رەققە.. ژیان لە ناو ترسدا لە بومەلەرزە

رەققە– نۆرس پرێس

ئەو بوومەلەرزانەی سوریا و تورکیای گرتەوە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر “ئییاد” بەجێهێشت، بەتایبەتی بەهۆی بینینی زۆری ئەو وێرانکارییانەی کە لەدوای خۆیان بەجێیان هێشتووە، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی روودانی بوومەلەرزە و لەرینەوەی “وێرانکەرەی” دیکەیە، ترس و دڵەڕاوکێکانی زیاتر کردووە.

ئییاد محمد (57 ساڵ) دانیشتووی شاری رەققە لە باکووری سوریا دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ دروست کردووە.

بوومەلەرزە و دیمەنی وێرانکاری کاریگەری دەروونی لەسەر دانیشتوانی رەققە بەجێهێشتووە، بەڵام ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی روودانی بوومەلەرزەی دیکەیە، کە ئەمەش حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێی لەنێویاندا دروست دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پێشبینییەکان و دەستاودەستپێکردنی لە سۆشیال میدیادا.

هەرچەندە شاری رەققە بە توندی کاریگەری بومەلەرزەی لەسەر نەبووە، بەڵام دڵەڕاوکێ بووەتە هاوڕێیەکی هەمیشەیی “ئییاد” و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژی لە چارەنووسی خێزانەکەی، لە ئەگەری روودانی هەر کارەساتێکی نوێدا.

“محەممەد” دەڵێت: “دەنگۆکان دڵەڕاوکێ و ترسی ئێمەیان زیادکردووە، سەرەڕای باوەڕمان بەوەی کە هیچ شتێک روونادات ئەگەر خودا فەرمانی لەسەر نەبێت، بەڵام پێشبینییەکان زۆر و ترسناک بوون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ زیادبوونی دەنگۆ و پێشبینییەکان لە سۆشیال میدیا لەلایەن هەندێک “ئەستێرەناس”ەوە، ترسەکانی زیادیکردووە، وەک خۆی دەڵێت، هەروەها ئەو ماڵپەڕانەی کە پەیوەندییان بە چاودێریکردنی بوومەلەرزەکانەوە هەیە وایانکردووە “کەس نەبێت لە بوومەلەرزە نەترسێت”.

دەنگۆ و پێشبینییەکانی زانایانی چاودێری لە بومەلەرزە بەردەوامەکان، پۆستەکان لە سۆشیال میدیا، ترسیان لەناو دانیشتوانی شاری رەققەدا بڵاوکردوەتەوە، بەتایبەت پێشبینییەکانی پێشبینیکەری هۆڵەندی و هەندێک لە روپەڕەکانی فەیسبووک وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی “لایک و کۆمێنت” بەکاریان دەهێنن.

محەمەد عەلی (27 ساڵ) کە بەهەمانشێوە دانیشتووی شاری رەققەیە، پێی وایە دەنگۆکان ترس و دڵەڕاوکێ لای گەورەکان و منداڵانیش دروست دەکەن، بەڵام پێی وایە پێویستە “هۆشیارکردنەوەی هەمووان لە نادروستی ئەو پێشبینییانە زیاتر بکرێت”.

عەلی بە نۆرس پرێسی وت ” زۆری ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە بومەلەرزەکە دووبارە دەبێتەوە، یان تەنانەت دیاریکردنی توندی بومەلەرزەکەیش، هەڵەیە و دروست نییە لەنێو خەڵکدا بڵاویان بکرێتەوە و بیانترسێنن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “رەنگە کەسێک تووشی نەخۆشییەک یان زیانێک بێت بەهۆی ترسی لەم دەنگۆ درۆیانە، بەتایبەتی منداڵان، چونکە ئەوان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەرامبەر بەم بانگەشە نادروستانە”.

لە یەکەم بوومەلەرزەدا کە لە شەشی شوباتدا ناوچەکەی گرتەوە، شەش کەسی خەڵکی کۆبانێ دۆخیان تێکچوو، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی بوومەلەرزەکە لەگەڵ خۆی هێنای، نەک لە ئەنجامی داڕمانی خانوو و باڵەخانەکان.

ئەوەی دانیشتووانی شاری رەققە دەترسێنێت ئەوەیە “زۆرینەی باڵەخانەکان پێشتر درزیان تێکەوتووە، لەئەنجامی ئەو جەنگەی کە لەو شارە روویدا، ئەمەش دانیشتووانی شارەکە نیگەران دەکات هەر کە دەنگۆیەکیان بیست و دۆخێکی بێمتمانەیی لە ماڵەکاندا بڵاودەکاتەوە” ئەوەش بە گوتەی “عەلی”.

ژنان و منداڵان زۆرترین پشکی زیان و ترسیان بەردەکەوێت، بەو پێیەی مەترە ئەلمووسا (41 ساڵ) دانیشتووی شاری رەققە، کە ئەو نیگەرانە لە بوومەلەرزەیەک کە ماڵەکەی وێران دەکات یان ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت.

ئەو ژنە دایکی هەشت منداڵە و دەڵێت، “ئەو لەرزانەی لەم ماوەیەی دواییدا ناوچەکەی گرتەوە، ترس و دڵەڕاوکێی بۆ خۆی و خێزانەکەی دروستکردووە”.

ئەوەی “ئەلموسا” دەترسێنێت و وای لێدەکات دوای پڕوپاگەندەکان بکەوێت و لێی بترسێت وەک خۆی دەڵێت: “بینیمان چۆن تەرمی منداڵ و ژنان لە ژێر داروپەردووی ماڵەکانیان لە تورکیا و حەڵەب دەرهێنرایەوە، بۆیە ترسمان لەوە دهەیە کە روبەڕووی هەمان چارەنووس بینەوە”.

ئێستا ژنان بەدواداچوون بۆ هەواڵی بوومەلەرزەکە دەکەن، کە پڕ بووە لە دەنگۆ و چاوەڕوانی لەرزینەکانی دیکە.

بەهۆی ئەو ترسەی لە ژیانی منداڵەکانی، ناچار دەبێت لەگەڵ خێزانەکەی ماڵەکەی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی رۆژەکەی لە دەرەوە بەسەر ببات و لە شوێنێکدا بخەوێت کە بە سەلامەتتری دەزانێت.

ئامادەکردنی: فاتیمە خالید – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان