بەهۆی دابیننەکردنی سوتەمەنیەوە مۆلیدە کارەباییەکان لە حەسەکە و قامیشلۆ کارەکانیان دەوەستێنن

قامیشلۆ/ حەسەکە – نۆرس پرێس

عەبدوڵڵا یونس تەمەن 32 ساڵ، ماوەی چەند رۆژێكە چاودێری شوێنی ئەو مۆلیدە لەکار راگیراوە دەکات، بەو هیوایەی خاوەنەكەی دەست بە كارپێكردنەوەی بكات، نەتوانینی ئەو لە دەستەبەركردنی سەرچاوەیەكی جێگرەوە  كارەبا بۆ ماڵەكەی لە گەڕەكی قودوربەگ، قامیشلی، بووە هۆی نەخۆشکەوتنی منداڵەكانی پاش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروو چل پلەی سەدی.

هەر جارێک خاوەن مۆلیدە پێی دەڵێت کە هیچ گازێک نییە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکە، کورتەیەک لە ئازارەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت “زیاتر لە سێ مۆلیدە لە گەڕەکەکەدا کارکردنیان وەستاوە، مایەی خەمباریە”

لە قامیشلۆ وەک زۆربەی شارەکانی تری رۆژئاوای کوردستان، کێشەی وەستانی مۆلیدە ئەمپێرەکان لە هەندێک گەڕەکدا و سەرەگرتنێکی دوور و درێژ، زیاتر لە یەک کیلۆمەتر لەبەردەم وێستگەکانی دابەشکردنی سوتەمەنیدا، دیمەنی سەرەکی ناوچەکەیە لە ئێستادا.

هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی کێشەی کەمی سووتەمەنی کە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکان دروستکردووە، سەرەڕای ئەوەی ناوچەی جەزیرە زۆرترین چڕبوونەوەی بیرە نەوتەکانی لەخۆدەگرێت.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، دانیشتووان و خاوەن وێستگە و پیشەکان پرسیاری جددی سەبارەت بە بڕی ئەو سووتەمەنیەی لە بیرەکان دەردەهێنرێت دەوروژێنن ، چۆن بەکاردەهێنرێت، و ئایا دەفرۆشرێت بەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی بەڕێوبەری خۆسەریدان لەکاتێکدا خۆیان بەدەست کورتهێنانیەوە دەناڵێنن.

 دانیشتوانی رۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کارەبا دەبەستن، ئەویش بە پشتبەستن بە هەریەکە لە مۆلیدەکانی ئەمپێر و کارەبای حکومی، کە بەهۆی نزمی ئاستی رووباری فورات بەرهەمەکەی زۆر دابەزیووە.

حەسەن محەممەد ئەنوەر تەمەن 55 ساڵ، كە خاوەنی زیاتر لە دە مۆلیدەیە لە قامیشلۆ و گوندەوارەکانی، رایدەگەیەنێت، کە سووتەمەنی گازوایل وەك پێویست بۆ كارپێكردنی مۆلیدەكان وەرناگرن، ئەمەش ناچاریان دەكات بۆ ماوەی چەند رۆژێك كارەكانیان رابگرن.

بەڵام ئەم دۆخە ئەنوەر و خاوەن مۆلیدەکانی تر روبەڕووی دەمەقاڵە و ناکۆکی دەکاتەوە لەگەڵ دانیشتووان.

خاوەنی مۆلیدەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەمیشە پاساو لە وێستگەکان وەردەگرن کە بڕی پێویست گازیان نییە بۆ دابەشکردن، بەو پێیەی پسوڵەی دابینکردن زیاترە لەو بڕەی کە هەیانە.

بەر لە جەژنی قوربان و بەهۆی دواکەوتنی بەنزینخانەکە لە دابینکردنی گازوایل بۆی، یەکێک لە مۆلیدەکانی ئەنوەر لە گەڕەکی قدۆربەگ تێکچوو.

ئەو دەپرسێت: “کێ ئەم هەموو تێچوونە لە ئەستۆ دەگرێت؟”

دوێنێ سێشەممە، پلەکانی گەرما لە حەسەکە گەیشتە 45 پلەی سەدی، لە قامیشلۆش 44 پلەی سەدی تۆمارکرد، بەپێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی سوریا.

لە حەسەکە دیمەنەکە جیاواز لە قامیشلۆ دەرناکەوێت، بەڵکو لە هەندێک گەڕەک خراپترە، بەو پێیەی لە چەند گەڕەکێک ئەو مۆلیدەیانەی کارەبایان پێدەدەن بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک کارکردنیان وەستاوە.

عەلا محەمەد، تەمەن 50 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی ناسرەیە لە حەسەكە، گلەیی لەوە دەكات كە نزیكەی مانگێك لەمەوبەر مۆلیدەی ئەو گەڕەكە كارەكانی وەستاوە، بەهۆی كەمی سووتەمەنی تەرخان کراوە بۆی و زیادبوونی تێکچوونەکان خاوەنەكەی هەستاوە كارەبای 170 ماڵی بڕیوە.

ئەو پیاوە کە تەمەنی لە پەنجاکاندایە، دەڵێت، بۆ کڕینی سەهۆڵ بۆ ساردکردنەوەی ئاوەکە، رۆژانە پێویستی بە سێ هەزار و ٥٠٠ لیرەی سوریە.

“محەممەد” بە بێهیوایەوە دەپرسێت، چۆن کاروبارەکانیان بەڕێوەبەرن، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە حەسەکە لەم ڕۆژانەدا دەگاتە زیاتر لە 45 پلەی سەدی.

سەبارەت بە هۆكارەكانی لابردنی مۆلیدەكە لە گەڕەكی ناسرە، ئیسماعیل عەلی (55 ساڵ) رایدەگەیەنێت، هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ كەمی ئەو بڕە گازوایلەی كە بۆی تەرخانكراوە و پەککەوتنی مۆلیدەکەش.

ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو بڕە گازوایلەی بۆ مۆلیدەكەی تەرخانكراوە مانگانە 9 هەزار لیترە، بەڵام تەنیا 3 هەزار لیتر وەردەگرێت، “بەهۆی بەرزی نرخەكەی، ناتوانین گازوایلی ئازاد بكڕین، لە کاتێکدا نرخی یەك بەرمیل دەگاتە 150 هەزار لیرەی سوری”