کۆبوونەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەکەی پەرخێ

هەولێر- نۆرس پرێس

درەنگانی دوێنێ شەو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی تایبەت بە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر هاوینەهەوارەکەی سنووری زاخۆ، ساز کرد.

لەو دانیشتنەدا جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق گوتارێکی لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد و راپۆرتەکە لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی رووداوەکەی گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ خستەڕوو.

جێنین پلاسخارت لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: “لەڕاستیدا، زۆر گرنگە هەموو هێرشەکان بۆسەر خاکی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنیا بێباکانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەکان زیاددەکەن، بەڵکو هەروەکو بینیمان، دەبنە هۆکاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە.”

لە راپۆرتەکەیدا پلاسخارت ئەوەی یەکلانەکردەوە کە کێ ئەنجامدەری هێرشەکەیە، بەڵکو تەنها هەوڵیدا وێنەکە روون بکاتەوە کە چی روویداوە.

پلاسخارت رایگەیاند: پشتئەستوور بە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی کۆکرانەوە، حکومەتی عێراق بە روونترین شێوە رووداوە تراژیدییەکەی خستە ئۆباڵی هێزە چەکدارییەکانی تورکیا. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە “تورکیا دژی هەر جۆرە هێرشێکی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلە و ئامادەشە هەموو هەنگاوێک بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان بگرێتەبەر” و داوای کرد “لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق تاوەکو هیچ راگەیێندراوێک لەژێر هەژموونی قسە و باس و پڕوپاگەندەی رێکخراوی تیرۆریستی بڵاونەکاتەوە و هەروەها هاەماهەنگی بکات لە ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو رووداوە تراژیدییە.”

راشیگەیاند:” رۆژی دواتر، لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا رایگەیاند: “هاوخەمی بۆ برا عێراقییەکانمان دەردەبڕین کە لەسەردەستی رێکخراوی پەکەکەی تیرۆرست شەهیدکران.”

لە هەمان کاتدا، هەر لە 20ـی تەممووز، باڵی سەربازیی پەکەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیکردەوە لەو شوێنانە پێگەیان هەبووبێ و تورکیای بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد.”

لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا پلاسخارت رایگەیاند: “ئەم هێرشە قێزەونە بۆ سەر ئەم شوێنە ناسراوە کە ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، بێ باکییەکی شۆکهێنەرە بۆ گیانی خەڵکی سڤیل و هەروەها بۆ ستانداردە قبووڵکراوەکانی نێودەوڵەتی پەیوەست بە یاسا مرۆییەکان و هەروەها مافەکانی مرۆڤ. لەکاتێکدا هەموو لایەنەکانی بەشدار لە هەر پێکدادانێک پێویستە هەموو رێوشوێنێکی کردەیی بگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل لە هەموو کاتەکاندا بەدووربگرن، لەو هێرشەدا ئەمە لەبەرچاو نەگیرا”

یەکێکی تر لە بەشداربووانی  کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە تۆپبارانەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی سنووری زاخۆ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بوو کە رایگەیاند، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لە رووداوە کرد و بۆی روون بووەوە کە “سوپای تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوە.” 

د. فوئاد حوسێن گوتی: ئەوەی تورکیا دەیکات داگیرکارییە بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق؛ هەروەها هەڕەشەیە بۆسەر یەکگرتوویی خاکەکەی و پێشێلکارییە بۆسەر ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. 

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، “ئەوەی تورکیا دەیکات رێزنەگرتنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی تایبەت بە هەبوونی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش.” 

د. فوئاد حوسێن گوتیشی، “ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا زیانی گەورەیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە و لە کۆتایی گوتارەکەیشدا ژمارەیەک داواکاری هەبوو کە بە چوار خاڵ سختیەڕوو”

یەکەم، دەبێت رێککەوتنێک بکرێت کە تورکیا ناچار بکات تەواوی هێزەکانی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە، ئیدی لە هەرشوێنێکی عێراق جێگیرکرابن؛ هێزەکانی تورکیا بە هەڕەمەکی لە نێو خاکی عێراق جێگیربوون و هیچ رێککەوتنێک لەسەر هەبوونی هێزی ئەو وڵاتە لە عێراق بوونی نییە. هەبوونی ئەو هێزانە ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات و ئاسایش پەکدەخات. 

دووەم، ئەم هێرشانە دەبێت بە تووندی سەرکۆنە بکرێن و تەواوی ئەوانەش کە ئەم هێرشە ترسنۆکانە دەکەن دەبێت سزابدرێن. 

سێیەم، ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و عێراق و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیش؛ هەروەها دەبێت تیمێکی نێودەوڵەتی دابنرێت تاوەکو لەم هێرشانە بکۆڵنەوە. 

چوارەم، پێویستە حکومەتی تورکیا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر خەڵک کەوتووە. ئەم هێرشەی کۆتایی زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتوگوزاری عێراق گەیاندووە؛ هەروەها عێراق بە تەواوەتی بەرپرسیاری خۆی نیشانداوە و خۆی بۆ سەقامگیریی زیاتری ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی یەکلاکردووەتەوە. عێراق ئامادەیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش کاربکات بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت هێزەکانی پەکەکە عێراق جێبهێڵن، چونکە ئەمە عێراق ناسەقامگیر دەکات و ئاسایش ناهێڵێت. 

لە وەڵامدا جێگری نێردەی تورکیا رەتیکردەوە تورکیا ئەنجامدەری ئەو هێرشەبێت و پەکەکەی بە ئەنجامدەری ئەو تاوانە ناساند و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە لێدوانی زبر نەدەن و تورکیا تۆمەتبار نەکەن، داواشی لە عێراق کرد چیدی رێگەنەدات پەکەکە خاکەکەی وەکو گۆڕەپانێکی خۆیەکخستنەوە لە دژی ئەنقەرە بەکاربهێنێت.

نێردەکەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە “کامپی مەخموور نموونەیەکی دیکەیە، ئەم کامپە دەمێکە ناونیشانی کەمپبوونی لەدەستداوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە و تاوەکو بەرپرسە سڤیلییەکانیش رێگەیان پێنادرێت کۆنتڕۆڵیان بەسەر کامپەکەوە هەبێت. ئەوێ بووەتە کۆگەی لۆجیستی و گۆڕەپانی مەشقی ئەم رێکخراوە تیرۆرستییە. لە تەممووزی 2019 دیپلۆماتکارێکی تورکی لە هەولێر لەلایەن سەردانیکەرێکی هەمیشەیی کامپی مەخموور تیرۆرکرا. سەرەڕای داواکاریی بەردەواممان، ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە رادەستی تورکیا نەکراونەتەوە.”

ئەمە جگەلەوە وتی هەر ئێستا کە ئێمە لێرە قسە دەکەین موشەک لە نزیک کونسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ کەوتوەتەخوارەوە.