قامیشلۆ.. شەپۆلی ناڕەزایی ژنان دژ بە شەهیدکردنی سێ سەرکردە شەڕەڤانەکە لە لایەن تورکیاوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا رێكخراوەکانی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان، كاردانەوەی توڕەییان دەربڕیوە، كە لە راگەێنراوە جیاجیاكان و ناڕەزایەتی جیا جیادا دەریانبڕی، دژ بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا كە سەركردە ژنەكانی گوندەواری قامیشلی كردۆتە ئامانج، ئەو ژنە شەڕەڤانانەی بەشدار بوون لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا.
وردەکارییەکان
نزیکەی کاتژمێر حەوتی ئێوارەی هەینی ڕابردوو، بە دیاریکراوی ڕۆژی 22ی ئەم مانگە، دانیشتوانی گوندی شورک لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ گوێیان لە تەقینەوەیەکی گەورە بوو.
بەشێك لەوانەی لە شوێنەكە بوون شایەتحاڵی ئەوە بوون كە بینیویانە بڵێسەی ئاگر لە ئۆپۆمبیلێکی جۆری “جیپ” ی رەنگی زیوی بەرزبووەتەوە، و پارچەی تەقینەوەکە بە گشت لایەکدا بڵاوبووەتەوە، كە بەشێكیان گەیشتوونەتە ئۆتۆمبێلەكانی دەوروبەر و قوتابخانەكانی گوندەكە.
روپەڕەکانی سۆشیال میدیا و پێگەکانی میدیای ناوخۆیی هەواڵیان بڵاوکردەوە، سێ کەس کە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە لەلایەن فڕۆکەیەکەوە کراوەتە ئامانج گیانیان لەدەستداوە، دواتر دەرکەوت کە “درۆنێکی تورکیایە”
یەکێکە لەوانەی بە پارچەی تەقینەوەکە بریندار بووە بە نۆرس پرێسی وت: لە شوێنی پێکانەکە بووە، هاتووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی لە نزیک گوندەکەی پیاسەیەک بکات و وەرزش بکات، دواتر زۆری نەخایاندوە گوێی لە دەنگێکی بەهێز بووە، پاشان شتێکی تیژ بە رانیدا دەچەقێت.
بەسام عەبدول عەزیز یوسف تەمەن 40 ساڵ، دانیشتووی قامیشلۆیە، دوای ئەوەی خوێنی زۆری لێهات و ناچار بوو نەشتەرگەری بۆ دەرهێنانی پارچەکە بکات لە رانی چەپی، روونیكردەوە كە “پاشماوەی لاشەی مرۆڤی لەسەر زەوی” بینیوە.
ڕۆژی دواتر فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، سێ سەرکردەی ژن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا شەهید کراون، یەکێکیان فەرماندەی یەکەکانی دژە تیرۆرە و ئەم یەکانەش سەری ڕمن لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا.
کاردانەوە سەرەتاییەکان
بەرەبەیانی بیست و چواری ئەم مانگە، فەرماندەیی ناوەندی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە روپەڕی خۆیدا، تویتێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا سەرەخۆشی لە “هەسەدە” کرد بۆ لەدەسدانی سێ سەرکردە ژنەکە.
سەرکردایەتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە “سەلوا یوسف یەکێک بووە لە سەرکردە بڕیاردەرەکانی (هەسەدە)، هەروەها سەرکردایەتی هێزەکانی کردووە لە شەڕی دژی (داعش)، لە ساڵی 2017 ەوە”.
لە هەمان کاتدا مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات داوای لە “هاوبەشەکانیان کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە”.
رووداوەكە لەبیر نەكرا
هەرچەندە رۆژێك دوای بەخاک سپاردنی شەهیدەکان، ناوچەکانی رۆژاڤا پەرەسەندنی سەربازی گەورەیان لە باكووری حەسەكە و گوندەواری باكووری حەڵەب، بەخۆوە بینی، بەڵام رووداوەكە لەبیر نەكرا، ژنانی رەققە بۆ ناڕەزایەتی چوونە دەرەوە، بۆ سەرکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە و وەک ماتەمینێک بۆ شەڕڤانان چادر لە شاردا هەڵکرا.
ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری حەسەکە ڕەخنەیان لە هەڵوێستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت سەبارەت بە بەردەوامی پێشێلکارییەکانی تورکیا لە رۆژاڤا، لە میانی وەستانی ناڕەزایەتیان لەبەردەم بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، داوایان کرد هاوپەیمانیەتەکە واز لەو هەڵوێستە دەبڵ مۆڕاڵیەیان بهێنن.
لە مەنبیج، نووسینگەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا راگەینراوێکیان بۆ بەردەم ڕای گشتی بڵاوکردەوە و بەئامانجگرتنی ئەم دواییەی سەرکردە ژنەکانیان بە “کردەوەیەکی ترسنۆکانە” وەسف کرد.
دوێنێش ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری قامیشلۆ لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکیەکیان سازکرد و لەو ماوەیەدا ئاماژە بەوە کرا، “ئەوە یەکەمجار نییە تورکیا ژنان دەکاتە ئامانج”، بەپێی راگەێنراوەکەی ئەنجومەنی گشتی ژنانی پارتی داهاتووی سووریا.
سەرجەم ناڕەزایەتییەکان داوا دەکەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رووسیا ڕێگە بە تورکیا نەدەن سنووری ئاسمانی سوریا ببەزێنێت و بەردەوام بێت لە بەئامانج گرتنەکانی.