رێپێوانی شەرمەزارکردنی کۆمکۆژییەکەی جندرێس لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری قامشلۆ، بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژیەکەی هاوڵاتیانی سڤیلی کورد لەلایەن گروپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە، لە ناحیەی جندرێسی سەر بە عەفرین، لە شەوی نەورۆزدا رێپێوانیێکیان بەڕێوەبرد.

هاوڵاتییانی شاری قامشلۆ، سەرکۆنەی کۆمەڵکوژی چوار گەنجە کوردەکەی خەڵکی جندرێسیان کرد و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و پێشێلکارییەکانی چەتەکان دژ بە هاوڵاتیانی کوردی سڤیلی عەفرین رابگرن.

هاوکات داوایانکرد، سەرجەم ئەو گروپ و لایەنەچەکدارانەی تورکیا پشتگیریان دەکات لە هەرێمی عەفرین و دەوروبەری دەرکرێن و شارەکە بۆ دانیشتوانی رەسەنی عەفرین جێبهێڵن.

ئەریفە بەکر، کە کۆچبەرێکی خەڵکی عەفرینە بە نۆرس پرێس گوت: ” ئەوە پێنج ساڵە دەوڵەتی تورکیا، سیاسەتی داگیرکاری دژ بە عەفرین و گەلی کورد، پیادە دەکات دەکات، لەوانە سووتانی درەخت و رفاندن و دزی و چەندین تاوان و رووداوی ت، ئەمە ئەو کارەیە کە لە ئەوان و دارودەستەکانیان لە عەفرین ئەنجامی دەدەن”.

ئەریفە گوتی: “کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە شارۆچکەی جندرێس ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی سڤیل شەهیدکران، ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە نامرۆڤانە دەکەین و شەرمەزاری دەکەین.”

گوتیشی، بێدەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانەدا کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دژی ئەم کردەوە دڕندانەی بەرامبەر گەلەکەمان کراوە، نەهاتنە دەنگ.

ئەریفە بە نۆرسی پرێسی گوت کە ئەوان بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و چالاکییەکانیان بەرامبەر بەو کردەوە ترسنۆکانە و ئەو کۆمەڵکوژی و ناعەدالەتیانەی بەرامبەر بە گەلی کورد دەکرێن لە ناوچەکە.

هەروەها نیزام نوری، کە هاووڵاتییەکی شاری قامشلۆیە، بە نۆرس پرێسی گوت:” بۆ پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین و جندرێس رێپێوانمان کردووە و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە خەڵکی عەفرین کراوە، شەرمەزار دەکەین.

نیزام وتی دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هێرشی کردوەتە سەر خەڵکی عەفرین، سەرەتا ئاوارەی کردن و لە شارەکەی خۆیان وەدەرینان و ئێستاش کۆمەڵکوژیان لەسەر دەکەن.

بۆیە نیزام رایگەیاند کە ئەوان وەک هاوڵاتیانی شاری قامشلۆ بە هەموو هێزێکیانەوە پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین دەکەن.

هەروەها گوتیشی، “عەفرین بە تەنیا جێناهێڵین و عەفرین سەردەکەوێت.”

ئەو هاوڵاتییە رووی دەمی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد و گوتی: “ئێمە وەک خەڵکی قامیشلۆ مافی گەلەکەمان لە عەفرین و مافی گەلی کورد بە گشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەین، بە سزادانی ئەوانەی بوونەهۆی شەهیدبوونی ئەو چوار گەنجە بێتاوانە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: نەسرین قادر