ناوەندێکی گەشەپێدانی منداڵانی نەبەکام لە قامیشلۆ.. تاکە هیوای خانەوادەکانە بۆ چارەسەری منداڵەکانیان
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوو مانگ لەمەوبەر “خەولە” بە زەحمەت دەیتوانی مامەڵە لەگەڵ کوڕە پێنج ساڵانەکەیدا بکات کە ناوی “ماهیر”ە، چونکە پێشتر بە توندوتیژیەوە مامەڵەی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی دەکرد، ئەمە جگە لەوەی توانای قسەکردنی باش نەبوو.
خەولە واحید (22 ساڵ)، ژنێکی ئاوارەی خەڵکی شاری حەلەبە، لە شارۆچکەی ترپەسپی لە گوندەواری قامیشلۆ دەژی و دایکی سێ منداڵە، دەڵێت: “بەهۆی ماهری کوڕمەوە ناتوانم بچمە هیچ شوێنێک”.
خەولە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، کە منداڵەکەی رەفتارێکی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵانی دیکە هەیە، بەردەوام دەستدرێژی دەکاتە سەریان، هەرچەندە هەوڵیداوە هەموو ئامرازێک بۆ چاککردنی بەکاربهێنێت، بەڵام بێ سوود بووە.
نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دایکی ماهیر کۆرەکەی هێنایە ناوەندی گەشەپێدانی منداڵانی نەبەکامی “ئەهلا سمسم”.
تێبینی کرد کە “جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان رەفتارەکانی پێش هاتنی بۆ ناوەندەکە و ئێستادا، وەک چۆن لەگەڵ هاوتەمەنەکانی تێکەڵ دەبێت و یارییان لەگەڵ دەکات، بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر لە رابردوودا هەیبوو.”
دۆخەکە بۆ (عەهد کازم 30 ساڵ) کە دانیشتووی شاری قامیشلۆیە، هاوشێوەی دۆخی خەولەیە، چونکە کچەکەی بەناوی “بێلی”، بەدەست “دواکەوتنی قسەکردن”ەوە دەناڵێنێت.
دوای دوو ساڵ، “عەهد”ی دایکی دوو منداڵ، سەرنجی دا کە کچە چوار ساڵانەکەی، بێلی، ناتوانێت قسە بکات، کاتێکیش چووە لای پزیشک، پێی وتووە کە منداڵەکەی پێویستی بە تێکەڵبوونە لەگەڵ منداڵانی دیکە تا بتوانێت بدوێت.
“عەهد” دەڵێت، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، کچەکەی هێناوەتە ناوەندی گەشەپێدانی منداڵی سەرەتایی، “سەرەتاکەی سەخت بووە”.
دایکەکە روونی دەکاتەوە، “کچەکەم تێکەڵ نەبووە لەگەڵ منداڵەکان، جاران لە سەرەتای چوونی بۆ ناوەندەکە ئەستەم بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە بۆ باشتر گۆڕاوە و بەتەواوی بەرەو باشتر دەڕوات”.
دەشڵێت: “پێشتر پەنجەی بۆ شتەکان رادەکێشا، ئەمڕۆش هەموو شتێک بە ناوی خۆیەوە دەڵێت و لە دوایین سەردانی پزیشکیشدا پێی وتم کە رێژەی باشبوونی گەیشتووەتە %75 “
“سەعدە ئەلعیدان”، سەرپەرشتیاری ناوەندی گەشەپێدانی منداڵی سەرەتایی لە شارۆچکەی ترپەسپی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ناوەندی “ئەهلا سمسم” ساڵی رابردوو لەلایەن دەسەڵاتی ژنانەوە لە هەرێمی جەزیرە کرایەوە و سێ لقی هەیە، لقێک لە ترپەسپی و دوو لقی دیکەی لە قامیشلۆن.
ناوەندەکە پێشوازی لەو منداڵانە دەکات کە تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ هەشت ساڵدایە، هەروەها ئەو منداڵانە وەردەگرێت کە بەدەست کەمئەندامی بینین یان دەروونییەوە دەناڵێنن، یان دواکەوتنی قسەکردن.
ئەلعیدان بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە هەر ناواندێکدا 40 منداڵ هەیە، هەروەها چالاکیی جۆراوجۆر بۆ ئەو منداڵانە دابینکراوە، هەر منداڵێک بەپێی کەمئەندامی و بارودۆخی خۆی”.
سەرپەرشتیارەکە پێی وایە “دۆخی جەنگ و ئاوارەیی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر باری دەروونی منداڵان هەیە”، بە ئاماژەدان بەو حاڵەتەی هیلاکی و دڵەڕاوکێ کە لای هەندێک لە منداڵان دەردەکەوێت کاتێک دەچنە ناوەندەکە.