ئه‌مریكا به‌توندی ئاگاداری روسیا ده‌كاته‌وه له ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی
ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه، ئه‌مریكا هوشداری توندی ئاراسته‌ی روسیا كرد له ده‌رئه‌نجامی كاره‌ساتی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له ئۆكرانیا‌و هه‌ڕه‌شه‌ی توندی ئاراسته‌ی مۆسكۆ كرد.
جیك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له چاوپێكه‌وتنێكدا له گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌ی بی سی رایگه‌یاند، به نهێنی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له ئاستێكی باڵادا روسیامان ئاگادار كردۆته‌وه له‌وه‌ی كه ئاكاره‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له ئۆكرانیا كاره‌سات ده‌بێت بۆ ئه‌وان.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، زۆر به راشكاوانه قسه‌مان له گه‌ڵ كردوون و جه‌ختمان كردۆته‌وه كه ئهمریكاو هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌كانی كاردانه‌وه‌ی توندیان ده‌بێت.
سۆلیڤان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌رپرسانی روسیا له‌وه ده‌گه‌ن كه رووبه‌رووی چی ده‌بنه‌وه‌و، ئه‌مریكا هه‌ره‌شه ئه‌تۆمییه‌كانی روسیا به جیدی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته هۆكارێك بۆ راگرتنی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئۆكرانیا.
راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له درێژه‌كانی قسه‌كانیدا وتی، پێشتر سه‌رۆكی روسیا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی كردبوو كاتێك كه تانكه‌كانی روسیا سنووری ئۆكرانیایان به‌زاند له مانگی شوبات رابردوودا، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڕه‌شانه به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگر نه‌بوون له پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی سه‌ربازی به بڕی 15 ملیار دۆلار به كیڤ، هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مجاره‌ش كاریگه‌ری نابێت له‌و هاوكاریانه‌ی پێشكه‌شی ئۆكرانیای ده‌كه‌ین.