ئاوارەکانی ناوەندی “ئەیوا” لە حەسەکە و کەمی یارمەتیە مرۆییەکان

حەسەکە – نۆرس پرێس

موحیا سوعاد ئەلیوسف تەمەن 47 ساڵ، نیشانەکانی ماندوێتی و دڵەڕاوکیی پێوەدیارە، کاتێک باس لە سەختی بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانیان دەکات لە قوتابخانەیەک لە گەڕەکی گوێرانی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.

 بەهۆی خراپی بارودۆخی داراییەوە، ئەو ژنە ئاوارەیە کە خەڵکی گوندی عنیکەل ئەلهەوایە، لە گوندەواری سەرێ کانی، ناچار بووە هەندێک لەوح و دار و پەردەی نایلۆنی بەکاربهێنێت تا ژوورێک بۆ خێزانێک لە رێڕەوی قوتابخانەکەدا دروست بکات.

ئەلیوسف کە بە هۆی داگیرکاری سەربازیی تورکیاوە بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپیدا ساڵی 2019 لە زێدی خۆی ئاوارەبووە ، دەڵێت “ئێمە لە مزگەوتێکی نزیک ئێرە ئاو دەهێنین، لە قوتابخانەکەدا ئاو و نان نییە، زۆر ڕێکخراو  هاتن وبەڵێنی هاوکاریان پێداین، بەڵام هیچمان نەبینی”

ئاوارەکانی ناوەندی ” ئەیوا” لە حەسەکە گلەیی لە کەمی هاوکاری دەکەن لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەی کە لەو ناوچەیە کاردەکەن، ئەمەش دۆخی ژیانیان خراپتر کردووە، بە تایبەت کە زۆربەیان ناتوانن کەرەستە لە بازاڕەکان بکڕن .

ژنێکی تەمەن چل ساڵان کە  لەگەڵ حەوت ئەندامی خێزانەکەیدا دەژی، ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشیان دەکرێت بە “زۆر کەم” وەسف دەکات، بەو پێیەی مانگانە جارێک یان دوو مانگ جارێک خۆراک و پاککەرەوە وەردەگرن، ئە بڕەش بەشی ئەوان ناکات و بەوپەڕی دەسپێوەگرتنەوە ئەگەر بەشی دوو هەفتەیان بکات.

ئەلیوسف ئەو پشتگیرییە دەژمێرێت کە وەریدەگرن: “هەشت کیلۆ برنج و چوار کیلۆ نیسک و چوار دەبە ڕۆن و دوو دەبە شامپۆ و نۆ پارچە سابوون و دوو کیسە دەرمانی جلشۆر و دەبەیەک شلەی قاپشۆڕمان پێدەدەن .”

لە ساڵی 2019 دا، لەشکرکێشی تورکیا بە بەشداری لایەنە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بەوان، بۆ سەر ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس، بەپێی داتاکانی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان.

بەشێك لە ئاوارەكانی سەرێ كانی لە كامپی “واشۆ كانی” و كامپی ” سەرێ کانی” لە حەسەكە نیشتەجێ بوون، جگە لەوەش بەشێكیشیان لە بەسەر قوتابخانەكانی حەسەكە و گوندەوارەکانیدا دابەش بوون، ئەمە جگە لە قوتابخانەکان لە شارەکانی دیکەش و ئەوانەی توانای دابینکردنی تێچووی ژیانیان هەبوو لە شار و شارۆچکەکاندا نیشتەجێ بوون.

سالم ئەلمحەمەد (49 ساڵ)، ئاوارەیەکی خەڵکی گوندی عەلوکە لە گوندەواری سەرێکانی، هەمان ئازاری ئاوارەکانی ئەو قوتابخانەیەی کە پێشتر باسمان کرد، دەچێژێت  و بارودۆخەکەیان بە “کارەساتبار” وەسف دەکات.

 “ئەلمحەمەد”، لەکاتی قسەکردن لەگەڵ نۆرس پرێس، بانگەوازەکەی بۆ ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن زیاتر لە جارێک دووبارەی کردەوە، بۆ ئەوەی پشتگیریان بکەن و ئەو کارەساتە کەم بکەنەوە کە تووشی دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بانگەوازی بەرپرسانی بەرێوبەرێتی ئاوارە و پەنابەران، پشتگوێدەخات، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێبەش نەکرێت، وەک چۆن ئەنجومەنەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میکانیزمی یارمەتیدانی لە ڕێگەی باب ئەلهەوای دەروازەی سنووری لەگەڵ تورکیادا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە، لە کاتێکدا دەروازەی تەل کۆچەر بە داخراویی ماوەتەوە.

هەروەها ئیمان ئەلعەبدوڵا، ئاوارەیەکی گەڕەکی ئەلعابیرەی شاری سەرێکانییە، گلەیی لە کەمی خۆراکی دابینکراو دەکات.

ئەلعەبدوڵڵا کە خێزانەکەی لە چوار ئەندام پێکدێت، دەڵێت: “کاتێک خواردن بەردەست بوو دەیخۆین، کاتێکیش بەردەست نەبوو خودا لەگەڵ پشوودرێژاندایە ” ئاماژە بە مانەوەیان دەکات هەندێک جار بەبێ ژەمی پێویست.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر –  داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد