بەربژێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و ناکۆکیەکانی نێو ماڵی کورد

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی لەدوای هەشت مانگ لە مشتومڕ لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، محەمەد شیاع سودانی تەمەن 52 ساڵی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ دەستنیشان کرد.

دەستنیشان کردنی سودانی دوای ئەوەهات “هاوپەیمانێتی رزگارکردنی نیشتیمانی” (سەدر، پارتی، سوننەکان) شکستی خوارد لە پێکهێنانی حکومەتی “زۆرینەی نیشتیمانی”.

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوەی لە نێوان “قاسم ئەعرەجی” و “محەمەد شیاع سودانی” دا، کەسایەتی دووەمی هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی پۆسەتی سەرۆک وەزیران، دەزانێت کە ئەگەر موقتەدا سەدر پێی رازی نەبێت، لە پەرلەمانیش متمانە وەربگرێت شەقام متمانەی ناداتێ و تەمەنی حکومەتەکەی درێژ نابێت.

سودانی کە پێشتر وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی، مافی مرۆڤی بەدەستەوە بووە و ماوەیەکیش پارێزگاری میسان بووە، لە خێزانێکی ناوداری عێراقیە و ئەو وەزارەتانەی کاری تێداکردوون هیچ گومانێکی گەندەڵی گەورەی لەسەر نەبووە.

لەبەرامبەردا، هەندێک پێیان وایە سودانی کەسێکی لاوازە و ناتوانێت سەرکردایەتی ئەم قۆناغەی عێراق بکات، بەڵکو پێدەچێت حکومەتەکەی لە پشت پەردەوە بۆی بەڕێوەبەرن، هەروەکچۆن “ئەبو جیهاد هاشمی” بەرپرسی ئۆفیسەکەی “عادل عەبدولمەهدی” بە سەرۆک وەزیرانی راستەقینەی عێراق هەژمار دەکرا.

لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆتا هەڵبژاردنەکانی عێراق، هاوپەیمانی رزگاکردنی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیان دا، جگە لە سوننەکان بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەم هاوپەیمانێتیە، بە تاک لایەنە بەشداربوو.

دوا بە دوای شکستی هاوپەیمانێتیەکەی سەدر لە پێکهێنانی حکومەتدا و کشاندنەوەی ئەندامەکانی لە پەرلەمانی عێراق، لایەنەکانی تری شیعە بە ناوی چوارچێوەی هەماهەنگیەوە هاوپەیمانێتیەکی تریان بۆ دروست کردنی حکومەت پێکهێنا، ئەم هاوپەیمانێتیەیان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە نزیکتر لە خۆی دەزانێت.

بەمشێوە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکی عێراقیدا دابەش بوون، ئەمەش ئاسۆی دەسکەوتەکانی کورد لە حکومەتی عێراق تەڵخ دەکات، بەتایبەتی لە دانانی کاندیدێکی کورد بۆ سەرۆ کۆمار.

تا ئێستا یەکێتی و پارتی بەجیا کاندیدیان هەیە بۆ سەرۆ کۆمار، کە یەکێتی “بەرهەم ساڵەح” سەرۆک کۆماری ئێستا و پارتی “رێبەر ئەحمەد” ی بۆ ئەم پۆستە کاندید کردووە.

هەرچەندە لە لێدوانی ئەمڕۆ و دوێنێی هەندێک لە کاربەدەستانی ئەو دوو پارتە کوردیەدا بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان، باسیان لەوە کرد کە هێشتا لە هەوڵی رێکەوتندان و دەرگای دیالۆگ لە نێوان ئەو دوو لایەنە کوردیەدا دانەخراوە.

بە هەمان شێوەش ناو بەناو گوێمان لە لێدوانی دژ بەیەک دەبێت و پارتی دیموکراتی کوردستان باسیان لەوە کردبوو کە یەکێتی بەتەمایە سیناریۆی 2018 دووبارە بکاتەوە و بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ پارتیدا مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەرهەم ساڵەح یەکلابکاتەوە و تا ئێستا نازانرێت ئەگەر ئەوە رووبدات کاردانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەبێت، هەندێک باس لە بایکۆت کردنی پەرلەمان دەکەن لە لایەن پارتیەوە، بەڵام هیچکام لەمانە هێشتا روون نین و هێشتا چاوەڕوانی رێکەوتن دەکرێت لە نێوان ئەو دوو پارتە کوردیەدا.