پێشهاتەکانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

لەم رۆژانەی دوایدا گفتوگۆکان لەسەر رێکخستنەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەبەشە بودجەی عێراقدا، مژاری سەرەکی بوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بەردەومدا بوون بۆ بەغدا و بەمەبەستی گەشتن بە رێگەچارە و رێککەوتنێک لە جڤین بەردەوامن.

بەپێی کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، لیژنەیەکى یاسایی و دارایی و نەوتی لە هەردوو حکومەتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت کە چەند ئەرکێکیان دەبێت، لەوانە پێداچوونەوە بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیی نێوان وەزارەتى نەوتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاکتاوکردنى قۆناخى پێشوو بەگوێرەى دەستوور.

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‏بەغدا بۆ میدیاکانی ناوخۆ ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکاتەوە و بەدرێژایی هەفتەکە دەمێننەوە، دەشڵێت: رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر یاسای نەوت و غاز کراوە.

 فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‏بەغدا رایگەیاند؛ رۆژی دوشه‌ممه‌ 27ـی شوبات، شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و به‌رده‌وامی به‌ گفتوگۆكانیان ده‌ده‌ن.

فارس عیسا بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند؛ شاندی حکومەت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆدەبێته‌وه‌ و رێککەوتنی سەرەتاییش لەسەر یاسای نەوت و گاز کراوه.

رونیشیکردەوە کە کۆبونەوەکانی پێشو زۆر ئەرێنی بون و گەیشتون به رێگەچارەیەک.

هەروەها جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندەکەی هه‌رێم بۆ به‌غدا، لەباره‌ی دوایین سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی کوردستان بۆ بەغدا له‌ لێدوانێکدا بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندبوو،” حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی 2023 و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدا ده‌كات.”

 گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسییەی یاسای نەوت و غاز ئاماژەی بەوەکردبوو، لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبونەوەی زیاتر هەیە و لیژنە هاوبەشەکە لە چەند رۆژی داهاتودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەردولا لەسەری ڕێككەوتون، دەستبەکار دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، فەیسەڵ نائلی ئەندامی لیژنەی دارایی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای مانگی داھاتوو، حکومەت پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، ھەوڵیش دەدات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم، بەر لەوەی پڕۆژە یاساکە رەوانە بکات.

ئەحمەد فەواز، ئەندامی لیژنەی یاساییش دەڵێت، ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەیە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.

جەختیشیکردەوە، لە گرنگی پەسەندکردنی لەپێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتیان، جێبەجێکردنی پڕۆژە راگیراوەکان.

وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران، دەسەڵاتی زیادکردن و ھەموارکردنی بڕگەکانی پڕۆژەیاساکەی ھەیە، کوتلە سیاسییەکانیش لێکتێگەیشتنی زۆریان کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم.