کە رەنگە بەر ئاگرکەوتنەوە بکەون.

خانەی پاراستنی بەرهەم

ئەندازیار “عومەر کانجۆ” هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی فورات، روونیدەکاتەوە کە بەڕێوبەری خۆسەر لە پێنجی مانگی نیسانەوە، لە هەرێمی فورات، چەند ناوچەیەکی بەناوی “خانە” پێکهێناوە بۆ پاراستنی وەرزی کشتوکاڵی بۆ ساڵی 2022-2023.

خانەکە پێکدێت لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردن وەک سەرکردایەتی، دەستەی کشتوکاڵ، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شارەوانیەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە، و دەستەی لاوان و وەرزشی، جگە لە نوێنەری ئەنجومەنی سەربازی وەک ئەندامین خانەکە.

ئەرکی ئەم خانەیە پاراستنی بەروبوومی گەنم و جۆیە لە ئاگرکەوتنەوە، بە چاودێریکردنی بەروبوومەکە تا دواجار دەگاتە سایلۆکان، ئاماژە بەوە دەکات کە خانەکە 24 کاتژمێر کاردەکات و ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات لە ئەگەری کەوتنەوەی هەر ئاگرێک، “بەپێی وتەی کانجۆ”.

دەشڵێت، خانەکە خاوەن دروێنەکەر و تراکتۆر و ئۆتۆمبێلە کشتوکاڵییەکان، پابەند دەکات بە دانانی ئامێری کوژاندنەوە لەناو ئۆتۆمبیلەکانیاندا، بۆ ئەوەی بە خێرایی ئاگری بچووک بکوژێننەوە، هەروەها هەموو ئاسانکارییەک بۆ جووتیاران دابین بکەن تاوەکو بەرهەمی بەروبووم دەگاتە سایلۆکان.

دیاریکردنی ئەرکەکان

کانجۆ باس لەوە دەکات، ئەندامانی ئەو خانەیە ئەرکەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بەجۆرێک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەستەی لاوان و وەرزش سوڕانەوەی 24 کاتژمێری لە سەرجەم گوندەکان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ژمارە فریاگوزارییەکانەوە بکەن، لە ئەگەری بوونی هەر ئاگرێک.

لە کۆبانێ و گوندەوارەکانیدا 12 ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە هەیە، لەنێویاندا تانکەر کە ئاگرکوژێنەوەیان لەسەر دانراوە، ئۆتۆمبێلە ئاگرکوژێنەوەکان لە شارۆچکەکانی “ئەلقەنایە، سیرین، جەلەبییە، شیران” و شاری کۆبانێ جێگیرکراون، جگە لەوەش دابەش دەکرێن بۆ پێنج ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی تر کە لە شارۆچکەی عەین عیسا و گوندەکانی “ئەلجەرن و ئەلحیشە” دابەش دەکرێن.

کانجۆ ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵات هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە دەرچوونی هەر دروێنەکەرێک لە هەرێم بەبێ “مۆڵەتی دەرچوون” لە دەسەڵاتی کشتوکاڵەوە، چونکە دەسەڵات کاردەکات بۆ ئەوەی دروێنەکەری پێویست لە هەرێمدا بمێنێتەوە، تەنها رێگە بەو دروێنەکەرانە بدات کە زیادن لە پێویستی ناوچەکە بچنە ناوچەکانی تر.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە دەسەڵات وادەی مۆڵەتدان بە دروێنەکەران رادەگەیەنێت بەمەبەستی دەستەبەرکردنی باجی گازوایل بۆیان

لە دوایین وەرزی کشتوکاڵدا، دەسەڵاتی کشتوکاڵ و ئاودێری مۆڵەتی 700 دروێنەکەری لە ناوچەی فورات داوە، بەو پێیەی زۆربەی ئەو دروێنەکەرانە لە ناوچەکانی “جەزیرە و رەقە و تەبقە” کاریان کردووە.

هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ لە هەرێمی فورات داوا لە جووتیاران دەکات، بەشداربن لە پاراستنی بەروبوومەکاندا، لەڕێگەی رشاندنی قڕکەر لەسەر ئەو رووەکانەی لەسەر رێگاکان گەشە دەکەن، بۆ کەمکردنەوەی ئەوپەڕی زیانەکانی ئاگر لەسەر بەروبوومی گەنم و جۆ.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان