قامشلۆ.. پێداویستییەکانی جەژن و سنورداریی توانای هاوڵاتیان
قامشلۆ – نۆرس پرێس
“هەیفا” بۆ کڕینی جلوبەرگی جەژن بۆ پێنج منداڵەکەی بە ناو بازاڕەکانی شاری قامشلۆدا دەسوڕێتەوە و بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە نرخەکەی گونجاوبێت و لەگەڵ تواناکانیدا بگونجێت، ئەمەش بەهۆی گرانی نرخی جلوبەرگ و کەرەستەکانی جەژن لەمساڵدا.
“هەیفا ئەلعەلی”، تەمەن 35 ساڵ، دانیشتووی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و دایکی پێنج منداڵە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەگەر بتوانین پێداویستییەکانی میوانداری و جلوبەرگ بۆ جەژن بکڕین، ئەوا بەدوای هەرزانترینیاندا دەگەڕێین لە بازاڕدا”.
“هەیفا” نرخەکانی ئەمساڵ بەراورد دەکات لەگەڵ پێشووتر، “پێشتر پێداویستی میوانداری جەژن بە نرخی 100 هەزار لیرەی سوری بوو، بەڵام ئێستا پێویستمان بە نزیکەی 400 هەزار لیرەیە بۆ کڕینی”.
جگە لە پێداویستی میوانداریی جەژن، “جلوبەرگی منداڵانیش زۆر گران بووە و لە توانای کڕینی ئێمەدا نەماوە، نرخی کەمترین پارچەی منداڵان لە بازاڕ زیاترە 50 هەزار لیرە، هاوسەرەکەشم وەک کرێکاری رۆژانە کاردەکات، چۆن کاروباری خۆمان بەڕێوەبەرین ئەم جەژنە؟”.
هەڤاڵ محمد شەریف، دوکاندارێکی جلوبەرگی منداڵانر لە قامشلۆ، خواست لەسەر جلوبەرگ بە بەراورد بە جەژنەکانی رابردوو بە “زۆر لاواز” باسدەکات و هەرچەندە بازاڕەکان جموجوڵی گەورەیان تێدایە، بەڵام دانیشتووان “ئەوەی هەرزانترە و لەگەڵ تواناکانیاندا بگونجێت” هەڵیدەبژێرن.
هەڤاڵ لاوازی جوڵەی کڕینی ئەمساڵی بەستەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، کە حەوت هەزار لیرەی تێپەڕاندووە.
ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوت: “ئەو پارچەیە کە نرخی 25 هەزار بوو، ئەمڕۆ بە 100 هەزار لیرە دەیفرۆشین. ئەو خێزانانەی زیاتر لە منداڵێکیان هەیە ناتوانن بەم نرخانە بیکڕن، بۆیە دەچنە بازاڕە سادە و میلییەکان بۆ کڕینیان”.
ئاماژە بەوەش دەکات، کڕینی کاڵاکان بە دۆلارە لە شاری حەڵەبەوە، و فرۆشتنیان لە بازاڕی قامشلۆ بە لیرەی سورییە، ئەمەش وایکردووە کە “زۆربەی کاتەکان زەرەر بکەین، چونکە نرخی دۆلار ناجێگیرە “.
جاندەرەڵا محەمەد (تەمەن 40 ساڵ) دانیشتووی شاری قامشلۆیە و لەسەر عارەبانەیەک لە بازاڕی شارەکە کار دەکات، گازندە لە گرانی نرخی جلوبەرگ دەکات و دەڵێت: “بەلایەنی کەمەوە هەموو منداڵێک پێویستی بە 150 هەزار لیرەی سورییە بۆ کڕینی جلوبەرگی جەژن لەم حاڵەتەدا، من پێویستم بە ملیۆنێک لیرەیە بۆ کڕینی جل و بەرگی جەژن بۆ منداڵەکانم.”
سەبارەت بە نرخی پێداویستییەکانی وەک شیرینی و میوانداریی جەژنی ئەمساڵ نرخەکان خەیاڵین و زۆر بەرزن، نرخی کیلۆیەک شەکری ئاسایی 25 هەزار لیرەیە.
ئەو بوومەلەرزەیەی لە شەشی شوباتی رابردوودا سوریا و تورکیای گرتەوە، بووە هۆی راگرتنی کارەکانی کارگەکانی شەکر لە شاری حەڵەب، حومس، شام و تورکیا، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لەمساڵدا.
خدر یوسف، شیرینی فرۆش، هۆکاری گرانبوونی نرخی نوقڵ و چکلێت جەژن لەمساڵدا دەگەڕێنێتەوە بۆ “بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، داخستنی دەروازە سنوورییەکان، جگە لەوەی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە هۆکاری سەرەکی بوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “نرخی شیرینی لە 12 هەزار لیرەی سورییەوە دەست پێدەکات بۆ 35 هەزار لیرەی سوری، شەکری ئێرانی و ئۆکراینی و تورکی هەرزانترن لە سوری”.