چۆمسکی: کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان شایانی ژیانێکی سەربەرزانەن 

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، نۆم چۆمسکی، بیرمەند و فەیلەسووف و نووسەری گەورەی ئەمریکی و جیهانی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە خۆی بڵاوی کردەوە، شەهید کردنی ژینا ئەمینی بە تاوانێکی مرۆیی ناو دەبات و پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕێت.

لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا نۆم چۆمسکی دەڵێ: خەڵکی ئێران و بە تایبەت ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند دەیەی رابردوودا لە ژێر گوشارێکی گەورەی ئەمنی و تووندوتیژیی سیستماتیکی حکومەتی ئێراندا بوون و ئیدی شایانی ئەوەن ژیانێکی سەربەرزانەیان هەبێت.

هەروەها چۆمسکی سەرکۆنەی کوشتن و دەستبەسەرکردنی ناڕازییان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکات و دەڵێت: لە چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی ئێران بە زیادکردنی گوشارەکانی لەسەر چالاکوان و نووسەران و رۆشنبیران، ویستوویەتی دەنگی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، بەڵام کوژرانی ژینا ئەمینی جارێکی دیکە بووەوە هۆی دەنگ هەڵبڕینی خەڵکی ناڕازی و بە ناڕەزایەتیەکانیان دەیانەوێت نیشانی بدەن شیاوی ژیانێکی سەربەرزانە و پڕ لە ئازادی و یەکسانین.

شایەنی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەمە یەکەمجار نییە نوام چۆمسکی بیرمەند و نووسەری ناسراوی ئەمریکی پەیام بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بکاتەوە.