ئێوارەمیوزیکی رێزلێنانی قوربانیانی بومەلەرزەکانی رۆژئاوا و باکووری کوردستان لە فینلەند

هێلسنکی – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بە هاوکاری کتێبخانە و ناوەندی کلتووری “ئیتاکێسکوس” لە هێلسنکی پایتەختی فینلەند و بە ئامادەبوونی هاوڵاتیانی کوردی دیاسپۆرانشینی ئەو وڵاتە و هاوڵاتیانی فینلەندی و نەتەوەکانی دیکە، ئێوارەیەکی موزیکێک و گۆرانی بۆ رێزلێنان لە گیانی قوربانیانی بومەلەرزەکەی رۆژئاوا و باکووری کوردستان لە هێلسنکی پایتەختی فینلەند بەڕێوەچوو.

کتێبخانە و ناوەندی کلتووری “ئیتاکێسکوس” لە گەڕەکێکی تاراوگەنشینی شاری هێلسنکی، پایتەختی فینلەند هەڵکەوتووە، کە زۆرێک لە کوردان و بێگانە دیاسپۆرا نشینەکان بۆنەکانیان لەوێ بەڕێوە دەبەن، ئەمە جگە لە هاوکاری کارمەندانی کتێبخانەکە، کە یەکێکیان کوردێکی ناسراوی شارەکەیە.

“ئارام جەلال”، نوسەر و رۆشنبیری دیاسپۆرانشینی شاری هێلسنکی، کە هاوکات کارمەندە لە کتێبخانە و ناوەندی کلتووری “ئیتاکێسکوس” بە نۆرس پرێسی وت: ” ئێمە وەکوو کتێبخانەی ‘ئیتاکێسکوس’ هەستاین بە رێکخستنی ئێوارەمیوزیکێک، ئامانجی سەرەکی لەم کارە هاوخەمییە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە، هەرلەهەمانکاتدا رێزلێنانێکە بۆ گیانی قوربانیانی رووداوی بومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان”.

هەروەها “ئارام” کە هەستابوو بە بەڕێوبردنی ئەم ئێوارەمیوزیکە، رایگەیاند: ” لەم بۆنەدا دوو میوزیکژەنی کورد و دوو میوزیکژەنی فینلەندی بەشدار دەبن، گرینگە بۆ ئێمە لەم ئێوارەدا ئەو رێکخراوانە بناسێنین کە هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکان کۆدەکەنەوە”.

سەرەتای ئێوارەکە لە لایەن مامۆستا “سۆران زەکی” وەرگێڕ و مامۆستای زمانی فینلەندییەوە، وتارێک پێشکەشکرا، تیایدا “زەکی” رووداوی بومەلەرزەکەی بە ئامادەبووان ناساند، ئەوەشی روونکردەوە، تا ئێستا لە میدیای دەرەوەدا باس لەوە نەکراوە کە زووربەی ناوچەکانی قوربانیانی بومەلەرزەکان ناوچە کوردییەکان و بەتایبەت باسی لە خراپی باروودۆخی ناوچەکانی هەرێمی عەفرین و شارۆچکەی جندرێس کرد لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیادا بەر لە بومەلەرزەکەش بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕین و پاش بومەلەرزەکەش وەک پێویست نەتوانراوە هاوکارییان پێبگات.

دەربارەی هەڵبژاردنی “موزیک” بۆ ئەم ئێوارەیە “سۆران زەکی” گوتی: “لە کۆنەوە لەناو کوردا وابووە، هەمیشە و لە هەموو بۆنەکاندا موزیک بەشداربووە، زۆرجار لە جەنگەکانی بەرگریکردندا لە خاک و نیشتیمان، تەنانەت پاش ئەوەی هاوڕێیەک یان چەند کەسێک شەهید دەبوون، موزیک و گۆرانی و هەڵپەڕکێ لەو ساتە ناخۆشانەشدا ئامادەبوون”.

لە ئێوارەمیوزیکەکەدا، جگە لە میوزەکژەنە کوردەکان، دوو هونەرمەند و میوزیکژەنی فنلەندیش بە ئامێری “گیتاری کارەبایی” بە موزیکژەندن و گۆرانی گوتن بەشدار بوون، “کیم کوکاڤۆری” چەند گۆرانییەکی پێشکەش کرد کە بەشێک لەو گۆرانیانە لە هۆنراوەی شاعیری کورد “شێرکۆ بێکەس” بوون و لە لایەن مامۆستا “سۆران زەکی”یەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فینلەندی.

لە وتەیەکی تایبەتدا بە نۆرس پرێس، “کیم کوکاڤۆری” گوتی: ” دەمەوێت ئەم نمایشەم پێشکەش بکەم بە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە تراژیدیایەکی ترسناک بوو”.

“کیم” کە هونەرمەندێکی نزیکە لە کورد و کەلتووری کوردییەوە، رایگەیاند:” ئێمە لێرە لەگەڵ هاوڕێیانمان موزیکمان ژەنی  و هاودەنگی و پشتگیریمان بۆ قوربانییەکان و کەسوکاری قوربانییەکانی بومەلەرزەکان پیشاندا”.

ئەم ئێوارەیە، موزیک و گۆرانی و هاوخەمی بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکان هاوڵاتیانی لە کەلتوری جیاجیاوە کۆکردبوەوە، تیایدا رێکخراو و کەسایەتییەکان کە هەستابوون بە کۆمەک کۆکردنەوە بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکان، ناسێنران و سوپاس کران.

جگە لە موزیک و گۆرانی، لەو بۆنەدا چەندین کتێب بە زمانی کوردی و هەردوو شێوەزمانی سۆرانی و کرمانجی، خرابوونە بەردەستی خوێنەرانیان، “ئارام جەلال” کە رێکخەری بۆنەکەیە و کارمەندە لە کتێبخانەکە، بە ئامادەبووانی راگەیاند کە دەتوانن کتێبەکان بخوازن، هەروەها “کاتری” کە خانمێکی فینلەندییە و خوێنەرێکی باشی کلتوور و ئەدەب و مێژووی کوردە، چەند کتێبێکی کوردی بە زمانی ئینگلیزی بە ئامادەبووان ناساند، لەوانە (رۆمانێکی نوسەری کورد بەختیار عەلی و کتێبێکی مێژووی سۆران حەمەڕەش).

بەهەمانشێوەش دوو میوزیکژەنی کورد و هونەرمەندێک بەشداری بوون، ” گۆران نیزام” کوردێکی تاراوگەنشینی خەڵکی کەرکوکە و لە هێلسنکی دەژی، بە نۆرس پرێسی گوت: “لەم ئێوارەدا بۆ هاوخەمی لە کوردانی لێقەوماوی بومەلەرزە بە ژەنینی ئامێری ‘عود’ بەشداربووم”، گۆران سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی بومەلەرزەکە کرد.

بە هەمانشێوە، هونەرمەند “بڕوا کەریم” دانیشتووی وڵاتی فینلەند، هاوخەمی خۆی بۆ کارەساتی بومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و بە چرینی چەند گۆرانیەک بەشدار بوو لە ئێوارەمیوزیکەکەدا.