کشانەوەی تەحریرشام لە عەفرین و پەیوەندییان بە گروپە تورکمانەکانەوە

عەفرین – نۆرس پرێس

سەرەڕای راگەیاندنی کشانەوەی تەواوەتی لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیان بەسەردا گرت، و دوای وەدەرنانی “جەیش وەتەنی سوری” کە “فەیلەقی سێهەم” نوێنەرایەتی دەکرد، بوونی بارەگاکانی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) و تەنانەت باڵە مەدەنییەکەی “حکومەتی رزگاری سوریا” لە زۆرێک لە ناوچەکانی عەفرین، بە تایبەت جەندرێس، باسوتە و شێخ حەدید، کە ناوچەی دەسەڵاتی لایەنەکانی “حەمزات و عەشمات”ی هاوپەیمانی “تەحریرشام”ن.

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، دەستەی “تەحریرشام” هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرین، کە لەلایەن “جەیش وەتەنی سوری” سەر بە تورکیاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی بەرگریکردن بوو لە “گروپی هەمزە ” ، کە لەلایەن “فەیلەقی سێ”وە لە ناوچەی باب لە رۆژهەڵاتی حەڵەب هێرشی کرایە سەر.

ئەمەش دوای دەنگۆی تێوەگلان لە پرسی تیرۆرکردنی چالاکوان “محەمەد ئەبو غەنووم” و هاوسەرە دووگیانەکەی لە شاری ئباب، رۆژهەڵاتی حەلەب، لە نۆی هەمان مانگدا هات، بەهۆی چالاکی و لایەنگریکردنی لەو گروپە لە ناوچەکەدا، کە دەستەکە توانیان لە ماوەی چەند رۆژێکدا کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن.

چەند رۆژێک دوای کۆنتڕۆڵکردنی عەفرین، سەرچاوەکان لە تەحریرشامەوە کشانەوەی تەواوی خۆیان لە ناوچەکە راگەیاند، میدیا نزیکەکان لەوان ڤیدیۆی کشانەوەی سەربازەکانی دەستەکەیان لە شاری عەفرین بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی ڕەزامەندیان دەربڕی لەسەر رادەستکردنی بە ئیدارەیەکی مەدەنی، بە مەرجێک فەیلەقی سێ نەگەڕێتەوە بۆی.

ئەم گێڕانەوەیە لەلایەن میدیای زمانحاڵی دەستەی “تەحریرشام”ەوە باسکرا، بەڵام سەرچاوەکانی ئەو کاتە پشتڕاستیان کردەوە کە تورکیا فشاری خستۆتە سەر دەستە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ناوچەکە بکشێتەوە و هەڕەشەی لێ کردووە، سەرەڕای ئەوەش زۆر سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە “تەحریرشام” بە تەواوی لە ناوچەکە نەکێشایەوە و هێشتا بوونی ئاشکرای هەیە.

“بوونێکی روکاریی”

موهەنەد ئەلحەلەبی، ناوێکی ساختەیە بۆ سەرکردەیەکی بزووتنەوەی “نورەدین ئەلزەنکی”، ئەو بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە بوونی “تەحریرشام” لە هەریمی عەفرین لە کۆتایی ساڵی پێشوودا، تەنها بەشێوەیەکی روکاریی بووە و چەکە قورسەکانیان گێڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی دەسەڵاتیان لە گوندەواری ئیدلیب.

لە کاتێکدا دەستە نزیکەی 350 ئەندام و سەرکردەیان بەجێهێشت کە بەسەر ناوچەکانی جندرێس، عەفرین، شێخ حەدید و ئەلباسوتە لە گوندەواری عەفرین دابەشیانکردوون، “ئەمانیش لەژێر بەرگی لایەنە هاوپەیمانەکانی دەستەکە، وەک “حەمزات و عەشمات” لە ناوچەکەدا هەن، بەپێی سەرچاوەکە.

لە هەمان کاتدا نزیکەی سێ گرووپی دەزگای ئەمنی گشتی دەستەکە، بەشێوازێکی ئاشکرا لە (شێخ حەدید و ئەحراش و جەبەل ئەحلام) داهەن کە بەرامبەر شارۆچکەی باسوتەن، لە سەر رێگای ئیدلیب،  ئەوانەش بریتین لە دەزگای هەواڵگری کە ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئەنجام دەدەن، وەک بەدواداچوونی ئەو کەسانەی لە لایەن دەستەکەوە داواکراون لە ناوچەکەدا، دەستگیرکردنی ئەوانەی لەسەر فەیلەقی سێ هەژمار دەکرێن.

جگە لە ئەرکەکانی تر، گرنگترینیان بریتییە لە رێگریکردن لە “حەمزات و عەشمات”  لە کودەتاکردن بەسەر دەستەی تەحریرشامدا لە ناوچەکە، بە تایبەت کە بەرژەوەندییەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوەن بۆ هەردوو لا.

“ئەلحەلەبی” ئاماژەی بەوەدا کە “ئەوەی بوونی تەحریرشام لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە و بە شێوەیەکی گەورە جموجوڵی سەرکردەکەی ئەبو محمد ئەلجۆلانییە، دوای چەند رۆژێک لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکە کە لە باشووری تورکیا و باکووری سوریا روویدا ، لە شاری جندرێس و بە دەیان ئەندام لە ئامێری ئەمنی دەستەکە و لەبەرچاوی گروپەکانی فەیلەقی شام و جەیش شەرقییە و شورتەی عەسکەری و لایەنەکانی دیکەدا، دەوری ناوچەکەیان دابوو.

