یادی پێنج ساڵەی گشتپرسیەکەی باشووری کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.9.2022، لە یادی پێنجەمین ساڵیادی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستاندا، بڕیارە چەندین چالاکی جۆراوجۆر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن.

لە 25ی ئەیلوولی 2017 دا لە باشووری کوردستان گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدرا، سەرەتای دروستبوونی دەنگۆی ئەنجامدانی گشتپرسی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 کاتێک ناکۆکی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دروست بوو و لەلایەکی دیکەیشەوە شەڕی داعش لە عێراق دەستی پێکرد.

دیاریکردنی رۆژی رێفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ 7ی حوزەیرانی 2017 لە کۆبوونەوەیەکدا، مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان لەوانە پارتی، یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست، شیوعی کوردستانی، زەحمەتکێشان و بەرەی تورکمانی و کەمایەتییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریان لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەکە دا و رۆژی کردنیشی دیاری کرا.

ھەڵبژاردن بە کوردی، عەرەبی، تورکی و سریانی ھەبوون و پرسیاری گشتپرسیەکەش بەمشێوە بوو، “ئایا دەتەوێ کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟”

دوای دوو رۆژ لەئەنجامدانی  کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامە بەرایییەکانی بڵاوکردەوە کە بەمشێوە بوو: %92.7 بەڵێ، %7.3 نەخێر

لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشتپرسیدا لە باشووری کوردستان ،لە رۆژھەڵاتی کوردستان بۆخۆشی دەربڕین و پشتگیریکردن لە زۆربەی شارەکانی وەکوو بانە و مەھاباد و سنە خەڵکی ھاتنە سەر شەقامەکان و بەم ھۆیەوە ژمارەیەکییان لێ دەستگیرکرا

چوار رۆژ دوای گشتپرسییەکە  حکوومەتی ناوەندی عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی لە فرۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان قەدەغەکرد و داوای لە ئێران و تورکیا کرد سنوورەکانییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دابخەن، بە بیانووی ئەوەی فرۆکەخانەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

لە 15 و 16ی تشرینی یەکەمی 2017 ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سووپای عێراق سەرجەم ناوچە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستانییان داگیر کرد.

هەڵوێستی سەرجەم وڵاتانی هەرێمی و ئەوروپا و ئەمریکا نەرێنی بوون لەسەر‌ ئەم گشتپرسییە جگە لە ئیسرائیل و کەمێکیش عەرەبستانی سعودیە هیچ وڵاتێک پشتگیری خۆی پیشان نەدا، ئەمریکا هەوڵێکی زۆری دا تا گشتپرسییەکە دواخات، بەڵام بۆ یەکەمجار هەرێم گوێی لە ئەمریکاش نەگرت.

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان یادی پێنج ساڵەی ئەو گشتپرسیە دەکرێتەوە کە لە مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەی کورددا یەکەمجارە گشتپرسییەکی لەو جۆرە بۆ سەربەخۆ بوون ئەنجام بدرێت.