داعش بەرپرسیارێتی لە دوو کردەوەی دژ بە هەسەدە راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی شەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە گوندەواری دێرەزوور و حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، راگەیاند.

ئاژانسی “ئەعماق”ی نزیک لەو رێکخراوە؛ لە راگەێنراوێکدا وتیان، چەكدارانی ئەو رێكخراوە بە چەك کاروانێکی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكراتیان كردوەتە ئامانج، لە نزیك شارۆچكەی “کبەر”  لە رۆژئاوای دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی لەدەستدانی ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات و برینداربوونی سێی دیکە، هەروەها چەکدارەکانی رێکخراوەکە توانیویانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بە وتەی ئاژانسەکە.

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا کە لەلایەن هەمان سەرچاوەی نزیک لە داعشەوە بڵاوکراوەتەوە، رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاندووە لە ئۆپەراسیۆنێک دژ بە “هەسەدە” لە گوندەواری حەسەکە، و رایگەیاندووە کە چەکدارەکانیان کاروانێکی سەربازیی “هەسەدە” یان کردووەتە ئامانج، لە نزیک شارۆچکەی ئەلغەزیلە، لە گوندەواری حەسەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بووە هۆی تێکشکاندنی دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی و ژمارەیەک لە ئەندامانی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و کەسانی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی ناسێنەرەکانی داعش، هەردوو کردەوەکە رۆژی سێشەمەی پێشوو ئەنجامدراون، دوێنێ شەو بەرپرسیارێتی خۆیان راگەیاندووە.

تا ئێستا هەسەدە هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم جۆرە کردەوانە نەداوە.