هەروەها “حکومەتی رزگاری” بە بیانووی رزگارکردنی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزە هاتە ناوچەکە و خاڵێکی پزیشکی لە دەروازەی رۆژهەڵاتی جندرێس کردەوە، لۆگۆی خۆی خستە سەر پلێتێکی زەبەلاح و لەبەردەم سەرنجی هەموواندا زەقیانکردەوە.

ئەوان هەوڵدەدەن خۆیان وەک حکومەت نیشان بدات کە توانای بەڕێوەبردنی ناوچەکەیان هەیە، بە تایبەت کە حکومەتی کاتی سوریا کە جندرێس لە رووی ئیدارییەوە سەربەوانە، بە هیچ هەنگاوێک هەڵنەسان بە یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، بە وتەی سەرکردەکە.

ئەلحەلەبی ئاماژەی بەوەدا کە بوونی تەحریرشام لە گوندەواری عەفرین تەنها کورت ناکرێتەوە بە بوون و سەپاندنی هێزەوە، بەڵکو سەرکردە راهێنراوە دیارەکانی تەحریرشام بەشداری لە راهێنانی ئەندامانی (سوڵتان سلێمان شا- ئەلعەشمات) دەکەن، لە شێخ حەدید لە کاتی ئەو کۆرسە سەربازییانەدا کە لەلایەن گروپەکەوە جار جار لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبرێت بۆ راکێشانی چەکداران.

کارەکە لە مەشقی سەربازیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بانگەشەکەرانی دەستەکە هەوڵدەدەن “بیرۆکەکانیان لە مێشکی ئەندامانی عەشماتدا بچێنن”، کە لەلایەن زۆرێک لەو ئەندامانەی کە بەشدارییان لەم جۆرە راهێنان و گوتارە شەرعیانەدا کردووە، پشتڕاست کراوەتەوە، ئامانج لەم بابەتە راکێشانی ئەوانەیە بۆ ریزەکانی دەسەڵات، بە تایبەت کە زۆربەیان لە ساڵانەوە دژایەتی دەکەن” بە گوتەی سەرکردەکە.

تورکیا و گروپە تورکمانیەکان

لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری عەفرین و گوندەوارەکەی لە هەڵمەتێکی سەربازیدا کە لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و لە تشرینی دووەمی 2018دا دەستیپێکرد، تورکیا بەپەلە ئەو هێزە تورکمانانەی کە دڵسۆزن بۆیان رەوانەی ناوچەکە کرد و هەروەها بە هەموو جۆرە پشتیوانییەک پشتگیریان کردن.

لە ئەنجامی دروستبوونی گروپی سوڵتان سولەیمان شا، (ئەلعەمشات)، بە سەرۆکایەتی “محەمەد ئەلجاسم”، ئەبو عەمشەی تورکمان رەچەڵەک و پێکهێنانی گروپی حەمزە، کە گروپێکە لەلایەن تورکیا راهێنراوە و دامەزراندنی لە نیسانی 2016دا  راگەیەنرا و بە بەشداری گروپێکی تورکمان بە ناوی “لیوای سەمەرقەند” وەک ئاماژەیەک بە شاری سەمەرقەندی ئۆزبەکستان.

ئەم گرووپە یەکێک بوو لە یەکەم گروپەکانی تورکیا کە لە ساڵی 2017 لە دەروازەی قەراقیشەوە بە یاوەری سوپای تورکیادا چوونە ناو شاری جەرابلۆسی سوریا و بە هاوکاری لەگەڵ سوپای تورکیا، جگە لە دەیان گروپی بچووک کۆنترۆڵی شارەکەیان کرد.

دوبەرەکی خستەنێو گروپەکانەوە لە لایەن تورکیاوە

لەسەر ئەم بابەتە، فۆد سوید، کە ناوێکی خوازراوە، پسپۆڕی سەربازییە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە “رەگەزپەرستی لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی سوریادا پێش هاتنی هێزەکانی تورکیا، بوونی نەبوو.”

بە گوتەی پسپۆڕەکە، “تورکیا ئەم جیاوازییانەیان دروستکردووە بۆ ئەوەی گروپێک لەسەر حیسابی گروپێکی دیکە بەهێز بکات، و بۆ ئەوەی دڵنیایی لە وابەستەیی ئەو گروپە مسۆگەر بکات کە لە داهاتوودا پشتگیری دەکات، بە سوودوەرگرتن لەو شتانەی کە براکان لە نێوان تورکەکان، وەک چۆن تورکمانەکانی سوریا تا ئەمڕۆش بەشێکیان لەبەرچاو دەگرن”

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، دامەزراوە دادوەرییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و گروپەکانی دژی “عەمشات” شەڕێکی میدیایییان دەستپێکرد، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو گروپە و بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە بۆ وەستاندنی سەرۆکی گروپەکە، محمد ئەلجەسم (ئەبو عەمشە)، بەڵام هەواڵگری تورکیا ئەمەی رەتکردەوە و پشتگیری تەواوی جۆیان بۆ عەمشات دەربڕی.

ئامادەکردنی:  موئەیەد ئەلشێخ –  داڕشتنەوەی: قەیس عەبدوڵا