یاساناسێک: تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی فورات رێککەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشێل دەکات

مونبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، یاساناسێک لە ئەنجومەنی کارگێڕی لە منبج، تورکیا پابەندە بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە رووباری فورات و قەتیسکردنی ئاوی رووبارەکەی بە “پێشێلکردن”ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان باس کرد، بە هۆی ئەوەی ئەوان بەرپرسن لە رێکخستنی رووبارە راگوزەرەکان و سنوورە ئاوییەکان.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2020ەوە تورکیا بەردەوامە لە گرتنەوەی ئاوی رووباری فورات لە خاکی سووریا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هۆشداری دراوە لە روودانی کارەساتی مرۆیی، لە رۆژئاوای کوردستان.

محەممەد شێخۆ، راوێژکاری یاسایی لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری مەدەنی لە مەنبیج رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە کە لە ساڵی 1987 واژۆ کراوە، کە بووە هۆی قەیران و کارەساتی مرۆیی لە ئاستی ژینگە و مرۆیی و کشتوکاڵیدا، هەروەها بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان و پەتاکانی وەک کۆلێرا، لە ئەنجامی نزمبوونەوەی ئاستی رووبارەکە.

شێخۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رووبارە سنووربەزێنەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەوەش بە یاسایەکی نێودەوڵەتی رێکخراوە و ئەو وڵاتانەی سەرچاوە ئاوییەکانیان تێدا هەڵدەقوڵێت، پابەند دەکات بە بڕێکی دیاریکراو لە ئاو کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی خوار خۆیان.

وتیشی، “پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان توركیا پابەند بكەن بەو كارە، چونكە رێككەوتنی نێودەوڵەتی پێشێلكردووە، نەك تەنها رێككەوتنێك، بەڵکوو لەگەڵ هەردوو لایەنی سووریا و عێراق”.

مادەی حەوتەمی رێککەوتننامەی یاسای بەکارهێنانی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 1997دا واژۆ کراوە، باس لە خۆبەدوورگرتن دەکات لە زیانگەیاندن بە وڵاتانی دیکە لە کاتی بەکارهێنانی رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتیدا.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی 1987 دا لە نێوان تورکیا و سووریا واژۆ کراوە، پشکی سووریا لە رووباری فورات لە چرکەیەکدا 500 مەتر سێجا ئاوە، ئەمەش لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبێت.

بە وتەی بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەری، ئێستا لە چرکەیەکدا تەنها 200 مەتر سێجا ئاو دەگاتە خاکی سوریا، کە کەمترە لە نیوەی ئەو بڕە.

لەسەرەتای مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، کاربەدەستێکی بەنداوی تشرین رایگەیاند، دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەی بەنداوی تشرین دابەزیووە بۆ ئاستێکی زۆر نزم کە لە نەمان نزیک بووەتەوە.

محەمەد شێخۆ داوای لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە یاساییەکان و دادگا نێودەوڵەتییەکان کرد فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی ئاوەکان بکاتەوە و رێککەوتنەکە بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی هەڵوێستە نێودەوڵەتییە “شەرمنەکان” پێگەی تورکیا بەهێز دەکات و پاڵی پێوەدەنێت بۆ “پێشێلکاری زیاتر وگلدانەوەی زیاتری ئاو”.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحسێن – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی