یەکەم رۆژی دیداری سلێمانی بەڕێوەچوو

سلێمانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەمین رۆژی حەوتەمین دیداری سلێمانی، بۆ تاوتوێکردنی پرسە گەرمەکانی سیاسەت و ئابوری و وزە و چەند پرسێکی دیکە بەڕێوەچوو و وابڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.

دیداری سلێمانی لەلایەن پەیمانگەى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوەدەبرێت.  

بە گوێرەی بەڕێوبەرانی دیدارەکە، “لەو دیدارەدا، کەسانی بیرمەند و و پسپۆڕ و شارەزا و بڕیاربەدەستانی ناوچەکە و جیھان کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە ھەر دیارە ناوچەییەکانی جیھان و خستنەڕووی بیروبۆچوونەکانی ئێستا و ئەو خاڵانەی جێی ناکۆکین.”

دروشمی ئەمساڵی دیدارەکە، بریتی بوو لە “پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیھانییە نوێیەکان”.

لە یەکەم رۆژی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکەکەی بکرێت. بەناوی خەڵکی هەڵەبجە و تەواوی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی تایبەتی برای بەڕێزم، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکەم کە زۆر دڵسۆزانە کاریکرد بۆ تەواوکردنی رێکارەکان.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کرد بودجەیەکی تایبەتی تەرخانبکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و برینداران و گوتی: “هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیران بۆ بایەخدان بە هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هەنگاوێکی دەستووری و پاڵپشتکراوە بە بڕیارەکانی دادگە بەرامبەر تاوانی رژێمی پێشووی عێراق. ئەوە کارێکی تەواو دەستووری و یاساییە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.”

نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپاتکردەوە و گوتی: “لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پشتیوانی لە حکومەت و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی عێراق دەکەین. لەوکاتەوە دەستی بە کار کردووە، لەسەر بنەمای رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەکو نەخشەڕێگەیەک هەوڵیداوە دۆخی ئارامی سیاسی لە عێراق دروستبکات، هەروەها بایەخی بە هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق داوە و هیوادارین ئەو رێککەوتن و یاسایانەش جێبەجی بکات.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق ئاماژەیدا: “ئەو رێککەوتنەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا کرا، بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. چاوەڕێین ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت و یاسای نەوت و گازیش بە هەمان گیانی هاوکاریی هەردوولا دەربچێت.”

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسی، فرەیی، مەدەنی و سەقامگیر تووشی شکستێکی گەورە بوو؛ هەربۆیە بەشداری خەڵک لە پرۆسەی دیموکراسیدا زۆر کەمبوویەوە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر مەترسیداری هەیە بۆ داهاتووی پرۆسەی دیموکراسی، بەتایبەتی کە عێراق لە رابردوودا ملیۆنان کەس و ملیاران دۆلاری بەهۆی دیکتاتۆرییەوە لەدەستدا و دەیان ساڵی تەمەنی نەوەکانی خستە نێو تووندوتیژی و جەنگەوە.”

هەروەها جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لە وتارێکدا لەدیداری سلێمانی رایگەیاند، “عێراق لەدۆخێکی هەستیاردایە و دەبێت کاری جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت، چارەسەری کێشەکانیش هەوڵی دیپلۆماسی و کاری ژیرانەی پێویستە.

جینین پلاسخارت لەوتاری دەستپێکی  دیداری سلێمانیدا رایگەیاند، عێراق لەدۆخێکی هەستیاردایە و دەبێت کاری جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت، لە 2019 عێراقیەکان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، ئەوان نیگەران بون کە کێشەکان چارەسەر نەکرابون، ئەوان داوایان دەکرد گەندەڵی بنبڕبکرێت، هەر ئەوەش وایکرد سەرۆک وەزیرانی ئەوکات دەستبەرداری دەسەڵات بێت و دواتریش گۆڕانکاری دیکە هاتە پێشەوە، بۆیە ئێستاش دەبێت کاری جدی بکرێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆیان.

گوتیشی،”پێکهێنانی حکومەتی عێراق گرنگ بوو بۆ عێراقیەکان، لەبەرئەوەی دۆخی عێراق روبەروی کێشەی زۆر بۆتەوە و بەگشتی خەڵکی عێراق خوازیاری ژیانێکی باشتر دەکەن، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی پیشوتر نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی خەڵک بکەن، لەکاتێکدا عێراق دەتوانێت روبەروی کێشەکان ببێتەوە، بۆئەوەش هەوڵی دیپلۆماسی و کاری ژیرانەی پێویستە، دەبێت بەرپرسانی باڵای عێراق دەبێت کاربکەن بۆئەوەی خاڵە لاوازەکان نەهێڵن و چارەسەری ریشەییان بۆ بدۆزنەوە.”

سەبارەت پرسی گەندەڵی، پلاسخارت ئاشکرایکرد، “گەندەڵی نەخۆشیەکی گەورەیە، هاوکات کێشەی بێکاری و کێشەی نەبونی متمانە و کێشەی خزمەتگوزاری هەیە و پێویستیان بەچارەسەری ریشەیی هەیە، جێگەی خۆشحاڵیە ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێت بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات، هەڵسەنگاندنی ئێمەش بۆ ئەم حکومەتە ئەرێنیە تاوەکو ئێستا”.

لەبارەی داهاتەکانی عێراقیشەوە، باسی لەوەکرد، دەبێت ئابوری عێراق فرە سەرچاوە بکرێن و رێز لە پێکهاتەکان بگیرێت و مافەکانیان بۆ دابینبکرێت، هەروەها دەبێت یاسا و هەنگاوەکانی حکومەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ هۆکار و پاساوێک بەسەر هەمواندا وەک یەک جێبەجێبکرێن، دەبێت خزمەتگوزارییەکان، ئازادی رادەربڕین، کارەبا، هەمو ئەو کێشانەی هاوڵاتیانی عێراق نیگەران کردوە نەهێڵدرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە”.

پلاسخارت دەشڵێت، “بوونی هێزی میلیشیا و هێزی چەکداری حزب و کەسایەتیەکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، مەترسیەکی گەورەن و دەبێت کۆتاییان پیبهێندرێت، جگە لەوەش کێشە سیاسیەکان لەنێوان لایەنەکاندا، بونەتە کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق، ساڵح رابردوش ئەوەمان بە رونی بینی هەروەک چۆن کێشەکانی نێوان لایەنەکان، وایکرد پێکهێنانی حکومەتی عێراق زۆر دوا بکەوێت”.