رۆژی 12ی شوباتی 1988 شاڵاوی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن دژی کورد دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا و لە هەشت قۆناغدا زیاتر لە 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران.
هەموو ساڵێکیش لە 14ی نیسان یادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەکرێتەوە و چەندین رێوڕەسم بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەدەچێت.
کۆمەڵکوژیی ئەنفالی کورد لە رێگەی هەشت قۆناغ جێبەجێکرا، قۆناخی یەکەمی لە دۆڵی جافایەتی، لە 23ـی شوباتی 1988دەستی پێکرد، دوایین قۆناخیش لە بادینان لە 25ی ئابی 1988جێبەجێکرا، لە میانی پرۆسەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوند وێران کران و نزیکەی 182 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا.
تاوانەکانى جینۆساید دژ بە گەلى کوردستان چەندین دەیە بەر لە تاوانەکانى ئەنفال دژ بە گەلى کورد ئەنجامدرا و ژمارەیەکى بێ شومار قوربانى لیکەوتوتەوە.
جا چ بە تەعریب کردنى گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوکەوە بێت کاتێک لە ساڵى 1963 دەستىپێکرد و دواتر ڕاگواستن و بێ سەروشوێن کردنى کوردانى فەیلى لە ساڵانى 1970 و 1980 کان و بەکارهێنانى چەکى کیمیایى لە کۆتایى ساڵانى 1980 کان کە دیارترینیان کیمیابارانکردنى هەڵەبجە بوو و دواتریش هەڵمەتى فراوانى ئەنفاڵ لە ساڵى 1988.
گەرچی ڕژێمی بەعس تاوانی جۆراوجۆری لەدژی كورد و كەمە نەتەوەییەكان بەكارهێناوە بەڵام كارەساتی ئەنفال بووە دیارترین تاوانی بەعس لەبەرامبەر گەلی كوردو تاوەکو ئێستاش ئەو برینە ساڵانە دەكولێنرێتەوە.

یەکەم قۆناغی ئەنفال لە 18ی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و ئەم قۆناغە نزیکەی مانگێکی خایەند، هەریەک لە گوندەکانی سەرچنار، سورداش، قەڵاچوالان، دۆڵی جافایەتی، ناحیەی دوکان ، بنگرد ، چوارتای گرتەوە.
لەم قۆناغەدا کاتێک لە نۆقۆڵەوە هێرشیان هێنا بۆ سەر ئەم ناوچانە نزیکەی 150 گوند بەرشالاوەکە کەوت، قۆناغی یەکەمی ئەنفال لەلایەن (سوڵتان هاشم ئەحمەد )سەرپەرشتی کرا ، 20 لیوای سوپای عیراق، 30 فەوجی حەرەس جموری، 70 فەوجی جاش بەشداریان لە شاڵاوەکەدا کرد.
ئامانجی ئەم ھێرشە زیاتر لەناوبردنی 25 بۆ 30 گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە.
بەشێوەیەک ھیچ گوندێک لەم ناوچەیە ڕزگاری نەبوو، وە ئەوانەی مابوونەوە توشی تاڵانکردن ھاتن. سەرجەمی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرەو ئێران ھەڵاتن، ھەندێکیشیان بەرەو سلێمانی چوون، هەموو ئەو ناوچانەش بوونە ناوچەی قەدەغەكراوی هاتووچۆ.
دوا بەدوای ئەوەی ڕژێمی بەعس هەستی بەوە دەكرد كە لە هەنگاوی یەكەمیدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بۆیە بیری لەوە دەكردەوە كە هەنگاوی دیكە بهاوێژێت.
ئەنفالی دووەم دەستی پێكرد بەڵام ئەم جارەیان بەرەو ئاڕاستەیەكی دیكە، ئەم قۆناغە لە 22ی ئازاری هەمان ساڵ دەستیپێکرد لەحەوت لاوە هێرش کرایە سەر ناوچەکانی قەرەداخ، سەنگاو، بازیان، عەربەت، زەڕایەن، نەسر و دەربەندیخان.
گشت گوند و ئاوەدانییەکانی ئەم ناوچە جوگرافیایەی گرتەوە. زیاتر لە 72 کەسی مەدەنی شەهیدبوون و زیاتر لە 50 برینداریشی لێكەوتەوە.
لە قۆناغی سێیەمی ئەنفال، لە 7 تاوەکو 20ی نیسانی 1988، ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین ھێرش و پەلامار بوو بۆ سەر کوردستان، قۆناغی سێیەمی ئەنفال بەئەنفالی گەرمیانیش ناسراوە ئەنفالی ڕەشیشی پێدەڵێن قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو،
کە ناوچەکانی دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز،سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە.
زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و ماددی بە دانیشتوای نزیکەی پێنچ هەزار گوندی ئەم ناچەیە گەیاند.
لە 14ی نیسانی 1988 پرۆسەکە گەیشتە لوتکە و تەنها لەو رۆژە بەگوێرەی کۆمیتەی بەرگری لەمافی قوربانیانی ئەنفال نزیکەی 20 هەزار پیاو ژن منداڵ و بەتەمەن لەگوندەکانی کۆڵەجۆ ملە سوری گەرمیان کۆکرانەوە و دواتر ڕەوانەی قەڵاسەبازییەکانی ناحیەی قۆرە تو کرا.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال لەرۆژی 3ی ئایار تاوەکو 8ی ئایار بەردەوام بوو، ناوچەکانی (کەرکوک ، پردێ، تەقتەق ، شوان ، کۆیە، ئاخجەلەر ، دێی شیخ بزێنێ، دەشتی هەوڵیری گرتەوە ) لەم قۆناغەدا گۆپتەپە ، عەسکەری شێح سحان ، کەڵەشیر ، چەمی ڕێزان ، کیماباران کران.
سێ قۆناغەکانی دواتر لە 15ی ئایار تاوەکو 26ی ئابی خایاند، سەرەتای ھێرشەکە کە دوا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو، چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی، بووە ھۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری لە دانیشتوانی گوندەکان.
سەرەتای ئەنفالی شەش لە 26ی تەمموز بوو، بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی ھیران و سماقولی بە چەکی کیمیاوی دەستی پێکرد، داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بە دەستەوە بدەن، لێبوردنی گشتی ھەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە ھەڵخەڵەتان، خۆیان دا بە دەستەوە، دوای گرتنیان بێ سەروشوێن کران.
لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەنفالەکانی (5، 6، 7) (52) گوند لە ناحیەی خەلیفان و رەواندوز و خۆشناو وێرانکران، کە ژمارهی خێزانه ئهنفال كراوهكان (2602) دهبوون.
قۆناغی هەشتەم و کۆتای لەدواین قۆناغی ئەنفال لەڕۆژی 26ی ئاب لەناوچەی بادینان دەستی پێکرد و تاکو 6 ئەیلول بەردەوام بوو، ئەم قۆناغە ناوچەکانی ( ئامێدی ، ئەتروش ، ئیمنکی ، باتوفە، زاخۆ ، دێرەسورو ، کانی ماسی گرتەوە).
تاوەکو ئێستا چوار وڵات بە فەرمی کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیلی کوردستانیان بە دەستی حکومەتی بەعس بە جینۆساید ناساندووە.
لەساڵی 2012 وڵاتی نەرویج، دواتر لە وڵاتی سوید و پاشان لە 2013 وڵاتی بەریتانیا و کۆریای باشوور، ئەو کۆمەڵکوژییەیان بە جینۆساید ناساند.